ناونیشان: بە کۆرۆنا ناوێرین؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #09-03-2020#
ئەو شەڕەی چەند هەفتەیەکە لەگەڵ کۆرۆنا دەستی پێ کردووە، بووەتە جەنگێکی جیهانی. جەنگێک کە دوژمنەکەمان دەزانێ بە کام چەک هێرشمان بکاتەسەر، بەڵام لەبەرئەوەی ئێمە هێشتا باش نایناسین، نازانین بە کام چەک هێرش یان تەنانەت بەتەواوەتی بەرگریش بکەین. لەبەرئەوەی وەک شەڕی #داعش# وێنەی تەقینەوەی گەورە و هێرشی فڕۆکە و شەڕی بەرەیی نییە، میدیا ناتوانێ لە ڕووماڵەکانییدا بەتەواوەتی قەبارەی ئەو مەترسییە پیشانبدات کە لەو شەڕەدا لەسەر هەموو جیهانە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەم شەڕە لە شەڕی داعشیش مەترسیدارترە. دەرهاویشتەکانی ئەم شەڕەش لە کوورتمەودا و درێژمەوداشدا ڕوانین و شێوازی کارکردنی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت.
ئەوەی کە دەگوترێت نابێ ترس بڵاوبکرێتەوە و دۆخی دەروونیی خەڵک ئاڵۆز بکرێت، ڕاستە. هەمان شت لەکاتی شەڕی دژی داعش و شەڕەکانی دیکەشدا ڕاست بوو و شەڕ بە ورەی بەرزەوە باشتر دەکرێت، بەڵام بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن دەبێ وێنەی ڕاستەقینەی مەترسی و هەڕەشەکەش ببینین. کۆرۆنا گاڵتە نییە و هی ئەوە نییە بە سەیران و چوونە پشتی سەیتەرە لەبیر خۆتی ببەیتەوە، بەڵکوو دەبێ شەڕی لەگەڵ بکەی. کە تاوەکوو ئێستا خۆلێشاردنەوە و گۆشەگیرکردنییەتی (تاوەکوو لەنێوچوونی) لە چوارچێوەی نەخۆشخانە و نێو ماڵاندا. هەرچی قسەی بریقەدار و شیکردنەوە لەبارەی کۆرۆناوە دەکرێ، لەمە زیاتر نییە: مادام چەکەکەمان پێنییە، دەبێ دوژمنەکەمان ببەینە ئەو ژینگەیەی بە پشوودرێژی بۆخۆی تێیدا لەنێودەچێت.
ئەمڕۆ کە نرخی نەوت بەخێراییە دابەزی، ترسی ئەوروپاییەکان بەتایبەتی و وڵاتانی ڕۆژاوایی تەنیا لەو دابەزینەی نرخی نەوت نەبوو، بەڵکوو زۆرتر لەوە بوو کە ئەمە کاریگەریی لەسەر خێراتربوونی دەستپێکردنی قەیرانێکی دارایی کەمەرشکێن بەهۆی پەیدابوونی کۆرۆناوە هەبێت. ترسەکەش لەجێگەی خۆیدایە. ئەمڕۆژانە هەندێک شوێنی ئەوروپا ڕۆژانی قات و قڕی و ترسی سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمیان وەبیر خەڵکی دەهێنایەوە. ڕەفەی بەتاڵی مارکێتەکان بۆ وڵاتێکی وەکوو کوردستان کە لەپڕ تووشی شەڕی داعش بوو یان بۆ قەتەر کە لەپڕ سعودییەکان و هاوپەیمانەکانی بایکۆتیانکرد، شتێکی ئاسایی بوو، بەڵام بۆ وڵاتانی ئەوروپایی کە کۆگای زەبەللاح و خۆراکی پاشەکەوتکراویان بۆ ڕۆژانی تەنگانەش ئامادەکردووە و بەبەردەوامی مەشقی بەرەنگاربوونەوەی کارەساتی وەک ئەوەی کۆرۆنا دەکەن، شتێکی تۆقێنەرتر بوو. ئەگەر ئەو قەیرانە داراییەش بێت، ئەگەر کۆرۆناش نەمابێت، دەرهاویشتەکانی کۆرۆنا ئازاردەر دەبن.
ئێستا لە جیهاندا کۆمەڵێک وڵات و زۆن هەن کە وەکوو ڕەققە و موسڵ بۆ داعش ئەوانیش ناوەندی تەشەنەکردنی کۆرۆنان: لە ئاسیا هەریەکە لە چین و کۆریای باشوور و لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئێران و لە ئەوروپاش ئیتاڵیا. خەریکیشە لە هەندێک شوێنی دیکەی دنیاش ئەو ناوەندانەی تەشەنەسەندن درووستدەبن. هۆکاری ئەمەش ئیدارەی خراپی دەستپێکردنی شەڕی دژی کۆرۆنا بووە لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە. هەرچەندە چین لە قۆناخی دوای تەشەسەندنەکەدا زیرەکانە ڕەفتاریکرد و وەکچۆن هەواڵە ناخۆشەکان لەسەرەتادا لەوێوە دەهاتن، ئێستا هەواڵە خۆشەکانی شەرەکەش هەر لەوێوە دێن. بەڵام بەداخەوە ئێران لە سەرەتاوە و تاوەکوو ئێستاش هەر هەواڵی ناخۆشی شەڕەکەی لێوە دێت.
ئەوانەی بڕوایان بە بیردۆزی پیلانگێڕی هەیە دەڵێن کۆرۆنا درووستکراوێکی ئەمریکی بوو و ئامانج لێی خاپوورکردنی ئابووریی چین بوو، بەڵام هەشن دەڵێن چین کۆرۆنای درووستکرد تاوەکوو ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمساڵدا بدۆڕێت. ئەمانە یەکێکیان ڕاست بن یان هیچیان ڕاست بن، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕن کە بۆ گەلی بچووک و کەم کاریگەریی وەکوو کوردستان خۆئامادەکردن بۆ ئەوەی بەڕێوەیە و خۆپاراستن لەوەی کە هەیە لە هەموو شتێک گرنگترە. خۆشبەختانە تاوەکوو ئێستا هەرێمی کوردستان کەمترین پریشکی ئاگری شەڕەکەی بەرکەوتووە و ڕێوشوێنی ڕاست و گونجاویش گیراونەتەبەر، بەڵام دەبێ خەڵک بزانن مەسەلەی کۆرۆنا پەیوەندیی بە ئاساییشی نیشتمانییەوە هەیە و نابێ حکومەت بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی، ئەگەر پێویستیکرد، لە هیچ ڕێوشوێنێک سڵ بکاتەوە. نابێ لەبیرمان بچێت کە ئەوەی وایکرد لە چین دۆخەکە باشترببێت ئەو سڵنەکردنەوەیە بوو و تەدەخولی هێزی سەربازی و ئەمنی بوو لە شەڕەکەدا. ئەوەی لە ئێرانیش وایکرد دۆخەکە لەدەست دەرچێت، تەدەخولنەکردنی سەربازی و بەپیرۆزترزانینی شاری قوم لە سەلامەتیی ملیۆنان کەسی تەنیا ئێرانی نا، بەڵکوو سەرتاسەری جیهان بوو. [1]