ناونیشان: شەڕی سارد دەستی پێ کردووە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #14-04-2020#
ئێستا کە دنیا لە پەشۆکانە گەورەکەی دەستپێکی پەیدابوونی کۆڤید نۆزدە دەرچووە، وردەوردە ئاشکرا دەکرێ کە ئەوەی تێیکەوتووین بە مانگێک و دوو مانگ تەواو نابێ و هەویرەکەی ئاوی زۆرزۆرتر دەکێشێ، بەڵام لەوە ناخۆشتر ئەوەیە کە ڕۆژبەڕۆژ ئەو شەڕە ساردەی بەهۆی کۆرۆناوە درووستیپێکردووە گەرمتر دەبێت. شارەزایەکی هۆڵەندیی ترێندناس دەیوت مرۆڤایەتی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو. قسەکەی ڕاستبوو، بەڵام دەبووایە بڵێت: مرۆڤایەتیی گەڕاوەتەوە بۆ ئەوکات. درووست وەک دەستپێکی شەڕی نێوان دوو بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا، ئێستاش شەڕێکی خەست لەنێوان چین و ئەمریکادا دەستی پێ کردووە و زۆر بەشی جیهانیش هێشتا خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە کە لایەنگری کامیانە. تەنیا ڕووسیا نەبێت، کە بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدات ئاگری شەڕەکە خۆشتر بکات.
هەندێک لەو توێژەرانەی کاریان لەسەر ئاییندەی پاش کۆڤید نۆزدە کردووە، پێشبینییانکردووە کە هەواڵی هەڵبەستراو (فەیک نیوز) لەگەڵ تەواوبوونی قەیرانی کۆرۆنادا ماڵاوایی بکات، بەڵام وەک لە وێنە گەورەترەکەدا دەردەکەوێت، ئێستا درووست بەپێچەوانەکەی ڕوودەدات. ئەمریکا و چین ماشێنی گەورەی پڕوپاگەندەیان خستووەتەگەڕ و هەریەکەیان هەوڵدەدات نووسخەیەک بە زمانی خۆی بۆ ئەو پەتایەی دنیای گرتووەتەوە بپێچنەوە. ئەنتۆنی فاوچیی باوکی شەڕی پەتاکان لە ئەمریکا چین بەوە تۆمەتبار دەکات کە بەهۆی شاردنەوەی زانیارییەوە لەبارەی کۆرۆناوە، جیهان و ئەمریکای بەتایبەتی تووشی ئەو کارەساتە کردووە کە ئێستا تێیدایە. ئەمە تەواو پێچەوانەی ئەو قسانەیە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە ترەمپ و کۆشکی سپی بیستوومانە و ئەوەندەی گوێم لێیگرتبێ لە هەڤپەیڤینەکانی لەگەڵ فۆکس نیوز، ترەمپ بەردەوام گوتوویەتی متمانەی بە چینە و بەتایبەتیش پێیوایە سەرۆکی چین هەوڵی زۆریداوە بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە. ئەگەر جارجارە لەژێر لێوەوە ترەمپ ڕەخنەیەکیشی گرتبێ بۆ شکاندنی ئابووریی چین بووە و لەوانەی گرتووە کە لە هەرەمی دەسەڵاتی چینیدا لە ئاستی خوارەوەدان و شتیان بەدەست نییە.
چین لەسەرەتاوە بەوە نیگەران بوو کە ناو لە ڤایرۆسە کۆرۆنا نوێیەکە بنرێ (ڤایرۆسی چینی) یان (ڤایرۆسی وهان) . میدیای ئەمریکیش، بەتایبەتی ئەوانەی دژی ترەمپن و کاریگەرییان زۆرە، لەسەرەتادا وا ناویاندەهێنا. ئارگیومێنتەکەش ئەوەبوو کە وەک چۆن پەتای ئیبۆلا بەناوی ڕووبارێک کراوە لە ئەفریقیا و پێشتر پەتای مێرس بەناوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە کراوە، ئاواش ئاساییە کە ئەو ڤایرۆسە بەناوی چینەوە بکرێت. دواتر کە ترەمپ و ئیدارەکەی ئەو مەسەلەیەیان کردە کەیس و دوای کەوتن، ئەو میدیایانە لەڕقی ترەمپ بەپاساوی ئەوەی کە ئەو ناونانە هەستی ڕەگەزپەرستی بەهێزدەکات، خۆیان پابەندی ناونانەکەی ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی کرد و کردیانە کۆڤید نۆزدە.
ئەمریکا و ئێران لە هیچدا کۆک نەبن لە زاری بەرپرسانی بواری تەندرووستییان دەردەکەوێ کە لەسەر لۆمەکردنی چین لەبارەی شاردنەوەی زانیاری سەبارەت بە مەترسیداریی کۆڤیدی نۆزدەوە کۆکن. تێگەیشتنی گشتیش ئەوەیە کە لەبەرئەوەی لەسەرەتادا هەموو جیهان پشتی لە چین کرد و لە میحنەتی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکەدا لەگەڵی نەبوو، چین بەئەنقەست ڕادەی مەترسیداربوونی پەتاکەی شاردووەتەوە و ڕێگەیداوە بە جیهاندا بڵاوببێتەوە بۆ ئەوەی بۆ گەیشتنە ئامانجە جیۆسیاسییەکانی سوودی لێ وەربگرێت. بۆیە بینیمان لەگەڵ تەشەنەسەندنی پەتاکە لە ئیتاڵیا، چین وەک فریادڕەس لە ئەوروپا دەرکەوت و پەیتاپەیتا کۆمەکی گەیاندە لێقەوماوانی ئەو وڵاتانە. لە تەنیشت ئەمە چین لەسەر دوو ئاست دەستی بە شەڕی سارد کرد، یەکەم، باڵیۆزخانەکانی لە سەرتاسەری جیهان وایان پیشاندا کە کۆماری میللیی چین هەموو ئەو هاریکارییانەی دەیگەیێنێتە ئەو دەوڵەتانە وەک کۆمەک و بێبەرانبەر دەیکات، دووەمیش، دنیای لە ئەمریکا هاندا و بێدەسەڵاتیی ئیدارەی ترەمپی لەم قەیرانە جیهانییەدا باشتر پیشاندا. ڕووسیا و ماشێنی پڕوپاگەندەی ڕووسیش لەمەدا هاوکارییەکی باشی چینی کرد و هێشتاش دەیکات.
دواتر وردەوردە شەڕی فەیک نیوز ڕواڵەتەکانی دەرکەوتن. دەرکەوت زۆر لەو دەوڵەتانەی چین وا پیشانیدەدات کۆمەکیان دەکات، پێشتر بەشی زۆری ئەو کەرەستانەیان کڕیوە و چین تەنیا هەندێک دیاری بۆ کڕیارەکانی خستووەتە نێو ئۆردەرەکانیانەوە. هەروەها دەرکەوت بەر لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە ئەوروپا و ئەمریکا، کۆمپانیا چینییەکان ڕێژەیەکی زۆر کەرەستەی تەندرووستییان لە ئەوروپا و ئەمریکاوە کڕیوە و بردوویانە. هەروەها وردەوردە ئەو دەوڵەتە ئەوروپییانەی لەم قەیرانەدا زۆریش لە ئەمریکا پەستن، کەوتنە تەقە لەو کەرەستانەی لە چین کڕیویانە و کواڵیتیییان خراپە و بەکەڵکی خۆپاراستن لە کۆرۆنا نایەن. چین ئەو دۆخە ئابوورییەی ئێستای جیهان بە دەرفەتێک دەزانێ بۆ چەسپاندنی باڵادەستیی خۆی، بۆیەش بۆ نموونە خاوەنی کۆمپانیای عەلی بابا وەک خێرخواز و قارەمان و فریادڕەسێکی وڵاتە هەژارە کۆڕۆنازەدەکانی جیهان دەهێنێتە پێشەوەو بەوە هەوڵدەدات بەسەر کۆمپانیای ئامازۆنی ئەمریکیدا سەریبخات. بۆیەش کاتێک کۆشکی سپی پێداگیری لەسەر ناوهێنانی ڤایرۆسەکە بە ڤایرۆسی چینی دەکات، پەکین دەزانێ واشنتن کوێی دێشێ!
ئێستا جیهان لە دوو جەنگدایە، یەکێکیان لەگەڵ کۆرۆنایە و تەنانەت تاوەکوو دوای دۆزینەوەی پێکوتەکەش لە ساڵ و نیوی داهاتوودا درێژە دەکێشێ و هەمووشمان تێیدا بەئامانجگیراوین. جەنگەکەی دیکەش ئەو جەنگە جیهانییە ساردەیە کە تازە دەستی پێ کردووە و دیار نییە چۆن مرۆڤایەتی دەسووتێنێ و دیسان ئەویش هەموومانی، بە کوردستانیشەوە، بەئامانج گرتووە. بۆیە بۆ کوردستان و بەتایبەتیش سەرکردایەتییەکەی گرنگە نەک بە دوو چاو بەڵکوو بە چوار چاو ئەو جەنگەی دووەمیش بشۆپێنن و لەخۆیان بپرسن: پێویستە پێگە و هەڵوێستی ئێمە لەو شەڕەدا چی بێ؟ [1]