ناونیشان: لایک حوکممان دەکات
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #21-04-2020#
قسەکانی دوێنێی #نێچیرڤان بارزانی# ئاوێک بوو بە ئاگرێکدا کرا، کە دوو هەفتەیە هەناوی خەڵکی کوردستان دەسووتێنێ. ئاگرێک کە بە فووی فەیسبووک خۆشتر و خۆشتر دەبوو و سیاسییەکانی کوردستانیش ڕادەستی ببوون. ڕستەی (دوو ئیدارە، واتە سفر ئیدارە) لەبەرئەوەی لە کات و شوێنی گونجاوی خۆیدا گوتران، کاریگەرییەکەیان لە سەت وتار و کۆمێنتی دوورودرێژی سەرکردە فەیسبووکییەکان زیاتر بوو، چونکە ئەوانی دیکە، بەرلەوەی قسە بکەن، بەو زانیارییە سنووردارەی لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەو شارەزاییە سنووردارەی لەبارەی (دابی موعاشەرەت) لەو تۆڕانەدا هەیانە، دەکەوتنە ژێر کاریگەریی ئەوەی کە چی لەوێ لایکی زیاتر دەهێنێ. ئەنجامەکەشی ئەوەیە و ئەوە بووە کە ڕۆژبەڕۆژ بە قسەکانیان خەڵکیان لە شێوازی حوکمڕانییان نائومێد و بێزارتر کردووە و دەکەن. ئەو ڕووداوەی زینی وەرتێ زۆر ڕاستیی تاڵی بۆ خەڵک دووپاتکردەوە و وەک ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتیش گوتی، خەڵک مافی خۆیەتی لەسەر ئەو هەڵسوکەوتانە لە پارتی و یەکێتی تووڕەبن. بەڕاستیش خەڵک تووڕە و نائومێد بوون.
ڕاستییەکەی من لە گۆشەی هەفتەی ڕابردوومدا دەمەویست لەسەر ئەو ڕووداوە و ئەو ئاستە ناپرۆفێشناڵەی شەڕەفەیسبووکی نێوان کەسانی نێو دوو لە سێ حیزبە حوکمڕانەکانی کوردستان بنووسم، بەڵام هێندە قسەکان قێزەون ببوون کە بۆ من کەڵکی لەسەر نووسینی نەمابوو. دوێنێ، کە گوێم لە قسەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، دڵخۆش بووم کە گوێم لە وتاری دەوڵەتداری و گەڕانەوە بۆ مەنتیق و هەڵنەچوون بووەوە. بەتایبەتیش ئێستا کە کوردستان لەنێوەڕاستی قەیرانێکدا خەریکە گیرۆدەی قەیرانێکی نوێتر دەبێتەوە، بۆ من و دڵنیام زۆربەی خەڵکی کوردستانیش مایەی پرسیار و تێڕامانە کە سەرکردە لەنێو ئەو دوو حیزبەدا هەبن کە لەجیاتی سەرقاڵبوون بە چارەنووسی وڵات و میللەتەکەیانەوە، هێندە کاتیان بۆ بیرکردنەوە لە شەڕێک هەبێت کە گۆڕەپانەکەی فەیسبووک بێت.
ڕاستییەکی تاڵ هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئێمە کاتێک لەنێوەوەی کوردستانەوە خۆمان دەبینین، سێبەرە گەورەکەی خۆمان دەبینین، نەک وێنە ڕاستەقینەکەمان. حوکمڕانیی سێ شارمان بەدەستەوەیە کە لە باشترین حاڵەتدا تازە بە تازە شەقامی سەت و بیست مەتریی تێدا درووستدەکرێت و شەمەندەفەر و تراموا و میترۆی هەر نییە، کەچی وادەزانین حوکمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەین! نە لەڕووی تەکنەلۆژیاوە، نە لەڕووی ئابووری و سەربازی و تەندرووستی و پەروەردە و کولتووری و هیچ لایەنێکی دیکەوە ئیزافەیەکی وامان نییە بۆ جیهان و کێبڕکێمان لەگەڵ دراوسێکانی خۆشمان پێناکرێ، بەڵام کاتێک قسەدەکەین، وا هەستدەکەین هەموو مرۆڤایەتی قەرزدارمانە. ئەو وێنە هەڵە و خەیاڵییە لەخۆمان و هەڵخەڵەتان بە سێبەرەکەمان، کارەساتی بەسەرهێناوین. ئەگەر وەهۆشخۆشمان نەیەینەوە، کارەساتی دیکەشمان بەسەردەهێنێت.
ئێمە هێشتاش کیانێکی هەڕەشەلێکراومان هەیە کە خۆمان پێش ناحەزەکانمان زوڵمی لێدەکەین. چونکە بە سیستمێکی بەڕێوەبردنی ناکارا و گەندەڵ و بە ڕیفۆرمە کیسەڵییەکانمان دەمانەوێ بیپارێزین و پێشبیخەین، بەڵام دادمان نادات. هەر ئەو خەمساردییەشە وادەکات کە پێمان ئاسایی بێت خیتابی ناکۆکی و لێکتێنەگەیشتنی حیزبی زاڵبێت بەسەر ئەو زمانە نیشتمانییەی دوێنێ سەرۆکی هەرێمی کوردستان قسەی پێدەکرد.
حوکمڕانە پێشکەوتووەکانی جیهان دامەزراوەی پرۆفێشناڵیان هەیە بۆ زانینی ڕای شەقام و تەنیا پشت بە فەیسبووک نابەستن بۆ بڕیاردان لەسەر سیاسەت و وتاریان. سەیری ترەمپ مەکەن، کە شۆومەنە و هێندەی خەریکی تویتەرەکەیەتی، هێندە ڕاپۆرتە گرنگەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەتەکەی ناخوێنێتەوە. بۆیەش ئاگای لە هۆشدارییەکانی کارەساتباربوونی کۆرۆنا نەبوو و بەمەش کارەساتێکی گەورەی بەسەر وڵاتەکەی هێنا. ئەمە نموونەیەک نییە کە سەرکردەکانی ئێمە چاوی لێبکەن. حوکمڕانی بە لایک ناکرێت. [1]