ناونیشان: ئەمریکا ناتوانێ بکشێتەوە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #18-02-2020#
ئەوروپییەکان گرەویان لەسەر دەرچوون یان لاوازبوونی ئەمریکا لە ناوچەکەی ئێمە و بەتایبەتیش لە ئێراق کردووە. بۆیە دەیانەوێ ئەوروپا ئەو بۆشاییە لەڕووی سیاسی و ئەمنییەوە پڕبکاتەوە. ئەمەم لە قسەکانی سەرۆکی دۆسیەی کەنداو لە پەڕڵەمانی ئەوروپا بۆ دەرکەوت، کە ڕۆژانی ڕابردوو لە دیبەیتێکدا بۆ (رووداو) ، لە باڵەخانەی پەڕڵەمانی ئەوروپا، قسەی بۆکردم. هەرچەندە پەڕڵەمانی ئێراق بڕیاری دەرکردنی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دا، بەڵام ڕۆژبەڕۆژ دەنگی سەرکردە ئێراقییەکان بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو بڕیارە بەرزتر دەبێتەوە. یەکەمین کەسیش کە پاش بڕیارەکەی پەڕڵەمان بەئاشکرا لەسەر پێویستیی مانەوەی ئەمریکا و هێزە هاوپەیمانەکانیان لە ئێراق بۆ میدیا قسەی کرد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، #نێچیرڤان بارزانی# بوو. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە تەنانەت ئەگەر سەرکردە ئێراقییەکانیش داوای نەکەن و هەڕەشەی #داعش#یش نەمێنێ، ئەمریکا بەجدییەتی و دەیەوێ لە ئێراق دەرچێ؟
دوو شت هەن کە دەبێ بزانرێن: یەکەمیان ئەو ژمارانەی دەریدەخەن ئەمریکا لە بیست ساڵی ڕابردوودا چ خەرجییەکی لە جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شوێنەکانی دیکەی جیهان بەناوی “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر”ەوە کردووە و ناکرێ ئەو هەموو خەرجییەی هەروا بڕوات، دووەمیش ئەو بەڵێنەی سەرۆک ترەمپ لەبەر ئاگادارنەبوون لەو ژمارانە بە دەنگدەرانی خۆی داوە و ئەو دووڕییانەی لەسەر ڕێگەی خۆکاندیدکردنەوەی تێیکەوتووە و لە ئێمە باشتر دەزانێت کە ناتوانێ، تەنانەت بەپێوەری بازرگانیش بێت، ئاوا بەئاسانی سفر هیچ بەدەستەوە لە ناوچەکە دەرچێت.
با بە ژمارەکان دەستپێبکەین: ڕاپۆرتێکی (ئینستتیوتی واتسن) ی ئەمریکیم لەبەردەستە کە وێنەیەکی ڕوونمان دەداتێ. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، تاوەکوو ساڵی 2020 کۆی خەرجییەکانی جەنگەکانی ئەمریکا کە لەدوای یازدەی سێپتەمبەرەوە بەناوی دژایەتیی تیرۆرەوە کردوویەتی، دەرگاتە 6 تریلیۆن و 408 میلیارد دۆلار. ئەو خەرجییانە بەوە وردکراونەتەوە کە تریلیۆنێک و 959 میلیاردی لەلایەن پێنتاگۆنەوە بۆ بواری سەربازی خەرجکراوە، 131 میلیارد دۆلاری لەلایەن وەزارەتی دەرەوە وەک هاریکاریی USAID خەرجکراوە و 437 میلیارد دۆلاری بۆ هاریکاریی تەندرووستی و بەتایبەتیش بۆ ئەو سەربازانەی بوونەتە خاوەن پێداویستیی تایبەت خەرجکراوە. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە بۆ پاراستنی ئاساییشی نێوخۆی ئەمریکا تریلیۆنێک و 54 میلیارد دۆلار خەرجکراوە. جگە لەو خەرجییانەی دیکەش کە بەهۆی سووی ڕاکێشانی پارە لە خەزێنەی دەوڵەت و شوێنەکانی دیکەوە بۆ باربووکردنی جەنگ کەوتوونەتە سەرشانی دەوڵەتی ئەمریکا، چاوەڕوان دەکرێ ئەگەر هەر ئێستا ئەمریکا لە تەواوی ئەو 80 دەوڵەتە بکشێتەوە کە شەڕەکانی تێدا بەڕێوەدەچێت، ئەوە یەک تریلیۆنی دیکەی بۆ ساڵانی داهاتوو پێویستە، تەنیا بۆ ئەوەی خزمەتی تەندرووستیی بریندار و سەربازە گەڕاوەکانی جەنگەکانی پێ بکات. ئەوەی جیاوازیی نێوان ملیۆن و میلیارد و تریلیۆن بزانێ، دەزانێ ئەو ژمارانە خەیاڵین و ناکرێ دەوڵەتێکی وەک ئەمریکا بەبێ ستراتیژێکی درێژخایەن و بۆ هیچ دەستکەوتێک خەرجی بکات.
کێشەکە ئەوەیە ترەمپ کە بووە سەرۆکی ئەمریکا، بەو بەڵێنە دەنگی خەڵکی هێنا کە سوپای ئەمریکا لەو جەنگانە بکێشێتەوە و بیانهێتەوە ماڵەوە. دوای ئەوەی بووە سەرۆک، ترەمپ دەیزانی ئەمە وا ئاسان نییە، بەڵام بۆ بوونەوە بە سەرۆکی ئەمریکا لە خولی دووەمدا، دەبووایە و هێشتاش دەنگدەرەکانی قایل بکات کە بەڵێنەکەی خۆی جێبەجێ کردووە. ئەوەی کە هێزەکانی ئەمریکای لە ڕۆژاوای کوردستان کشاندەوە و دوایی بەناوی پاراستن و بردنی نەوتی سووریاوە دیسان هێشتنییەوە، یەکێک بوو لەو مانۆڕ و شۆیانەی ترەمپ بۆ ڕازیکردنی دەنگدەرەکانی کردی. ئەوەش کە ترەمپ خۆی لە جەنگێکی نوێ لەگەڵ ئێران لادەدات، تەنیا بەو مەرجە نەبێ کە وڵاتانی دیکە لەڕووی داراییەوە سپۆنسەری بکەن، نیشانەی ئەوەیە کە ترەمپ دەزانێ خەرجییەکانی جەنگێکی دیکە بۆ ئەمریکا لەو ناوچەیەدا چەند قوورس دەبن.
ڕەنگە تاران و پرۆکسییەکانی بیانەوێ ترەمپ بەر لە هەڵبژاردن بکەوێتە بەردەم بژارەی شەڕێکی بچووکی سنووردار. نموونەش ئەو قسانەیە کە سەرکردەی بزووتنەوەی نوجەبای سەر بە حەشد و پرۆکسیی ئێرانی کردی و گوتی بەمزووانە دەست بە چالاکییەکانیان لە دژی ئەمریکا دەکەن. پێدەچێ ئەوە بۆ ئیستیفزازکردنی ئەمریکا و دنەدانی بۆ ئەنجامدانی کردەوەی سەربازی بێت، بەڵام وەک دەردەکەوێ، ترەمپ تاوەکوو دوای هەڵبژاردنەکان ئەوە ناکات. بۆ دوای هەڵبژاردنیش دەیەوێ لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە و وردەوردە بەئاڕاستەی ئارامکردنەوەدا بیبات. تاوەکوو بە وەبەرهێنان لە بواری ئابووریدا ئەوەی ساڵەهایە دەیچێنێ، بەرهەمەکەی بدوورێتەوە. دەبێ ببینین ئەمەی بۆ دەچێتە سەر یان نا، بەڵام ئەگەر سەرکەوێ بۆ کوردستان شتێکی باشە. [1]