ناونیشان: دەگگەی سەدە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #03-02-2020#
ئەو خەونەی زاواکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاییندەی ناوچەکەی ئێمە بینیویەتی، تەنیا کاریگەریی لەسەر ئیسرائیلی و فەڵەستینییەکان نابێ. بەتایبەتی بۆ ئێمەی کورد وەک شیرێکی دوو سەر وایە کە ڕەنگە یەکێکیان بمانبڕێ و ئەویدیکەیان سەرمانبخات. ترەمپ ناوی لە پڕۆژەکەی ناوە (رێککەوتنی سەدە) . بەوپێیەش بێ دەبێ لەم سەدەیەدا بە چارەسەربوونی کێشەی فەڵەستین، کێشەکانی دیکەش لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پاساو بۆ مانەوەیان نەمێنێ. بۆ نموونە چیدیکە پێویست نەکات ئێران بەناوی قودسەوە سوپای سنووربڕ درووستبکات یان گرووپە توندئاژۆکان درووست بن، بەڵام کێشەکە لەمە قووڵترە و ڕەنگە ئەنجامەکەشی بەپێچەوانەوە بێت.
ئێستا کە ئەم دێڕانە دەنووسم، خۆم ئامادە دەکەم بۆ سەفەری کاری ڕۆژنامەوانی بۆ فەڵەستین و ئۆرشەلیم (قودس) . ڕەنگە کاتێک ئەم دێڕانە دەخوێننەوە لەوێ بم. وەک ئامادەکاری بۆ ئەو سەفەرەم لەو ماوەیەدا کۆمەڵێک پەڕتووک و لێکۆڵینەوەم لەسەر کێشەکە و بەتایبەتیش لەسەر ئۆرشەلیم خوێندوونەتەوە و چەند بەڵگەفیلمێکیشم تەماشا کردووە. خۆشم چەند ساڵ پێش ئێستا بۆ کاری میدیایی لەوێ بووم و بەچاوی خۆم واقیعەکەم بینیوە. بۆیە پێش ئەوەی بڕۆم وێنەیەکم لەلا گەڵاڵە بووە و پێم وایە مەرج نییە پلانەکەی ترەمپ لە دوورمەودادا تەنانەت لەبەرژەوەندیی خەڵکی ئیسرائیلیش بێت؛ بەڵام وەک زاواکەی و خۆیشی گوتیان، ئەوە ڕاستە کە ئەمە دوایین دەرفەتە بۆ درووستکردنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی لە تەنیشت دەوڵەتی ئیسرائیل.
ڕێککەوتنی سەدە لەکاتێدا ڕادەگەیەنرێ کە جیهانی ئیسلام بووەتە سێ جەمسەر: جەمسەرێکی بێ قەید و شەرت دۆستی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئامادە بۆ درووستکردنی شتێکی هاوشێوەی ناتۆ لەگەڵ ئیسرائیل (کە سعودیە واجیهەکەیانە) ، جەمسەرێکی نە تەواو دوژمن و نە تەواو دۆست لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل (کە تورکیا و قەتەر واجیهەکەین) ، لەگەڵ جەمسەرێکی تەواو دژی ئەمریکا و ئیسرائیل (کە ئێران و جووڵانەوە شیعییەکان و ئیسلامییە توندئاژۆکانی ناوچەکە نوێنەرایەتیی دەکەن) . لەو کاردانەوانەوە کە تاوەکوو ئێستا زانراون، ئەگەر ڕێککەوتنی سەدەی ترەمپ سەریش بگرێت، تەنیا لەگەڵ ئەوانە سەردەگرێ کە لە جەمسەری سعودیدان. کەواتە بەشێکی گەورەی جیهانی ئیسلامی لەگەڵی نابێ. مەترسییەکەش ئەوەیە کە ئەگەر ئەو بەشە زۆرە لەگەڵی نەبوو، جگە لە دوژمنایەتیی دەوڵەتانی نێو دوو جەمسەرەکەی دیکە، بەنزینیش بە هەستی دژایەتیی ئیسرائیل و جوودا دەکرێ لە ناوچەکەدا و گرووپە توندئاژۆکان بەدرێژایی سەدە گەورەترین سوودی لێدەبینن بۆ گەشەکردن و سەرئێشەسازکردن بۆ ئیسرائیل. بۆیە ئەوکات پڕۆژەکە لەجیاتی ئەوەی ببێتە ڕێککەوتنی سەدە، دەبێتە دەگگەی سەدە لە پڕۆسەی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
وەک لێرە و لەوێ باسدەکەن، بەشێکی پلانەکە کە پەیوەندیی بە کۆتاییهێنان بە گەڕانەوەی ئاوارە فەڵەستینییەکانەوە هەیە، بریتییە لە نیشتەجێکردنی ئەو فەڵەستینییە سوننانە لە ناوچە سوننەنشینەکانی ئێراق. ئەمەش وەک باسدەکرێ، بۆیە سعودیە و هاوپەیمانەکانی پشتیووانیی لێدەکەن، چونکە جارێکی دیکە ژمارەی سوننە لە ئێراقدا زیاد دەکاتەوە و بەرانبەر شیعە بەهێزیان دەکاتەوە. بەڵام ئەمە ئەگەر بۆ سوننە عەرەبەکان باش بێ، بۆ کوردیش بەو دیوەیدا باش بێ کە هەرێمە سونییەکەشی لەگەڵ دابمەزرێنرێ، بە دیوەکەی دیکەیدا گەورەترین مەترسی لەسەر ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان درووستدەکات. ئێمە باسی ئەو فەڵەستینییانە دەکەین کە لە فەڵەستین ژیاون و ناوچەی شاخاویی وەکوو ئوردن و لوبنان و سووریایان بینیوە و ئەگەر ببنە هاووڵاتیی ئێراقی، لەجیاتی بیابانی ئەنبار، هەڵدەکشێن بۆ #شنگال# و #گەرمیان# و ناوچەکانی دیکەی کوردستان.
من زۆر بڕوام بەوە نییە کە ئەو پڕۆژەیە لە ماوەی سەدەیەکیشدا بکرێ جێبەجێ بکرێ، بەڵام دەزانم دەبێ فەڵەستینییەکان بوێر بن و پەندیشیان لە ڕابردوو وەرگرتبێ. هەر بەو نەخشەیەی مەحموود عەباس بڵاویکردەوە، پێش هەموو کەس دەرسی بۆخۆی تێدابوو کە ئەگەر واقیعبین نەبن، ئەوەی کە ماویشە لەدەستی دەدەن. بەڕاستیش زۆر کەس کۆچکردوو موعەممەر قەزافییان پێ کەسێکی شێت بوو، بەڵام کاتێک گوتی دەبێ فەڵەستینییەکان لەجیاتی دامەزراندنی دەوڵەت بیر لە یەکێتییەکی بەهێز و یەکدەوڵەتی سێکولار لەگەڵ ئیسرائیلییەکان بکەنەوە، قسەیەکی ڕاستی کردبوو، ڕۆژبەڕۆژ ڕوونتر دەبێتەوە کە دەبێ دوژمنایەتیی یەک سەدەی ڕابردووی نێوان موسڵمانان و جووەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەو چارەسەرە کۆتایی بێت. [1]