ناونیشان: عاقیبەتی کۆماری ئیسلامی
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #02-12-2019#
ئەگەر خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە تێیاندا سەدان کەس گیانیان لەدەستدا، بە دیوێکیاندا نیشانەی “بێ تەدبیری و نائومێدکاری“ی دەوڵەتی ڕوحانی بێت، بە دیوەکەی دیکەیدا، وەک خامنەیی گوتی پیلانێکی گەورە بوو لەسەر کۆماری ئیسلامی. بێدەنگیی ترەمپ لە تویتەرەوە و بانگەوازەکەی پۆمپێیۆ بۆ خەڵکی ئێران تا ڤیدیۆ و وێنەی بۆ بنێرن، مانای واوەتر لە ڕواڵەتەکەیان هەیە.
چیرۆکە زانراوەکە ئەوەیە کە ڕۆژێک خەڵکی ئێران لە خەو هەڵسان و بینییان نرخی بەنزین لە هەزار تومەنەوە بووەتە سێ هەزار تومەن. ئەمەش تووڕەی کردن و ڕژانە سەرشەقام. دەوڵەت یەکسەر “بە قاتعیەت“ ڕەفتاری کرد و ناڕەزایەتییەکانی بەشێوەی خوێناوی سەرکوت کرد. ڕوحانی، کە دکتۆرای لە مافە بنچینەییەکاندا و مۆڵەتی پارێزەریشی هەیە، لە پیاوێکی نەرم و مافناسەوە وتاری خۆی بۆ کەسێکی ئەمنیی تووند گۆڕی و هەڕەشەی لە خۆپیشاندەران کرد. بەدواشیدا دەوڵەتی“مافناس“ ڕوحانی ئینتەرنێتی لەسەر خەڵک بڕی و تا کاتی نووسینی ئەم گۆشەیەش لە زۆر شوێنی ئێران بەتەواوەتی ئینتەرنێت کارا نەکراوەتەوە.
پاش ئەو هەموو تووندوتیژییە “لەسەر بەنزین“، خامنەیی هەڵوێستێکی تا ڕادەیەک بێلایەنانەی هەڵبژارد، ڕوحانیش گوتی ئاگای لەو بڕیارە نەبووە و ئەنجوومەنی ئاساییش (شوورای ئەمنییەت) بڕیارەکەی داوە. بەپێی دەستووری کۆماری ئیسلامی ئەو شوورایە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای ئاساییشی نیشتمانی (شوورای عالیی ئەمنییەتی میللی) یە کە ڕوحانی سەرۆکایەتی دەکات. شوورای ئەمنییەت کە وەزیری نێوخۆ سەرۆکیەتی و وەزیریش لەژێر فەرمانی ڕوحانیدایە، لە ڕێگەی بەرپرسێکیەوە وەڵامی سەرۆکی دەوڵەتەکەی خۆی دایەوە و گوتی هەفتەی پێشتر ڕوحانی دەیزانی کەی نرخی بەنزین گران دەکرێت.
پرسیار ئەوەیە بۆچی بەنزین گران کرا؟ هۆیەکەی سادەیە. نیشانەکانی ئەو گوشارە ئابوورییانەی ترەمپ دەیوت ئێران والێدەکات بێتە سەر ئەژنۆ بەرانبەر ئەمریکا، وردەوردە دەردەکەون. بەر لەو سزا ئابوورییانە، ئێران دوو ملیۆن و پێنجسەت هەزار بەرمیل نەوتی دەفرۆشت و ئێستا دابەزیوە بۆ ژێر سێسەت هەزار بەرمیل. ئەمەش بۆ بودجەی ئێران کێشەیەکی گەورەی درووستکردووە. چونکە لە بودجەی پەسەندکراوی 450 هەزار ملیارد تومەنیدا، 120 هەزار ملیارد تومەنی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بەدەستدەهات. 120 هەزار ملیارد تومەنی دیکەی لە ڕێگەی باجەوە دەهات و ئەوەی دەمایەوە لە داهاتە جۆراوجۆرەکانەوە بەدەستدەهات، کە داهاتی سووتەمەنیی نێوخۆیی یەکێکە لەوانە. ئێستا کە دەوڵەت ناچارە کەمهێنانی بودجەکەی قەرەبوو بکاتەوە، بەشێکی بە گرانکردنی بەنزین دەکات، کە وەک دەوڵەت دەڵێت نرخی خستنە بازاڕی هەر لیترێک بەنزین پێنج هەزار تومەنە و بەوەی کە ئێستا دەوڵەت نرخەکەی کردووەتە سێ هەزار تومەن، هێشتا دەبێ دەوڵەت دوو هەزار تومەنی دیکە بۆ هەر لیترێک لە بودجەوە خەرج بکات. واتە گرانکردنی بەنزین بۆ گەڕاندنەوەی بەشێک لەو خەرجییەیە کە بۆ بەرهەمهێنان و خستنەبازاڕی بەنزینەکە لە بودجەوە خەرج دەکرێت.
لە سەردەمی سەرۆککۆماریی ئەحمەدینەژادیشدا بەنزین گران کرا، بەڵام جیاوازیی ئەوکات ئەوە بوو کە ئەحمەدینەژاد “بەتەدبیرتر“ ڕەفتاری کرد و یەکەمجار کۆمەکی کۆمەڵایەتیی بۆ کەمدەرامەتەکان بڕییەوە، ئینجا گرانی کرد. هەروەها کاتی گرانکردنەکەش جیاوازە و ئەوکات خۆپیشاندانەکانی لوبنان و ئێراق نەبوون و دەوڵەتیش هێندە لەژێر گوشاری کەمەرشکێنی ئابووریدا نەبوو.
کەواتە ئەو پیلانەی خامنەیی باسیدەکات بۆ ڕاستە؟ پیلانەکە، وەک خۆیان دەڵێن، ئەوەیە کە باسی گرانکردنی بەنزین چەند مانگێکە هەیە و ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوە و میدیاکان، هەروەها دەزگا هەواڵگیرییەکانی ئیسرائیل و سعودیە و ئەمریکا بەباشی ئاگاداری ئەوە بوون کە دەوڵەتی ئێران بەتەمای کارێکی وایە. بۆیە لە زووەوە ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی لەکاتی گرانبوونەکەدا دۆخەکە بتەقێننەوە. ئەمە ڕیوایەتی کۆماری ئیسلامییە و کەمێک ڕاستیشی تێدایە، بەڵام وەکوو (تخوونی نوێژ مەکەون) ەکەی نێو قورئانە و دەبێ (کاتێک سەرخۆشن) یشی بۆ زیاد بکەیت. ڕاستە نرخی بەنزین زیاد کرا و ڕەنگە ئەوانەی باسیان کرا هەموویان دەستیان لەنێو دەستی یەکدی نابێت بۆ تەشەنەپێکردنی دۆخەکە، بەڵام کێشەکە لە ئیدارەی خراپی خەڵک و بڵاوبوونەوەی هەژاری و نەبوونی دادپەروەریدایە نەک لە پیلانگێڕی. بەڵگەش بێدەنگیی ترەمپ و ئیدارەکەیەتی. ئەوان لەم قۆناخەدا نە ئامادەن و نە پڕۆژەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیشیان هەیە. ئەوەی دەیانەوێ ناچارکردنی تارانە بۆ ئەوەی بێتەوە سەر مێزی دانووستاندن و مل بۆ واشنتن بدات. چونکە باش دەزانن نە ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕێکخراو و بەهێز و ئامادە هەیە بۆ ئەوەی بەخێرایی ببێتە شوێنگرەوەی کۆماری ئیسلامی و نە ئەمریکاش ئامادەیە قوماری دۆڕاوی ڤیێتنام و ئەفغانستان و ئێراق لە ئێران دووبارە بکاتەوە و هێزی سەربازی بنێرێت.
لەو نێوانەدا هەندێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆخەکەیان بەژیرانە خوێندووەتەوە. بۆیەش داوای ناواقیعییان لە خەڵکی ڕۆژهەڵات نەکردووە و پێداگیرییان کردووە کە داواکارییەکانیان ئاشتییانە بگەیەنن. چونکە ڕاستییەکە ئەوەیە کە گوتمان: ئەگەر بەتەمای ئەمریکا بن، ئێستا نایەوێ کۆماری ئیسلامی بڕووخێ. ئەوانەی دیکەش کە لە ناوچەکەدا دژی ئێرانن، بەبێ ئەمریکا ئەوەیان پێناکرێ. تەنیا مەترسییەک لەسەر کۆماری ئیسلامی کە هەبێ ئەوەیە بەردەوام بێ لەسەر ئەو پلانەی هەیەتی بۆ گرانکردنی شتی دیکە و بەمەش خەڵک تووڕەتر بکات. وادیارە ئەمەش هەر ڕوودەدات و خامنەیی لە ڕۆژانی ڕابردوودا هانی ئەندامانی بەسیجی دا کە زۆرتر لەسەر شەقام حزووریان هەبێ. ئەمەش بۆ ئەوانەی کە لە کاروباری ئێران تێدەگەن یەک واتای هەیە: بۆ قۆناخی داهاتوو هێزێکی سەرووی یاسا و دادگاکان دێتە سەرشەقام و دەکەوێتە وێزەی خەڵکی ناڕازی. ئەمەش لە سەدەی بیست و یەکدا و لەگەڵ نەوەی ئێستا بژارەیەکی ژیرانە نییە و زەحمەتە عاقیبەتی خێری بۆ کۆماری ئیسلامی هەبێت.
[1]