ناونیشان: شیش و کەبابەکانی ئێراق
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #09-09-2019#
لەوەتەی دەوڵەتی ئێراق درووستکراوە، هیچ سەرۆکوەزیرانێکی هێندەی عادل عەبدولمەهدی بە باشی باسی نەکرابوو، کەچی لەسەر ئەویش هانی هانی درووستبووە. بەتایبەتیش کە دەگوترێت لە سەردەمی ئەودا هیچ کێشەیەکی ئێراق چارەسەرنەکراوە و هەموویانی هەڵپەساردووە، خەریکە ئەو دەنگانە بەرز دەبنەوە کە دەڵێن کاتی گۆڕینی هاتووە. بەڵام دوو پرسیار پێویستیان بە وەڵامە: یەکەم، کاتەکە گونجاوە بۆ گۆڕینی و دووەمیش، ئەگەر گۆڕدرا، کێ جێگەی دەگرێتەوە؟
لە بەغدا پێیدەڵێن زۆر نەرمە بەرانبەر کوردستان. دەڵێن بۆ ڕازیکردنی دڵی بارزانی هیچ گوشارێک ناکات و لەبەرانبەریشدا هەولێر پابەند نییە بە و ڕێککەوتنەی لەگەڵی هەیەتی. خەڵکی بەسرە دەڵێن هیچییەک لەو کێشانەی هەیانە و بەهۆیەوە ڕژانە سەرشەقام، چارەسەری نەکردوون و تەنیا خەڵکەکەی بە قسەی خۆش سڕکردووە. ئاڕاستە زۆر ئێرانی و توندەکەی نێو حەشدی شەعبی دەڵێن ئیسرائیل بە چاوساخیی ئەمریکا سەروەریی ئاسمانی ئێراقی پێشێل کرد و حەشدی شەعبیی کردە ئامانج، کەچی تاوەکوو ئێستا عادل عەبدولمەهدی لێدوانێکی توندی لەوبارەیەوە نەداوە و لە میدیادا تەنیا دەڵێت لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن! ئەوانەی دۆستی ئەمریکان، دەڵێن مەهدی موهەندیس ڕۆژانە خەریکی کەمکردنەوەی ڕۆڵی عەبدولمەهدییە وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێراق و هەوڵدەدات حەشد لەژێر فەرماندەیی ئەو دەربهێنێت. بەکوورتییەکەی بە چاویلکەی هەریەک لە ئاڕاستە دژبەیەکەکانی ئێراق سەیری بکەیت، هەموویان شتێکی ئەو پیاوەیان بەدڵ نییە.
وەک دەزانین عەبدولمەهدی سەرۆکی حیزبێک یان ئاڕاستەیەکی سیاسی نییە لە ئێراق و هیچ کورسییەکیشی لە پەڕڵەمان نییە. پیاوێکە، هەرچەندە بۆ درووستکردنی تەوافوق لەنێوان شیعەکان و ڕێگەگرتن لە پەرتەوازەتربوونی نێوماڵیان دانرا، بەڵام هەر ئەو کەسەشە کە وایکردووە سەرۆک بارزانی (واتە کوردستان) لە قۆناخی پۆست- گشتپرسییەوە بەهێزەوە بگەڕێتەوە بەغدا و هەر ئەویش وایکرد سوننە ئومێدێکیان بە دەوڵەتێک بەناوی ئێراقەوە پەیداببێتەوە. ئەمەش شتێکە کە هەم ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەیانەوێ، هەم تورکیا و ئێران و ڕەنگە وڵاتانی عەرەبیش پێیان باش بێت کە لەم قۆناخەدا لە ناوچەکە بپارێزرێ.
ئێراق بەرەو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەچێت، کە لە مانگی ئەپریلی ساڵی داهاتوو دەکرێت. بۆیەش لەئێستاوە بانگەشەی ناڕاستەوخۆ و موزایەدەی لایەنەکان بەسەر یەکدییەوە دەستیانپێکردووە. بۆ ئەمەش هیچ شتێک ئاسانتر نییە لە هێرشکردنە سەر عەبدولمەهدیی بێ حیزبی سیاسی و جەماوەر و ڕەخنەگرتن لە حکومەتەکەی و تۆمەتبارکردنی بە بەرپرسیاربوون لە هەموو ئەو نەهامەتییانەی لە ئێراقدا هەن و لەڕاستیدا کەڵەکەبووی نزیکەی بیست ساڵ خراپ بەڕێوەبردنی ئێراقن لە قۆناخی پاش سەدام حسێندا. دەنا هەمووان دەزانن ئەو نە بەرپرسیارە لەو هەموو قەرزە کەڵەکەبووەی لەسەر ئێراقە و سەرۆکوەزیرانەکانی پێش ئەو کردوویانە، نە سیاسەتی تائیفەگەرایانەی پەیڕە و کردووە و سوننەکانی کردووەتە دژی دەوڵەت، نە سیاسەتی تۆڵەکردنەوە و سزادانی لەگەڵ هەولێر پەیڕە و کردووە کە وابکات کوردستان لە بەغدا دوورکەوێتەوە. بەپێچەوانەوە ئەو کەسەیە کە وایکردووە جارێکی دیکە هەمووان (بە پێکهاتەکانی نێوخۆی ئێراق و وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەتیش کەنداو) وەک یەک ڕووبکەنەوە بەغدا. ئەمەش بەرهەمی تێگەیشتنییەتی لە واقیعی ئێراق و هەمان ئەو شتەشە کە هەم وەک بیرمەندێکی ئابووری و هەم پێشتریش وەک سەرکردەیەکی نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێراقی و هەم وەک وەزیری پێشتری نەوت و کاربەدەستی باڵای حکومەتەکانی پێشوو، بە ئەزموون لەسەر ئێراق بۆی دەرکەوتووە.
بەڵام گریمان لەنێوخۆی ئێراق شیعەکان و سەرۆک بارزانی (وەک کوردستان) و لایەنە سوننەکانیش، ئینجا دوای ئەوان ئەمریکا و ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش کۆک بوون لەسەر گۆڕینی ئەو پیاوە، کێی لە جێگە دادەنێن کە بتوانێ لە ئێراقێکی لەبنەڕەتدا فشۆڵ وابکات نە ئەو هەموو شیشە بسووتێن، نە ئەو هەموو کەبابە؟ [1]