ناونیشان: بەتەمای گۆڕان نین
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #05-05-2020#
ئەوانەی لە بەغدان و بە موناسەبە و بێ موناسەبە بەشە بودجەی کوردستان دەبڕن یان دەینێرن، ڕەنگە لە قووڵایی دڵیانەوە بەو شاندەی ئێمە پێبکەنن، کە هەفتەی ڕابردوو و ئەم هەفتەیەش بۆ هێنانەوەی پارە چوونەتە ئەوێ. ڕاستییەکەی یەکێکی وەک منیش پێیانپێدەکەنێ، بەڵام بۆ گاڵتەپێکردن نا، بەڵکوو لەداخان. پاش سی ساڵ لە حوکمڕانیی خۆیی و پاش ئەو هەموو هەڕەشە و گوڕەشەیەی لە بەغدامان دەکرد و دەمانوت ماڵ جیادەکەینەوە، تازە بە تازە دەپاڕێینەوە بۆ ناردنی بودجەیەک کە سەرکردەیەکی نەخوێندەواری حەشد بە ئاماژەیەکی تاران دەیبڕێ. ئەو هەموو دەرفەتانەی هەمانبوون بۆ ئەوەی ئەمە بگۆڕین، لەدەستدران. هەرچەندە هیچ شتێک مەحاڵ نییە، بەڵام 30 ساڵ بەسە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین ئێمە بەتەمای گۆڕان نین!
سەرۆکی شاندی پاڕانەوە #قوباد تاڵەبانی#یە. ئەو قوبادەی دەسەڵاتی تەواوی وەرگرتبوو تاوەکوو لە ڕێگەی سیستمی بایۆمەترییەوە تەتەڵەی لیستە خەیاڵییەکانی مووچە بکات و نەخشەڕێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەو کارەساتە داراییە دابنێت کە لە هەرێمی کوردستان هەیە. کەچی هات و لیستە ملیۆنییەکەی مووچەخۆرانی بۆ کردینە دیجیتاڵی و ئاو بێنە و دەستت بشۆ (کە لەم سەردەمەدا بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆناش باشە!) . ئەمڕۆژانە گەنگەشەی نێوان حکومەتی چەند وڵاتێکی ئەوروپی و سەندیکا و یەکێتییەکانی داکۆکی لە مافی کارمەند و کرێکارانم دەشۆپاند. بەهۆی کۆرۆناوە ئەو حکومەتانە بۆ چەند مانگێک ئەرکی مووچەدانی بەشێکی گەورەی مووچەخۆرانی وڵاتەکانیان گرتووەتەئەستۆ. ئێستا ئەو حکومەتانە لەسەر ئەوە ڕادەوەستن کە لەدوای مانگی پێنجەوە سێ مانگی دیکەش مووچە بدەنە ئەو کەسانەی کارناکەن یان نا. چونکە خەریکە وردەوردە پاساو بۆ کارنەکردنیان نامێنێتەوە. هەمان گەنگەشە لەنێوان حکومەتەکانی فەرەنسا و هۆڵەندا و ئەڵمانیا لەگەڵ کۆمپانیا فڕۆکەوانییە گەورەکانیاندا هەیە. هەرچەندە ئەو کۆمپانیایانە پایەی سیستمی ئابووریی وڵاتەکانیان و بەهایەکی سیمبۆلیک و مێژووییشیان هەیە، بەڵام حکومەتەکانیان بە مەرجی زۆر گران و بە سکهەڵگوشین ئامادەن یارمەتییانبدەن تاوەکوو نەکەون. کەچی لە هەرێمی کوردستان هەر بەو سیستمە بایۆمەترییە هاتن و گەرەنتیی ئەو ملیۆن مووچەخۆرەیان کرد کە بەشێکی زۆریان هەر کارناکەن!
هۆیەکی دیکە کە وادەکات لە ماوەی داهاتوودا پاڕانەوە بۆ ناردنی بودجە لە بەغداوە بەردەوام بێت، ئەوەیە کە کۆمپانیا گەورە و دەوڵەمەندەکانی ئێمە ئەو ڕۆڵە نابینن کە ئەرکە لەسەریان، بەتایبەتی لەم دۆخەدا، بیبینن. لە ئەمریکا و ئەوروپا کۆمپانیای گەورە واتە دەرفەتی کار و درووستکردنی هەل بۆ دەوڵەمەندبوونی کەسانی دیکە. بۆ نموونە لەسایەی کۆمپانیاکانی ئامازۆن و گووگڵ و مایکرۆسۆفت و زۆر کۆمپانیای دیکەدا بە سەتان هەزار ئەمریکی کاردەکەن و دەوڵەت ناچارنییە مووچەی بەلاشیان بداتێ. لە ئەڵمانیا کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێلسازی هێندە یارمەتیی ئابووریی وڵات و دەوڵەت دەدەن کە دەتوانن کاریگەریی لەسەر ئەوە دابنێن کە خێرایی ڕێگەپێدراوی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لە وڵاتدا چەند بێت. لەو شوێنانە سەرمایەدار سەرچاوەی بژێویی هەزاران ماڵباتە، کەچی لای ئێمە، کە بەهەشتی باج و هەڵنەگرتنی بەرپرسیارییەتییە، هەبوون و نەبوونی کۆمپانیا و ئەو سەتان ملیۆنەرەی کە هەمانە، شتی حەیاتی نین. بۆیە حکومەتی چەند ملیۆن هاووڵاتییەک دەبێ مووچەی ملیۆنێکیان بخاتە سەرشانی خۆی.
هەرچەندە دۆزینەوەی پێکوتە (ڤاکسین) ی کۆرۆنا زۆر گرنگە بۆ کوردستانیش، بەڵام بە بڕوای من بۆ درێژمەودوا دۆزینەوە و بەکارهێنانی ڤاکسینی دارایی گرنگترە. ئێمە ساڵانی درێژ بندەستی و تەپەسەریمان کێشا و قبووڵماننەکرد و شۆڕشمان بۆیکرد، کەچی ئێستا بندەستیی داراییمان قبووڵە و پێمان عەیب نییە شاندی پاڕانەوە بنێرینە بەغدا! ئەگەر شۆڕشی دژی بندەستیمان بە بڕنەو و کڵاشینکۆفەوە کردبێ و ئەنجامی هەبووبێ، شۆڕشی دژی بندەستیی داراییمان بە کەرەستەی زۆر باشتر و بە دەرفەتی باشترەوە پێدەکرێ. تایوان دەوڵەتیش نییە و ئەمریکای لێدەرچێ، کەس لەبەر چین ناوێرێ مامەڵەیەکی درووستیشی لەگەڵدا بکات، کەچی لەمڕۆژانەدا بۆ ناردنی یارمەتیی بۆ وڵاتان بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا شان لە شانی چین دەدات. ژاپۆنی پاش شکست لە جەنگی دووەمی جیهانیدا بووە موعجیزەیەکی گەورەی ئابووری. ئەو دوبەیەی محەمەد بن ڕاشد دەڵێ پەنجا ساڵ پێش ئێستا حاکمەکەی دەچووە لەندەن و دەپاڕایەوە تاوەکوو ڕێگەیبدەن فڕۆکەخانەیەک بکاتەوە و چیدیکە نەچنە شاریقە، ئێستا موعجیزەیەکی گەورەی دیکەی ئابوورییە. کوردستان لەوانە کەمتر نییە و ئەگەر بڕیاری بوێرانەی تێدابدرێ دەتوانین ئێمەش بیگۆڕین. بڕوابکەن چیدیکە فەرمایشتەکەی خانیی مەزن تەواو نییە کە گوتبووی “یەتیم و بێ مەجال”ین، بەڵام دەردی گران ئەوەیە کە هەمیشە مەجالەکان لەکیسدەدرێن! [1]