ناونیشان: ماکرۆن بردییەوە یان ئەردۆغان؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #05-12-2019#
بەرلەوەی بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ناتۆ بێنە لەندەن، سەرۆکی فەرەنسا و تورکیا بەو لێدوانانەی لەسەر یەکدی و لە دژی یەکدی دایان، کەشێکی پڕ دڵەڕاوکێ و گرژییان درووستکرد.
بۆ ئێمەی میدیاڤان کە لووتکەکەمان ڕووماڵدەکرد باڵکێش بوو، بەڵام دیاربوو بۆ ئەو سەرکردانەی بەشداری لوتکەکە بوون دۆخێکی ناخۆش بوو. گرژییەکە لەسەر ڕۆژاوای کوردستان بوو و چاوەڕواندەکرا لە لەندەن تووندتر ببێت. بەڵام دیدارێکی ماکرۆن و ئەردۆغان بە بەشداریی جۆنسن و مێرکڵ ئاوی بە ئاگرەکەدا کرد. ئێستا پرسیار ئەوەیە کێ بردییەوە؟ ماکرۆن یان ئەردۆغان؟
وەڵامەکە کوورتەکە ئەوەیە: هەردووکیان و هیچیان. چۆن؟ دەبێ یەکەمجار بزانین مانای بردنەوە لە دیپلۆماسییەتدا چییە. ئەردۆغان ئاستی هەرە بەرزی داواکارییەکەی ئەوە بوو کە #یەپەگە# بە تیرۆریست بناسێندرێ و هاوپەیمانەکانیشی لەنێو ناتۆ لەسەر هێرشەکەی بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان سەرکۆنەی نەکەن. ماکرۆن لە ڕۆژانی پێشتردا لە کۆشکی ئێلیزێ لە پاریس سەرکردەکانی ڕۆژاوای بینیبوو و بەرلەوەی بێتە لەندەن و کە هاتیش درووست دەستی بۆ ئەو خاڵی سەرکۆنەکردنە برد و ڕەخنەی لە تورکیا گرت کە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی هێرشی کردووەتە سەر هاوپەیمانێک لە شەڕی دژی تیرۆردا.
لە دانیشتنە چوار قۆڵییەکەی شەوی یەکەمی لووتکەکەدا ماکرۆن و ئەردۆغان گەیشتنە لێکتێگەیشتنێکی باش و هاوبەش. وەک خۆشیان گوتیان لێکتێنەگەیشتنەکان ڕەوینەوە.
ماکرۆن ئەردۆغانی دڵنیاکردەوە کە پشتیووانی لە #پەکەکە# ناکات و دژی ئەوەشە لە ئاییندەشدا خاکی سووریا بەکاربێت لەلایەن پەکەکەوە لە دژی تورکیا. ئەردۆغانیش ماکرۆنی دڵنیاکردەوە کە ئەگەر ئاوارەی سووریا بگەڕێندرێنەوە، تورکیا خۆی نایکات و لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەبێت و کەسیش بەزۆر نانێردرێتەوە. ئەمەش وا لێکدەدرێتەوە کە هەڵوەشاندنەوەی پلانی بەعەرەبکردنکردنی زۆرتری ڕۆژاوای کوردستان بێت.
هەروەها تورکیاش ڕازییە بەوەی کە کێشەکانی سووریا (کە دۆزی کوردیش دەگرێتەوە) بە ڕێگەی سیاسی چارەسەر بکرێ نەک سەربازی. یەکتربینینی ترەمپ و ئەردۆگان تەحسیڵ حاسڵ بوو و ئەوەی ترەمپیش گوتی هەر ئەوەبوو کە ماکرۆن پێی قایل ببوو بۆ ڕۆژاوای کوردستان. بۆیە ئەویش پێیوابوو سیاسەتی سەرکەوتووی ئەو وایکردبوو کە ئەو لێکتێگەیشتنە نوێیە درووستبێت.
بەڵام ئەمە بۆ ڕۆژاوا مانای چییە؟ مانای ئەوەیە کە گۆڕینی شێوازی بەڕێوەبردنی ڕۆژاوا و دوورکەوتنەوە لە ناسنامە ئاپۆیی و پەکەکەییەکە چیدیکە تەنیا مەتڵەبێکی نێوخۆیی کوردی نییە، بەڵکوو مەتڵەبێکی نێودەوڵەتیشە و دۆستەکانی کورد، بەتایبەتیش ئەمریکا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و تەنانەت بەریتانیاش لەسەری ڕادەوەستن و لە ئاییندەدا دەیکەنە مەرج بۆ پشتیووانیکردن لە کورد. بۆیە ئەگەر بەڕاستی پەکەکە خەمی مانەوەی ڕۆژاوای کوردستانی بێت، دەبێ ئەو مەتڵەبە بەجدی وەربگرێت و ڕێگەش بدات جێبەجێ بکرێت. [1]