ناونیشان: ئیسرائیلیش لەگەڵمانە، بە تویت
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #21-10-2019#
بەڕواڵەت وا دەردەکەوێت کە چیدیکە دۆخی کورد وەکوو سەردەمی کۆماری کوردستان و شۆڕشی ئەیلوول نەبێ. لەومەودوا فرۆشتنی کورد بەئاسانی تێنەپەڕێ. بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە ڕێساکانی یاریکردن گۆڕاون و ئەو هەڕەشەیەی ئێستا لەسەر کوردە کەمتر نییە لە قۆناخەکانی پێشتر.
دۆستمان هەن، ئەرێ. میدیای جیهانی شین و باوکەڕۆمان بۆ دەکات، ڕاستە. ئەمما هەموویان تا ژێر پەتی سێدارەکە لەگەڵمانن و کاتێک دەگەینە ئەوێ، کەسیان سەرناکەونە سەرێ. نموونەیەکی ئەو دۆستانەشمان ئیسرائیلە کە بە تویت لەگەڵمانە!
جارێ زوڵمێکی زۆر گەورەیە کوردستان بە ئیسرائیل بەراورد بکرێت. ئەوەش بە هەردوو دیوە ئەرێنی و نەرێنییەکەیدا. بە دیوە نەرێنییەکەیدا، کە داگیرکەرەکانمان بۆ سەرکوتکردنمان بەکاریدەهێنن و پێماندەڵێن (ئیسرائیلی دووەم) ، لەوەدا زوڵمە و هەڵەیە، چونکە لە هەموو مێژووی خۆیدا، کورد نەک بەتەمای داگیرکردنی خاکی کەس نەبووە، بەڵکوو هەر بیریشی لێنەکردووەتەوە.
ئێستاش ئەوەی داوای دەکات کیانێکە تا گەرەنتیی ژیان و مانەوەی لەسەر خاکەکەی خۆی بۆ بکات. نوێترین تەجرووبەی پێکەوەژیان ئەوەی ئێراقە، کە دەیبینین چۆن بەردەوام هەڕەشەی لەسەرە و ئەگەر هەوڵەکان بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور سەربگرن، یەکەمین شت کە دەستی بۆ دەبردرێ نەهێشتنی ئەو گەرەنتی و دڵنیاییانەیە کە کورد لە دەستووردا زامنی کردوون. هەروەها ئەوەش کە کورد داردەستی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بووبێت بۆ لێدانی دەوڵەتان و گەلانی ناوچەکە، ڕاست نییە و ئەگەر وابووایە هەمیشە وا بەئاسانی ڕۆژێک ڕووسیا و ڕۆژێک ئەمریکا نەیدەفرۆشت و ترەمپیش ترافیکی تویتەکانی خۆی پێ زیاد نەدەکرد.
بە دیوە ئەرێنییەکەشیدا کورد نە لۆبییەکی بەهێزی وەک ئیسرائیلی هەیە، نە هێندەی جووەکان لە ئابووری و زانستەکانی دیکە کارامەیە، نە وەک ئەوان دەرسی لە مێژووی خۆی وەرگرتووە و یەکیخستووە. بۆیە کوردستان لەم ناوچەیەدا ناتوانێ وەک ئیسرائیل لەسەر کەس هەڕەشە درووستبکات.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هەرکاتێک کوردستان هەڕەشەی لەسەر درووستدەبێت، بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیران بە تویتێک یان لە ڕێگەیەکی دیکەی میدیاییەوە پشتیووانی لە کوردستان دەکات. ئەمەش هەمیشە ئەوکاتە دەکات کە نەکردنی قازانجی بۆ کورد لە کردنی زیاترە. بۆ نموونە حەشد لە پردێ ڕاوەستێنرابوون و دەیانوت بەرەو هەولێر دێن تا ئیسرائیلی دووەم بڕووخێنن. تویتی نەتانیاهۆ قسەکەیانی پشتڕاست دەکردەوە! ئەمجارەش لە ڕۆژاوا بەهەمانشێوەیە. وەکچۆن ترەمپ بە تویت لە زەوقی خەڵک دەدات، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش بە تویت پێش دڵی کوردی دڵساف، دڵی دوژمنەکانی خۆشدەکات.
من چوومەتە ئیسرائیل و لەگەڵ خەڵکی ئەوێ قسەم کردووە. کاتی خۆیشی نووسیم کە لە هیچ شوێنێکی دنیادا هێندەی ئیسرائیل کوردبوون خۆش نییە. چونکە خەڵکەکە بەڕاستی کوردیان خۆشدەوێ و ئەو جووانەی لە کوردستانیشەوە چوونەتە ئەوێ خەڵکی سەرکەوتوو و چالاکن لە جڤاکی ئیسرائیلیدا. بەڵام ئەوکاتیش و بەدرێژایی ئەو ساڵانەش کە سیاسەتی حکومەتی ئیسرائیلم شۆپاندووە، تێیگەیشتووم کە وێنەکە لەلای ئەوانەوە هێندە ڕەنگاوڕەنگ نییە وەک ئەوەی تێیگەیشتووین.
دەوڵەتی ئیسرائیل کۆمەڵێک دەوڵەت بە هەڕەشە لەسەر ئاساییشی نیشتمانیی خۆی دەزانێت، کە بەردەوام ئێراق و سووریا و ئێرانی تێدابووە. بۆیە بۆ کەمکردنەوەی گوشار لەسەر ئاساییشی نیشتمانیی خۆی حەزدەکات نەک کورد، هەر پێکهاتەیەکی دیکە لەو دەوڵەتانەدا سەرئێشە درووست بکات. ئەوان هەر خۆیان وایانکرد ئۆجەلان بگیرێت، کەچی هەر خۆشیان بە سەرسامییەوە باسی یەپەگە و هەسەدە و ڕۆژاوای کوردستان دەکەن.
واتە بۆ تێلئەڤیڤ ئەوە نەبووەتە ئامانجێکی ستراتیژی کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ببێتە خاوەنی کیانێکی سەربەخۆ. بۆیەش پشتیووانییەکەیان بە تویتە نەک بە و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانەی لەپڕ لە حەشد دەدەن. ئەمە هەم ڕای گشتیی نێوخۆی ئیسرائیل ڕازی دەکات و هەم تینیش دەداتە ئەو ئاگرەی هەمیشە لە ناوچەکەدا بۆ سووتاندنی کورد دەئایسێت. [1]