ناونیشانی بابەت: لاپەڕەیەک لە مێژووی شۆڕشی کوردستان
ئامادەکردن: #ئەسرین عاسی شوانی#
دوای ئەوەی حوکمی پاشایەتی لە ئێراق ڕووخا و کۆماری ئێراق لەلایەن عەبدولکەریم قاسم ڕاگەیەنرا و کەشوهەوایەکی تا ڕادەیەک ئارام و پۆزەتیڤ ئێراق و ناوچەکەی گرتەوە و بارزانی و هاوڕێکانیشی لە ڕووسیا گەڕانەوە، جۆرێک لە شنەی دیموکراسی لە نەشونماکردندا بوو، پارتی دیموکراتی کوردستان بەفەرمی ڕێگای کارکردنی پێ درا و ڕۆژنامە و بڵاوکراوەیان بەئاشکرا دەرکرد، شۆڕشی کورد ڕوو لە گەشەکردن و جموجۆڵە سیاسییەکان لە برەودا بوو، ڕۆژبەڕۆژ بزووتنەوەی کوردایەتی کڵپەی زیاتر دەدا، بۆیە بۆ داگیرکەران و دوژمنانی کورد، ئەو پێشکەوتن و یەکگرتووییە پاروویەکی ئاسان نەبوو هەروا بجوێنرێت.
بۆیە عەبدولکەریم قاسم ڕۆژ دوای ڕۆژ لە بەڵێنەکانی لە پاشگەزبوونەوە و پاشەکشەدا بوو، تا دەهات نێوانی حکوومەتی ئێراق و شۆڕشی کوردستان کەلێنی تێ دەکەوت، تا کار گەیشتە ئەوەی، لە 1961 سوپای ئێراق بە فەرمانی قاسم پەلاماری کوردستان بدات، بە تایبەت پەلاماری ناوچەی بارزان، کە زێدی خودی سەرۆک مستەفا بارزانی، ڕابەری شۆڕشی ئەیلوول بوو، ئەمەش بووە مایەی شەڕی خوێناویی نێوان پێشمەرگەی کوردستان و سوپای ئێراق.
شەڕ درێژەی کێشا، تاوەکوو لەلایەن بەعسییەکانەوە کۆتایی بە دەسەڵاتی قاسم هێنرا و لە ساڵی 1963 عەبدولسەلام عارف بوو بە سەرکۆماری ئێراق. ئەمیش لای خۆیەوە دەسپێشخەریی ئاشتیی پێشکەش بە شۆڕش کرد و لە 10ی شوباتی 1964، ڕێک کەوتن و ڕێککەوتننامەکەش ناسرا بە ڕێکەوتنامەی شوبات، بەم هۆیەشەوە شەڕ لەنێوان حکوومەت و سوپای ئێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەستێنرا.
لە ڕێککەوتننامەکەدا چەندین خاڵی گرنگ خرانە ئەجێنداوە، لە گرنگترینیان، داننان بە مافی نەتەوەی کورد و جێگیرکردنی لە دەستووری وڵاتدا، ئازادکردنی گیراوە سیاسییەکانی لای ڕژێم، کە بەهۆی کێشەکانی کوردستان و شۆڕشەکەیەوە ئاخنرابوونە کونجی زیندانەوە، دەرکردنی لێبوردنی گشتی و هەڵگرتنی دەسبەسەراگرتن لە هەموو کەلوپەلێکی گوازراوە و نەگوازراوە، نۆژەنکردنەوە و دووبارە بیناکردنەوەی کوردستان و گەڕانەوەی فەرمانبەران و بەکاربەرانی کورد بۆ پیشە و کاری پێشوویان، قەرەبووکردنەوەی خاوەن زەوی و ماڵە زیانلێکەوتووەکان.
ئەمەو چەندین خاڵی دیکە کە حکوومەتی ئەوکاتی ئێراق لەسەر مێزی گفتوگۆ واژۆی کرد و هەموو لایەنە پەیوەندیدار و وەزارەتەکانی بۆ جێبەجێکردنیان بە فەرمی ئاگادار کردەوە، بەڵام ڕێککەوتننامەکە دووبارە بە هەڵگیرسانی شەڕ، خاڵە جەوهەرییەکانی کوێر بوونەوە، لەبەر ئەوەی ماڵی نێوخۆی کورد پەرتەوازەیی تێ کەوت و شۆڕش بووە دوو بەرەی دژ بە یەک، لەگەڵ ئەوەشدا دەستی دەرەکی و ناوچەیی وای کرد، ڕێککەوتننامەی شوبات هیچ شتێکی لێ بەرهەم نەیەت و جارێکی دیکە داگیرکەرانی ئێراق هەڵبکوتنەوە سەر کوردستان و گێچەڵی شەڕ دووبارە بەرۆکی کوردستان بگرێتەوە.
هەرچەندە ئەو ڕێککەوتنە لە ئەنجامی ئەوە درووست بوو کە بەعسییەکان تازە کودەتایان بەسەر قاسمدا کردبوو، بۆ شوێنپێ قایمکردنیان پێویستیان بەوە بوو لەگەڵ کورد ڕێک بکەون و پشوویەک وەرگرن، تا خۆیان ڕێک دەخەنەوە، بەڵام بۆ مێژوو، ئەوە جاری یەکەم بوو، کە سەرسەخترین دوژمن ئامادە بێت گوێ لە داواکاریی کورد بگرێت و لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵیدا کۆ ببێتەوە، کە ئەوەش ڕێچکەیەک بوو تا ڕێککەوتننامەی 11ی ئازاری بەدوادا بێت و کورد لە جاران زیاتر و بەهێزتر سوور بێت لەسەر مافەکانی و داکۆکی لەسەر بست بە بستی خاکەکەی بکات. [1]