پسپۆڕێکی خۆراک دەڵێت: سنگ باشترین و تەندرووستترین بەشی مریشکە، بەڵام هاووڵاتییان دەبێت هۆشیار بن لە خواردنی باڵ و ملی مریشک.
دکتۆر ناتالیا سیچۆڤا، پسپۆڕی خۆراک لە ڕووسیا دەڵێت: سنگی مریشک دەوڵەمەندە بە پرۆتین کە بۆ بنیاتنانی ماسوولکەکان پێویستە؛ هەروەها بڕێکی کەم چەوریی تێدایە.
لە بارەی باڵ و ڕانی مریشک، ئەو پسپۆڕە گوتی، (لە ڕووی پێکهاتەوە لە گۆشتی سوور نزیکن، چونکە بەشێکی زۆر لە چەوریی تێریان تێدایە)؛ هەروەها دەشڵێت، باشترە باڵ و ڕانی مریشک نیوەڕۆیان و سنگی مریشکیش ئێواران بخورێت.
دکتۆر ناتالیا سیچۆڤا سوودی خواردنی سنگ لە ژەمی ئێواراندا ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت: ڕێگری لە برسیبوون لەکاتی خەوتندا دەکات و خەو باشتر دەکات؛ هەروەها بڕێکی زۆر لە پرۆتینی تێدایە کە جەستە بە باشی هەڵیدەمژێت.
بە گوتەی پسپۆڕەکە، پێستی مریشک زۆرترین بڕی چەوریی زیانبەخشی تێدایە و پێشنیاز دەکات ''بەهیچ شێوەیەک نەخورێت.''
هاوکات پسپۆڕەکە هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان و دەڵێت: زۆرجار دەرزیی هۆرمۆن و ڤاکسینەکان لە مل و باڵی مریشک دەدرێن و دەڵێت: دەبێت بە شێوەیەکی سنووردار بخورێن، چونکە زیان بە جەستە دەگەیێنن.
دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کەسانەی تەندرووستن دەتوانن باڵی مریشک بخۆن، بەڵام ئەو هۆرمۆنەی لە باڵی مریشک دەدرێت زیان بە کۆرپەلەی ژنانی دووگیان دەگەیەنێت، بۆیە باشترە ژنانی دووگیان نەیخۆن. [1]