ناونیشان: نادیە موراد کوردە؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #05-08-2019#
ئەو ڕۆژەی میری ئێزدییان وەغەریکرد، لە شوێنێکی نزیک شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا لەنێو ئاپۆرای گەورەی ئێزدی و ئێزدیدۆستاندا ئەو پرسیارەم لێکرا. میر مردبوو، بەڵام کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیرانی ئێزدی زۆرتر ئەو پرسیارە سەرقاڵی کردبوون لەوەی کە کێ جێگرەوەی میر دەبێت. ئەو لاواندنەوانەی لەنێو ژنانەوە دەبیستران و دڵهەژێن بوون، بە کوردییەکی پاراو بوون. مەراسیمی ئایینی بۆ ماڵاوایی و وتاری هەموو ئەوانەش کە لەوێ قسەیان دەکرد، هەر بە کوردی بوون. بۆیە ئێزدییەکانی ئەوێ بەتوانجەوە بەمنیان دەگوت: بۆچی بە موسڵمانێک ناڵێن کوردی موسڵمان، بەڵام بۆ ئێزدییەک پێویستە بگوترێ کوردی ئێزدی؟ هەر بەڕاستی ئێزدی کوردن؟
لەمڕۆژانەدا هاوسەفەرێکی نێو فڕۆکەم گەنجێکی ئێزدی بوو. کەسێکی سەرکەوتوو بوو کە لەگەڵ ڕێکخراوێکی فەرەنسی چەندین پڕۆژەی خێرخوازیی هێنابووە کەمپەکانی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان. ئەو باسی جیاوازیی گەورەی نێوان کەمپەکانی کوردستان و کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئێراقی بۆ دەکردم و دەیوت بەراورد ناکرێن. خوێندەوار بوو لە بەلجیکا سینەمای خوێندبوو. کە قسەی دەکرد، زانایانە و سەنگین و بەویژدانەوە دەدوا. ڕەخنەی زۆر بوون لە هەولێر، بەڵام ئەویش دەیگوت: ئێزدی بە خۆجیاکردنەوە لە کورد یان کوردستان قازانج ناکەن. مرۆڤ لە ئاسمانەوە گەورەتر بیر لە ڕووداوەکانی سەرزەوی دەکاتەوە، ڕەنگە هەر ئەوەش وایکردبێ کە ئەو دوو کوردەی نێو فڕۆکەکە هێندە پێکەوە هاوڕابووین!
من ئەوەم بۆ گێڕایەوە کە چۆن کاتی شکاندنی گەمارۆی سەر چیای #شنگال# چووینە ئەوێ و جۆشی گەیاندنی دەنگی هاوزمان و هاوخوێنەکانمان ئێمەی گەیاندە ئەوێ. بەڵام لە مەزارگەی شەرفەدین کۆمەڵێک کەس زۆر دڵگران بوون، کاتێک بینییان لە بەردەم کامێرا ناوی ئێزدییەکان بە کوردی ئێزدی دەهێنم. ئەو دڵگرانییەی ئەوان هەمان ئەو شتە نەبوو کە لە هانۆڤەر بینیم و لەداخی ئەوە بوو کە دەیانوت کوردبوونی ئێزدییان گومان هەڵناگرێت. ئەمانە ڕایان وابوو ئێزدی کورد نین و یەکێکیشیان پێیدەوتم: ئێوە کە بوونەتە کورد، لە ئێزدییایەتی هەڵگەڕاونەتەوە. دواتر تێگەیشتم ئەمە پاشنەمایەکی ئایینیشی هەیە. چونکە ئەو کەسە دەبێتە ئێزدی کە لە دایکوباوکێکی ئێزدی لەدایک بووبێت و ئەگەر کوردبن، کەواتە دەبێ ئەوانەی بوونەتە موسڵمان، سەرەتا ئێزدی بووبن و دواتر ئایینەکەیان گۆڕیبێ. بۆیە کاتێک نادیە موراد لە پەڕتووکەکەیدا خۆی لە کورد جیادەکاتەوە و لای ترەمپیش شکایەت لە بەغدا و هەولێر بەیەکسانی دەکات، هەروەها کاتێک لە ئەرمەنستان حیزبی ئێزدی درووستدەبن کە قبووڵیان نییە کورد بن، ئەمە تەنیا دنەدانی ناحەزان نییە، بەڵکوو بەشە بچووکەکەی جڤاکی ئێزدییان بڕوای بە و جیاوازییە هەیە.
ئەو ڕاستییەی من، پاش خوێندنەوەی زۆر و لێکۆڵینەوە و ناسینی ئێزدییان پێیگەیشتووم، ئەوەیە کە قەت کوردبوونیان گومان هەڵناگرێت. گرنگیش نییە کێ لە کێ هەڵگەڕاوەتەوە. هیچیش گرنگ نییە نادیە و حەشددۆستەکان و ئەرمەنچییەکانی نێو ئێزدییانیش چۆن بیردەکەنەوە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە دەبێ خەڵکی دیکەی کوردستان ئێزدییەکان وەک بەشێک لە خۆیان و وەک کوردی خاوەن تایبەتمەندی قبووڵ بکەن. واتە ئەو کوردانەی ئایینی تایبەتی خۆیان هەیە و زمانیان و کولتوور و ناسنامەیان هەرچەندە کوردییە، بەڵام وەکوو هی زۆرینەی خەڵکی کوردستان نییە. بۆیەش هەم لە ئیدارە و هەم پەروەردە و ئازادیی ئایین و بیرکردنەوەشدا هەمیشە دەبێ حیسابێکی کوردانەی جیاوازیان بۆ بکرێت. چونکە ئەوانە لەجیاتی ئەوەی خاڵی لاوازی بن، یەکێکن لە بەهێزترین کۆڵەکەکان کە دەتوانن لەئاییندەدا کوردستان بەهێزبکەن. [1]