ناونیشان: دەنگی کوردی بۆ دیموکراسیی شیعی
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #26-02-2020#
هەرچەندە ئایەتوڵڵا خامنەیی مەترسیی کۆرۆنای وەک هۆکاری سەرەکی کەمیی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژانی ڕابردووی ئێراندا ڕاگەیاند، بەڵام ئەوانەی دۆخەکە دەشۆپێنن، دەزانن وانییە. بەتایبەتیش کە لە ڕۆژانی یەکەمی کوژرانی قاسم سولەیمانیدا بەشداریی خەڵک لە خۆپیشاندان و پێشوازیکردن لە تەرمەکەی وای پیشاندەدا بە هەمان حەماسەتەوە بنکەکانی دەنگدان قەرەباڵغ دەبن. بەڵام لە مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کەمتر ڕێککەوتووە کە هەڵبژاردن و بەشداریی خەڵک تێیدا هێندە ساردوسڕ بێت. بەتایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشدارینەکردنەکە سنووری چاوەڕوانییەکانیشی تێپەڕاند.
هەرچەندە فاکتەرە نێوخۆییەکانی وەک هەڵاواردەی بەئاشکرای کاندیدەکان لەلایەن ئەو دامەزراوەیەی بەرپرس بوو لە تەئییدی سەڵاحیەت کردنیان، هەروەها ڕووداوی درۆکردنی دەوڵەت لە ڕووداوی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە و پێش ئەویش سەرکوت و کوشتاری خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە (لەپاڵ ئەوانەشدا مەسەلەی کۆرۆنا) ڕۆڵیان هەبوو لەو بەشدارییە کەمە، بەڵام وەک من تێیگەیشتووم، هۆکاری بەهێزتر پەیوەندیی بەو نەوە و وزە نوێیەوە هەیە کە هەر لە ئێراندا نا، بەڵکوو لە تەواوی ناوچەکەدا پێگەیشتووە و وەک نەوەی پێش خۆی بە هەموو ئاوازێک هەڵناپەڕێت.
شۆپاندنی میدیاکانی نێوەوەی ئێران و
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت ئەو ناوەندانەی لێکۆڵینەوەش کە لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران حیسابن، بەسن بۆ ئەوەی تێبگەین مەرج نییە چیدیکە ئەوەی مافی دەنگدانی هەیە ئامادەبێت بەشداری لە هەڵبژاردنێکدا بکات کە دەزانێت ئەگەر گۆڕانکاریش بهێنێت، پێش دەنگدانی ئەو، سیناریۆی ئەو گۆڕانکارییە داڕێژراوە. ئەمە وەک گوتم هەر لە ئێران وانییە، بەڵکوو بۆ نموونە لە ئێراق و لوبنانیش وایە. بۆیەش لە هەرسێ وڵات گەنج ناڕازین و زووزوو دێنە سەرشەقام. چونکە تاقەتی ئەو جۆرە دیموکراسییەیان نەماوە کە ڕەنگە باشترین ناونان بۆی (دیموکراسیی شیعی) بێت.
لەو جۆرە دیموکراسییەدا ڕاستە خەڵک دەنگ دەدەن و وا دەردەکەوێ کە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن، بەڵام ڕواڵەتی حوکمڕانی هەر ئەوە دەبێت کە ڕابەر و سەرکردە شیعەکان دەیانەوێ. تەنانەت دەستنیشانکردنی عەللاوی وەک سەرۆکوەزیرانی داهاتووی ئێراق و ئەو میکانیزمەی بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەی پەیڕەوی لێدەکات، هەرچەندە وەک شتێکی تازە دەردەکەوێ، بەڵام هەر بەشێکە لەو گەمە ئەنجام دیارەی لە کۆتاییدا ئەوە دەکات کە “رەهبەر“ بەدڵی دەبێت.
کورد لە دوو بەشی کوردستاندا و ڕەنگە لە ئاییندەدا لە سێ بەشیش ناچارن دەست و پەنجە لەگەڵ ئەو جۆرە دیموکراسییە نەرم بکەن. لە ئێراق و ئێران و لە ئاییندەدا ڕەنگە سووریاش. ڕێسای یارییەکە بۆ کورد ئەوەیە کە بە بەشداریکردنی لەو هەڵبژاردنانەدا شەرعیەتی زۆرتر دەداتە حوکمی شیعە و لەبەرانبەردا هەندێک مافی دەدرێتێ و دەستکەوتەکانی دەپارێزرێن. ئەم جارە لە ئێران (رۆژهەڵاتی کوردستان) هەستکرا بەشداری هیچ لەو بێ دەستکەوتی و بێ مافییە ناگۆڕێت کە کورد هەیەتی، بۆیەش بایکۆتێکی باڵکێش هەبوو. لە ئێراق (باشووری کوردستان) ئەگەر شیعە هەمان کاریان کرد لە پێکهێنانی حکومەتی نوێدا و کوردیان پشتگوێخست، #هەولێر# دەکەوێتە بەردەم بژارەی دژوارەوە. ڕاستییەکەشی دۆخی باشوور لەوەی ڕۆژهەڵات جیاوازە و پێناچێ خۆکشاندنەوە یان بایکۆتکردنی پڕۆسەی سیاسی لە ئێراقی بندەستی شیعەدا بەقازانجی کوردستان بێت.
[1]