تابوتێکی تەمەن 1800 ساڵی لە باڵەکایەتی دۆزرایەوە
18-05-2023
لە کاتی هەڵکۆڵینی زەوی هاووڵاتییەک لە گوندی ماوانی سە ڕبە شارۆچکەی چۆمان لە سنووری پارێزگای هەولێر تابوتێک دۆزرایەوە، کە تەمەنی زیاتر لە 1800 ساڵ بەر لە ئێستایە، شوێنەوارناس و مێژونووسانیش بە گرنگیەوە باس لە شوێنی تابوتەکە دەکەن وەک سەلماندنی ناوچەیەکی مێژوویی گرنک.
دۆزینەوەی شوێنەوارێک لە گوندی ماوانی سەربە شارەدێی سمیلان لە سنووری شارۆچکەی چۆمان کە شوێنەوارەکە تابۆتێکی گلێنەیی لەسەر شێوەی بەلەمێک درووست کراوە، و وێنەی خاچێکی لەسەرە، مێژووی ئەم گۆرە دەگەرێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ئایینی کریستیان، واتە زیاتر لە هەزار و 800 هەزار و هەشت سەد ساڵ پێش ئێستا .
عەبدالوەهاب سلێمان بەڕێوەبەری گشتی شوێنەواری سۆران، وتی: تیمەکانی شوێنەواری سەرقاڵی گەڕان و پشکنین لە گۆرەکە و لەنێو تابوتەکە، دوای ئەم مێژووە درێژە بەهۆی کاریگەریی کەشوهەوای ناوچەکە ئێسک و پرۆسکی مرۆڤی تیادا ماوەتەوە.
عەبدلوەهاب دەشڵێت: دەرکەوتنی ئەم تابوتە لەم ناوچەیە گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە ناوچەکە ناوچەیەکی مێژووی گرنگە کە هەزاران ساڵ بەر لە ئەمڕۆ شوێنی ژیارو کشتوکاڵی بووە، دەشڵێت: ئەم تابوتە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرتای هاتنی ئایینی مەسیح چونکە شوێوازەکەی نێژرانی کەسکە وای دەردەخات.
توانا ئەبوبەکر، شوێنەوار ناس و مامۆستای زانکۆ، لەبارەی گرنگە ئەم گۆرە دەڵێت: ئەمڕۆ سەرقاڵی هەڵدانەوە شوێنێکی زۆر گرنگین کە لە ناوچەی باڵەکایەتییە کە شوێنەکە پێی دەگوترێت جۆتەگا، کە هەڵدانەوەی گۆڕێکە کە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە سەردەمی مەسیح.
بەپێی گۆڕەکە بێت و لە ئەنجامی بە دواداچونەکانمان بێت گۆڕەکە گۆڕی ژنێکە وە بە تەواوی دیار نییە کە چ ئاستێکی ژیانی هەبووە چونکە هیچ ئێکسسواراتێکی لەگەڵ نەبووە، بەڵام بەگشتی ئەم تابوتە دەبێتە گرنگییەکی زۆر بۆ کاری شوێنەواری و دیاری کردنی مێژوی ژیانی لەو ناوچەیە.
بەگشتی لە باشووری کوردستان، سێ هەزار و 125 ناوچەی شوێنەواری تۆمارکراون، تەنیا لە دەڤەری سۆران و سنووری هەر پێنج شارۆچکەکانی سۆران، مێرگەسۆر، ڕواندز، چۆمان، سیدەکان خاوەنی 900 ناوچەی شوێنەوارییە، بەڵام نەبوونی مۆزەخانەیەک لە ناوچەکە وایکردووە شوێنەواری ناوچەکە نەناسرێت بەدەرەوە.
[1]