ناونیشان: ژێرەوەمان پیشانبدەن
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #28-10-2019#
لە ڕۆژانی ڕابردوودا جووڵانەوەیەکی بێوێنەی مەدەنی بۆ بایکۆتکردنی کاڵای تورکی لە کوردستان دەستی پێ کرد. ئەوەی کە جووڵانەوەی ناتوندوتیژانە هەبن و یەکدەنگیی نیشتمانیی لەسەر هەبێ زۆر چاکە و ئەمە دەستپێکێکی ئەرێنییە، بەڵام ئەوەی کە بایکۆتکردنی کاڵای بیانی چەند عەمەلییە شتێکی دیکەیە. بۆیە یەکەمین پرسیار ئەوەیە کە بەو بایکۆتە چی بەدەستدێت؟
پێش هەموو شتێک منیش لەگەڵ ئەوانە هاوڕا نیم کە دەڵێن بایکۆت شتێکی بێهوودەیە و ناتوانین بیکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نیم کە ڕەش و سپی پێکەوە بسووتێت. باشووری کوردستان لەگەڵ ئێران مێژوویەکی زۆر درێژتری ئاڵووێری کاڵای هەیە. تەنانەت لەو کاتانەشدا کە لە ساڵانی هەشتا جەنگ هەبوو، لەسەر سنوورەکان بە قاچاخ بازرگانییەکی بەهەڕمێن دەکرا، بەڵام لەگەڵ تورکیا مێژووەکە جیاوازە. هەرێمی کوردستان لەڕووی ئاوەدانی و جلوبەرگ و کاڵای نێوماڵ دوو قۆناخی هەیە: قۆناخی بەر لە دەستپێکردنی مامەڵەی چڕوپڕ لەگەڵ تورکیا و قۆناخی دوای ئەوە.
لە قۆناخی یەکەمدا بەتایبەتی #هەولێر# شارێکی پێشکەوتوو نەبوو، بەڵام لە قۆناخی دووەمدا لەپڕ شارێکمان بینی کە تەنیا باڵەخانە و بەرزەپرد و مۆڵی نوێی بە کەرەستەی تورکی تێدا درووستنەکرا، بەڵکوو جلوبەرگ و ستایلی ژیانی خەڵکیش لەنێو ماڵ زۆر پێشکەوت. واتە خواستێک هەبوو بۆ پێشکەوتن و و بزنسی تورکی هات ئەو کەلێنەی لە بازاڕی کوردستاندا قۆستەوە. هەر ئەو بزنسە وایکرد پەیوەندیی نێوان باکوور و باشووری کوردستانیش زۆرتر و پتەوتر بێت و تەنیا هاونەتەوەبوون و هاوزمانی پێکەوەیان نەبەستێتەوە، بەڵکوو ببنە هاوبژێویی یەکدیش.
ئەمە دیوە گەشەکە بوو. دیوە تاریک و خراپەکە ئەوەیە کە کەرەستەی هەرزان و مۆدێرنی تورکی کۆمەڵگەی باشووری هێندەی دیکە وابەستەی هاوردەکردن و پشتبەستن بە دەرەوە و دوورکەوتنەوە لە بەرهەمی خۆماڵی کرد. واتە ئەگەر ئێران سی لەسەتی ئەو وابەستەکردنەی پێبڕابێ، تورکیا حەفتا لەسەتی پێدەبڕێت.
جا ڕاستییەکەی ئێستا باشوور لە پێگەیەکدا نییە بەیەکجاری بایکۆتی کاڵای تورکی بکات. بێگومان ئەوەی ئێستا دەکرێ وادەکات ئەهلی بزنس لە تورکیا کاتێک بیر لە بازاڕی کوردستان دەکەنەوە، چیدیکە بێباکانە تەماشای نەکەن و وانەزانن بە هەموو شتێک ڕازی دەبین. ئەوەی کوردستان پێیدەکرێ و هەقوایە چالاکڤانان ئیشی لەسەربکەن، هاندانە بۆ بەرزکردنەوەی کواڵیتییی بەرهەمی خۆماڵی. هاندان بۆ خۆشەویستکردنی ئەو بەرهەمە نوێیانەی دەتوانین لە درێژمەودادا بیانکەینە جێگرەوەی بەرهەمە بیانییەکان.
ئەمەش هەر بە حکومەت ناکرێ و لە جووتیارێکەوە دەستپێدەکات کە گوێز و هەنار و هەنگوین دەنێرێتە بازاڕ. ئەگەر ئەو متمانە درووستبکات لە بازاڕ کە بەرهەمەکەی لەو سەبەتەیەدا کە تێیدا دانراوە هەر دیوی سەرەوەی باش نییە، بەڵکوو ژێرەوەشی هەمان کواڵیتیییە، ئەمە وادەکات متمانە درووست بێ و بفرۆشرێت و کواڵیتییشی ڕۆژبەڕۆژ بەرزتر ببێتەوە.
زۆر جار لە بازاڕ گوێمان لێدەبێ کە دوکاندارێک پەسنی بەرهەمێکی خۆماڵی دەدات، کڕیارەکە پێیدەڵێ: کوا ژێرەوەیم پیشانبدە. بەڕاستیش هەقوایە لەمەودوا هەڵمەتی چالاکڤانان بۆ ئەوە بێت کە بەرهەمی خۆماڵی هەر لە بواری کشتوکاڵدا نا، بەڵکوو لە بواری پیشەسازی و گەشتیاری و خزمەتگوزاری و توانای مرۆییشەوە ژێرەوەیمان پیشانبدات و چاومان تێربکات! [1]