ناونیشان: واز لە ئیسرائیل بهێنن
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #23-12-2019#
ئەم ڕۆژانە هەر ترەمپ نییە کە بە تویتێک دنیای پێ دەهەژێت. هیچ نەبێ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، یەکێکی دیکەی غەیری ئەو توانیویەتی ئەو کارە بکات. عەبدوڵڵا بن زایدی کوڕی شێخ زاید و وەزیری دەرەوەی ئیمارات دنیای عەرەبی و ئیسلامیی بە تویتێک هەژاندووە. ئەوەی سەرکردەکانی دیکەی عەرەب لە پشت دەرگا داخراوەکان و لەژێر لێوەوە دەیڵێن، ئەو لەسەر تویتەر باسی دەکات: چیدیکە دۆستایەتی لەگەڵ ئیسرائیل بۆ عەرەب بڤە نییە. بانگی محەمەدیش بەئاشکرا خۆشە! سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و کوڕەکەشی هەر لە تویتەرەوە وەڵامی شێخ عەبدوڵڵایان دایەوە و پێیانوابوو ئەمە گۆڕانکارییەکی مێژووییە، بەڵام چی لە پشت ئەو گۆڕانکارییە مێژووییەوە دەگوزەرێ و کوردستان دەبێ چۆن بیبینێ؟
مێژووی عەرەب و ئیسرائیل لە سەدەی بیست و دەستپێکی ئەم سەدەیەشدا مێژووی ڕق و جەنگ بووە. بۆیەش هەوڵە ئاشکراکانی ئاشتبوونەوە ئەنجامەکەیان ئەوە بووە کە بەسەر ئەنوەر سادات هات و بەدواشیدا دەزانین عەرەفات لە چ بارودۆخێکدا مرد. درووست وەکچۆن لە حەفتاکان ئەمریکای هاوپەیمانی شۆڕشی کوردستان نە هێشتی لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتنێکی باش بکرێ و نە هەتا سەر پشتیووانیشی لە شۆڕش کرد، ئاواش عەرەب و ئیسلامیی ئەنتی ئیسرائیل تاوەکوو ئێستاش نە هێشتوویانە فەڵەستینی لەگەڵ ئیسرائیل پێکبێن و نە بەڕاستیش پشتیووانییان لێکردوون.
خەریکە دەبێتە سەدەیەکی تەواو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ئاگری ئەو ڕقەوە دەسووتێ و زۆربەی جەنگەکانی ناوچەکەش ڕەگێکیان هەر چووەتەوە سەر ئەو کێشەیەی نێوان جیهانی ئیسلامی و ئیسرائیل. ڕقێکی هێندە بەهێزە کە ڕەنگە بە جوانترین شێوە لە فیلمی (السفارە فی العمارە) ی میسریدا تەعبیری لێکرابێ، کە عادل ئیمام ڕۆڵی سەرەکیی تێدا دەبینێ. ڕقێکە ڕژێمە دیکتاتۆری و توندئاژۆکان قازانجیان لێ بینیوە و هەمیشە خەڵکی موسڵمان زیانی لێ بینیوە.
ئەو شۆڕشی ئیسلامییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران چوار دەیەیە بانگەشەی هەناردەکردنی بۆ ئەودیوی سنوورەکانی بۆ دەکات و بینیومانە هەناردەشی کردووە. ئەو تیرۆر و وێرانکارییەی ئەلقاعیدە و بەدواشیدا #داعش# لە ناوچەکەدا دەستیانپێکرد، هەموویان ڕق و دژایەتیی ئیسرائیلیان بۆ پەرەسەندن و پەلهاویشتن بەکارهێناوە. ئەنجامەکەشی ئێستا لە ئێراق و لوبنان و سووریا و یەمەن و لیبیا و تەنانەت لەنێوەوەی ئێرانیش دەبینین. ئەنجامەکە برسیتربوون و دواکەوتن و گەڕانەوەیە بۆ سەدەکانی نێوەڕاست و لەو نێوانەشدا ئیسرائیل لەڕووی زانست و ئابووری و تەنانەت سەربازیشەوە ڕۆژبەڕۆژ دەچێتە پێشەوە.
پێم وایە شێخ عەبدوڵڵا و گەورەکانی و هاوبیرەکانی لەنێو وڵاتانی کەنداودا باشدەکەن کە بەو ئاڕاستەیەدا دەڕۆن. با لە ترسی ئێرانیش بێت، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە دنیای ئیسلامی لە ماوەی ڕابردوودا سەلماندی بەو ڕقە شەڕی ئیسرائیلی پێناکرێت. شەڕی ئیسرائیل بەوە دەکرێ کە هاووڵاتیی دەوڵەتە عەرەبی و موسڵمانەکان هەستبکەن خۆشتر لە ئیسرائیلییەک دەژین، هەستبکەن دەرفەتی پێشکەوتنی زانستی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی زۆرتریان لەپێشە و لەبنەڕەتدا هەر پێویستیان بەوە نییە دژی ئیسرائیل بن. ئەمەش هەم بەڕە لەژێرپێی توندئاژۆ ئیسلامییەکان و دەوڵەتە ئیسلامییەکان (نەک موسڵمانەکان) دەردەهێنێ و هەمیش دەرفەت دەداتە فەڵەستینییەکان کە چیدیکە نەبنە قوربانیی ئەو گەمانەی بەناوی ئەوانەوە دەکرێن، بەڵام بۆ بەرژەوەندیی ئەوان نین.
هیوادارم خوێنەری کورد پاساوی ئەوە بۆ دژایەتیی ئەو دەوڵەتانە بۆ ئیسرائیل بەوە نەهێننەوە کە خەڵکی بێگوناهی فەڵەستینی دەکوژن، چونکە ئەوە ڕاست نییە و هەمان ئەو دەوڵەتە “موسڵمانپارێزانە” #کۆڵبەر#ی موسڵمانی کورد گوللەباران دەکەن و زیندانیی کورد لەسێدارە دەدەن و پلانی گۆڕینی دیمۆگرافیای شار و ناوچە موسڵماننشینەکانی کوردستان جێبەجێ دەکەن. تۆبڵێی کورد لە فەڵەستینی ناموسڵمانتر بن؟ [1]