ناونیشان: خەتای ئەمریکا نییە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #18-11-2019#
قسەیەکی بەنێوبانگ هەیە دەڵێت: تاکە شوێن کە لە جیهاندا ئاژاوەی تێدا نەبێ و کودەتای تێدا نەکرێت ئەمریکایە. ئەویش لەبەر ئەوەیە کە باڵیۆزخانەی ئەمریکای لێ نییە. ئەم قسەیە ساڵەهایە هەم دوژمنەکانی ئەمریکا دەیڵێنەوە و هەم ئەمریکا بۆخۆیشی ڕەواجی دەداتێ و پێیخۆشە دنیا وا تێیبگات، بەڵام هەمیشە ڕاست نییە. بۆ نموونە لەو جووڵانەوانەی ئێستا لە دنیادا هەن بڕوا ناکەم لە هیچیاندا خۆپیشاندەران هیچ هاوئاهەنگییەکیان لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئەمریکادا هەبێ.
هاوڕێیەکی سیاسیم دەیوت ئەمریکییەکان حەزدەکەن لە هەرێمی کوردستانیش وەک شوێنەکانی دیکەی ئێراق خۆپیشاندان بکرێ، بەڵام توانای جووڵاندنی شەقامیان نییە. هەستمکرد ئەویش وەک زۆر سیاسیی دیکەی ناوچەکە ورد گۆڕانکارییەکانی هەڵنەسەنگاندووە و بەهەڵەش لە قەبارەی کاریگەریی ئەمریکییەکان تێگەیشتووە. چونکە وەک گۆتنە کوردییەکە دەڵێت: خوا شاخ نەبینێ بەفری تێناکات.
ئەمە بۆ هەموو خۆپیشاندانەکانی دنیا ڕاستە. هەر لە خۆپیشاندانی توونسەوە کە بەهۆی هەژاری و خۆسووتاندنی بووعەزیزییەوە بوو، تا گەیشتە میسر و لیبیا و سووریا و ئێستاش ئێراق و لوبنان و ئێران خاڵێکی هاوبەش هەبووە و هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئەو کۆمەڵگەیانە حوکمێکی ناشایستە دەکرێن و خەڵک چیدیکە نایەوێ بژێویی هێندە خراپ بێت. ئەگەر بژێویی خەڵک باش بێ و ئیدارەیەکی باش بکرێن، هیچ باڵیۆزخانەیەکی ئەمریکی توانای جووڵاندنی خەڵکی لە دژی حکومەتی خۆی بۆ سەرشەقام نییە.
کاتێک ئەم دێڕانە دەنووسم، لە کۆماری مۆنتێنیگرۆم. تازە لە ڕووماڵی خۆپیشاندانێکی پڕۆفیسۆر و زانایانی ئەو وڵاتە دەگەڕێمەوە، کە داوایان دەکرد بژێوییان باش بکرێ و ڕێز بۆ زانستەکەیان دابنرێ. گەنجێکی سەرکردەی تەڤگەرێکی قوتابییان بە ئینگلیزییەکی پاراو و بە ئەکسێنتی ئەمریکی بۆی باسدەکردم کە خۆپیشاندەران بە زمانی مۆنتێنیگرۆیی باسی چی دەکەن.
پێمدەڵێ: ئەوانە ئەو شتەیان دەوێ کە هاوپیشەکانی ئەوان لە ئەوروپا هەیانە. ناتوانن هەموو ڕۆژێک جیاوازییە گەورەکە لە ئینتەرنێتەوە ببینن و بێدەنگ بن. پێیدەڵێم لە کوێی ئەمریکا ژیاوە، پێدەکەنێ و دەڵێ لە ژیانیدا مۆنتێنیگرۆی بەجێنەهێشتووە، بەڵام لە ڕێی ئینتەرنێتەوە بە هەموو دنیادا گەڕاوە! ئەوە درووست ئەو پەیامەیە کە دەبێ حوکمڕانان لە هەموو جیهاندا و لەنێویشیاندا کوردستان ڕاچڵەکێنێ: ئێوە ئێستا حوکمی نەوەیەک دەکەن کە چیدیکە پێویستی بەوە نییە سەفەر بکات تا چاوی بکرێتەوە و دنیا ببینێ، بەڵکوو بە ئینتەرنێت بە خۆپیشاندانێک لە بورکینا فاسۆ کاریگەر دەبێت و ڕەنگە بیەوێ لە #سلێمانی# دووبارەی بکاتەوە. ئەو نەوەیە خۆشگوزەرانی و دادپەروەری و دەرفەتی دەوێ. ئەوەش شتێک نییە کە دەستی ئەمریکییەکانی لە پشتەوە بێت، بەڵکوو دنیای نوێیە کە تێکەڵەیەکی واقیعی و مەجازییە و تازەش بە کەس وەک جارانی لێنایەتەوە.
جاران تا کوباییەک دەیبیست ئێرانییەکان ڕاپەڕیون و ڤیدیۆی سەرنجڕاکێشی خۆپیشاندەرانی دەبینی ڕەنگە چەند ساڵێکی خایاندبووایە، بەڵام ئێستا بۆ نموونە من لە مۆنتێنێگرۆم و لە ڕێی تێلێگرامەوە چرکە بە چرکە دەبینم چی لە تاران و شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگوزەرێ. هەمان دەرفەتیش بۆ گەنجێکی شوان لە گوندێکی دوورەدەستی سۆماڵ هەیە و دەتوانێ بە ڕووداوەکانی ئێران کاریگەربێ. بۆیە هیچ حوکمڕانێک چیدیکە ناتوانێ ڕاستی لە خەڵک بشارێتەوە و بەوە کورسییەکەی قایمتر بکات. ئەوەی لەسەر کورسییەکە قایمتری دەکات ئەوەیە کارێک بکات ئینتەرنێت بە چاکە و خزمەتکار باسی بکات نەک بەپێچەوانەوە. [1]