ناونیشان: پشتی پەردەی گەیم ئۆڤەری عەللاوی
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #02-03-2020#
ئایەتوڵڵا خومەیینی لەسەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا وەک قارەمانی ناڕازییەکان هاتەپێشەوە و کاتێک گوتی من دولت تعیین می کنم، بەکردەوە کردی و دەوڵەتی تەعیینکرد. موقتەدا سەدر کە زۆر حەزیدەکرد ببێتە خومەیینییەکی نوێ لە ئێراق، زۆر هەوڵیدا هەمان شت بکاتەوە، بەڵام بە پلەی یەکەم شیعە و ئینجا سوننەش نەیانهێشت دەوڵەت تەعیین بکات. کوردیش کە لە شێوازی کارکردنی ڕازی نەبوو، ئەوەی پێ باش بوو. ئەو لەو ڕۆژانەی دواییدا دەیزانی کە کارتی سەرۆکوەزیرانیی عەللاویی لەدەستدا سووتاوە، متمانەی لای خۆپیشاندەران نەماوە و خەونی براگەورایەتیی شیعەشی لێ زڕاوە. بۆیە بە قسە و هەڵوێستە سیاسییە بەردەوام گۆڕاوەکانییەوە دیاربوو کە عەللاویی دەستنیشاندە دەکاتە مەڕی قوربانی.
پوختەی پلانەکە لە تارانەوە وا داڕێژرابوو کە لە ڕێگەی موقتەداوە خۆپیشاندانەکانی ئێراق کۆتاییدان پێبهێندرێ. بۆیەش ڕێگەدرا موقتەدا سەرۆکوەزیرانی داهاتووی ئێراق تەعیین بکات. ڕەنگە هەر لەسەرەتاشەوە ئەمە بۆ دەرخستنی سەنگ و کاریگەریی ئەو پیاوە کرابێ کە لە هەر شتێک لە ئێراق نیگەران بێت هەڕەشەی خۆپیشاندانی ملیۆنی دەکات. بەڵام دەرکەوت سەنگی موقتەدای بەر لە بەربژێرکردنی عەللاوی و موقتەدای پاش گەیم ئۆڤەربوونی عەللاوی چیدیکە وەکیەک نییە.
لەو ماوەیەدا عەللاوی هەم بە شێوازی دانانی کابینە وەزارییەکەی و هەم بەو بەرنامەیەش کە بڕیاربوو حکومەتەکەی هەیبێ و ڕەنگدانەوەی بیری موقتەدا بوو، تەنیا بۆ کورد نا بەڵکوو بۆ شیعە و سوننەشی سەلماند کە ئێراق دەباتەوە قۆناخی گەرمەی شەڕی تائیفی و ناسەقامگیری و ناسەروەریی دەوڵەت. موقتەدا وا تێگەیشتبوو کە حکومەتی وەرگرتووە، بۆیەش لە دوایین هەڤپەیڤینیدا بە سوپای مەهدی هەڕەشەی لە سوننە دەکرد و بە زمانە بازاڕییەکەی بە باسی پێشمەرگە کوردی ئیستیفزاز دەکرد. ئەو بەیاننامانەش کە بڵاویدەکردنەوە و هێشتاش دەیکات بە زمانی باوکی هەموو شیعەوە دەینووسین و بەمەش سەرکردە شیعەکانی دیکەی هێندەی دیکە لەخۆی نیگەرانتر دەکرد. بەتایبەتیش پاش نەمانی ئەبوو مەهدی موهەندیس نێوماڵی شیعەی ئێراق لەجاران ناکۆکترە لەسەر شێوازی دابەشکردنی دەسەڵات و حوکمڕانی لە ئێراقدا. بەو ئەزموونەش کە عامری و مالیکی و حەکیم و ئەوانیدیکە لەگەڵ موقتەدا هەیانە، سەرەڕای هەبوونی گوشاری زۆری ئێرانیش، بەڵام بۆیان قوورس بوو لەسەر دەستنیشاندەکەی موقتەدا بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران یەکلایی ببنەوە.
هەڵوێستی یەکگرتووی کورد و سەرکردایەتییەکەی لەم گەڕەی دانووستاندنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی ئێراق زۆر گرنگ بوو.
ئەو کۆبوونەوە و جووڵانەی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکران و بڕیارسازانی هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان تێیدا بەشداربوون، ڕۆژانی قۆناخی مەجلیسی حوکمیان بیردەهێناینەوە کە کورد یەکدەنگ بوون لە بەغدا. هەروەها تەجرەبەی بەشدارینەکردنی کورد لەگەڵ سوننە لە بڕیارەکەی پەڕڵەمانتارانی شیعە بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ئێراق، شتێکی بۆ ئێران ڕوونکردەوە، ئەویش ئەوەبوو کە پێکهێنانی حکومەتێک کە تەنانەت هەموو شیعەش لەسەری کۆک بن و کورد و سوننەی تێدا پشتگوێخرابێ، نە لەڕووی نێودەوڵەتییەوە شەرعییەتی تەواوی دەبێ و نە لە بەرژەوەندیی ئێرانیشدایە کە بەوهۆیەوە دیسان بەغدایەکی لاواز و ناسەقامگیری هەبێ.
بە کشانەوەی عەللاویی ئامۆزای ئەیاد عەللاویی کاریگەر لەسەر ڕای گشتیی سوننە، ئەو مەترسییەش لەسەر حەلبووسی نەما کە زۆر هەوڵدەدات وەک ڕێبەری سوننەی ئێراق بە موخاتەب وەربگیرێت. بۆیەش تا پێیکرا لەمپەڕی خستە بەردەم عەللاوی و عەللاویش بەو بەرنامە ناڕوونەی بۆ سوننەکان هەیبوو زۆر یارمەتیی سەرکەوتنی حەلبووسیی دا.
ئێستا ئێراق لە گێژاوێکی سیاسیی نوێدایە و ڕۆڵی سەرۆککۆماریش بۆ دەرچوواندنی لەو گێژاوە دەگۆڕدرێ. هەروەها بۆ پاراستنی مافە دەستووری و کارگێڕی و داراییەکانی کوردستانیش دەتوانێ ڕۆڵی باشتری هەبێ لەوەی تا ئێستا بینیویەتی. ئەگەر ئەوەیکرد لای خەڵکی کوردستان مێژوویەکی نوێ بۆخۆی دەنووسێتەوە. ئەگەر نەیکرد و ئەو دەرفەتە لەکیس بدات، ئیدی هەرچییەک بڵێت، خەڵک هەر پێیدەڵێن: کردار شەرت بوو! [1]