ناونیشان: هەڵاڵەی زمانی کوردی شێوە ئاخاوتنی هەولێر
ناوەرۆک: زمانەوانی
نووسین: چۆلی فایەق
وشەی [گاز] لە زمانی نۆێی کوردی چەند واتایەکی هەیە و لەیەکترجودان، واتە لە زانستی زمان بە وشەیەکی [هاوبێژ/هاوگۆ] پێناس دەکرێت. هاوبێژ، وشەیەکی هاوشێوەیە لە نیگار و پیتەکان، بە [قەپێلک] بەیەک دەچن و یەکشێوە دەنووسرێن، بەڵام لە واتا جودان و بە [ناوک] یەک شتن نین.
گاز: گاس، گاسکردن، بانگکردن، چڕین، هۆرە.
گاز: گەز، گەززە، قەمپار، قەپ، گەستن، گەزتن.
گاز: ئامێرێکە بە پلایس دەچێت، کە تایبەتە بە گازگرتن، ڕاکێشان و دەرهێنانی بزمار.
گاز: ئەو شلەمەنییەی، کە بە دۆخێکی فیزیایی مادەی گازی لێ چێ دەبێ.
ئەوەی لێرە مەبەستمانە، وشەی گازە بە واتای گاسکردن و بانگکردن، کە لە دەشتی هەولێر [باشووری کوردەوار] بەکاردێت. وشەکە گۆڕانی دەنگی بەسەردا هاتووە، دەنگی [س-سێ] بە [ز-زێ] گۆڕاوە، هەروەک لە چەندان وشەی دیکەش دەنگی زێ جێی سێ یان سێ دەنگی زێی گرتووە: گاس بووە بە گاز، گواستن بە گوازتن و خواستن بە خوازتن، واتە ئەم جێگۆڕکێیە بە گۆ و لەبزی کوردی ئاشنایە. ئەم گۆڕاوییە دەنگسازییە بە ڕێسایەکی فۆنۆلۆجیی زمان چێ بووە، گونجانی کۆنسنانت/گونجانی ناتەواو ڕووی داوە، دەنگێکی کپ بە دەنگێکی گڕ گۆڕدراوە.
لە فەرهەنگی ڕیشەناسیی ئەڵمانی، وشەی گاس/گاز بۆ زمانی [ئاڤێستا] و فەرهەنگی دینیانەی زەردەشتیێتی دەگەڕێنێتەوە. لە فەرهەنگی لغتنامهٔ دهخدای فارسی بنەچەکەی بۆ زمانی هێندی دەگەڕێنێتەوە، بنجی نیگاری وشەکەی بە [گهاس] تۆمار کردووە. لەبارەی یەکلابوونەوەی زمانی ئاڤێستا، تا هەنووکەش مشتومڕی گەرم هەیە. لەسەر کوردیێتیی زەردەشت و زەردەشتیێتییش هەروەتر و ئەوە باسێکی دیکەیە. بەڵام بەگوێرەی بەراوردکاری و ڕامان لە زەمینەی ئەوسای وشەکە، وشەکە بە وشەیەکی خۆماڵیی سەرزەمینی کوردستان دەبینین.
*یەک
دەیان گوفتار یان ڕەفتاری دێرینی کورد لە دەڤەری هەولێر ماون، کە ڕەگوڕیشەیان بۆ سەردەمانێکی زۆر دێرینی ئەو وەڵاتە دەگەڕێنەوە. کە هەزاران ساڵە ئەو دەشتە خاک و هەواری کورد بووە، ئەوا ئاساییە کە بە دەیان وشە و ڕەفتاریش زار بەزار و دەست بەدەست لەنێوان نەوە کوردەکان بۆ یەکتر بگوازرێنەوە. وشەی [گاس/گاز] یەک لەو وشانەیە، کە لە هەولێر تا ئەمڕۆش بەکاردێت و مێژووەکی دێرینی لە سەرزەمینی کوردەوار هەیە. هەروەتر هەروەک وشەی [کوو]ی هەولێر بە واتای [چۆن]، کە ئەویش مێژووە زمانەوانییەکەی بۆ بەر لە ئاڤێستا و مادەکانیش دەگەڕێتەوە.
*دوو
گاز/گاس وشەیەکی نووسراوەیی چنگی نووسەران نییە، وشەیەکیش نییە لەنێو دەقێکی دێرین خۆی مەڵاس دابێت، بەڵکە وشەی سەرزاری خەڵکی ڕەمەکە، وشەیەکی چالاکی ڕۆژانەی زمانی ڕۆژانە و میللییە، کە ئەوەش هێز و چڕیی زێتر بە هەر وشە یان گوزارەیەک دەدات. پشت بەپشت، دەیان سەتەیە، خەڵکی ئەو دەشتە ئەم وشەیەیان لەیەکتر وەرگرتووە و بەکاریان هێناوەتەوە.
*سێ
ڕاستییەکەی لە دەشتی هەولێر وشەی [گاز/گاس] هەر بە مەبەستی بانگکردن بەکارنایەت، بەڵکە گاسکردن لەو دەڤەرە بە واتای چڕین، بێژتن، سەردوولکە و ستران دێت. خەڵکی ئەو دەشتە کە داوای ستران لەیەکتر دەکەن، دەڵێن: کابرا حەیرانەکم لۆ گاس بکە یان ئەوها دەڵێن: دەچمە دیوەخانێ، گاز دەکەمە لاوک و حەیرانان یان نارەم بە ئازارە، لۆم گاز کە سەردوولکە و حەیرانان... ئەوەی لەو وشەیە جێسەرنجە، شێوە و جۆری گۆرانیی [گاس]کردنە، کە شێوەی لاواندنەوە و سەردوولکەیە. واتە بریتییە لە گۆرانیی دڵزار و خەمبار، کە خەمڕەوێنیشن. لە دەشتی هەولێر گاسکردن بۆ [حەیران، لاواندنەوە، لاوک، سەردوولکە] بەکاردێت، نەک بۆ گۆرانیی شایی و لۆغان. لە دەشتی کۆیەش، گاسلێدەر ئەو سەپانەیە، کە بەدەم دروێنەوە جۆرە سروودێک دەچرێت. هەروەتر هونەری گاسکردنی کوردی چووەتە نێو فەرهەنگی ئیسلامی و سۆفیگەرییش، دەروێشی کورد سەڵاوات و سرووتە دینییەکانیان بە فۆرمی گاسکردن دەخوێنن و دەچڕن.
*چار
لە ڕۆگاری مادەکان «گاسە»کانی زەردەشت هەن، کە هەڵبەست و سروودی ئایینیین و بە ئاوازی تایبەت گۆتراون. چڕینی گاتەکانی زەردەشتی بە شێوەی چڕینی [هۆرە/ هۆرەهۆر]ی گەرمیان چووە. [سروودی ئەهۆرا] لە کوردەوار باو بووە، کە هەنگینێ کوردەکان لە پێداهەڵدانی [ئێزدان: ئەهۆرامەزدا] بە نەوا و ئاوازێکی نزیک لە هۆرە چڕیویانە. هۆرە و حەیران و لاوک و دەنگبێژی و سەردوولکە، خڕ هونەری گاسکردنن، کە لێگاسکردنیش نەوا و ئاوازێکی دێرین و ڕەسەنی کوردەوارە.
*پێنج
دواتر واتای پڕاگماتیکیی ئەو وشەیە وەرگیراوەتەوە، ئیتر خەڵکە ڕەمەکەکە ئەو زاراوەیەیان کردووە بە وشەیەکی ئاسایی، ڕۆژانە بە واتای بانگکردن و ئاگەدارکردنەوەی یەکتر بەکاریان هێناوەتەوە. وەک ئەوەی کە دەڵێن: گازی فڵانە کەسی بکە. واتە بانگی بکە.
پوختەی قسان: وشەی [گاز/گاس]کردنی دەشتی هەولێر، وشەیەکی یەکجار دێرینی کوردەوارە، کە بۆوبەرامەی دەیان سەتەی لەوەوبەری ئەو وەڵات و خەڵکەمان بۆ دەگوازێتەوە. سەیرم بە کەسانێک دێت، کە بەوپەڕی بێباکییەوە، گاڵتەوگەپ بەو وشەیە و چەندان وشە و دەربڕینی دیکەی دێرینی کوردەوار دەکەن.
[1]