ناونیشان: بەهەشتێک کە سەربەخۆیی ناوێ
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #13-10-2021#
جوانییەکی کۆبوونەوەی گشتیی ساڵانەی (ENEX) ئەوەیە کە میدیاکارانی 50 وڵاتی جیهان بە فەرمی و نافەرمی دانیشتنی زۆریان پێکەوە دەبن. لەو دانیشتنانەدا چەندە باسی ترێندە نوێیە میدیاییەکان دەکرێ، دوو هێندە گۆڕانکارییە باڵکێشەکانی نێو هەریەک لەو وڵاتانە بایەخ وەردەگرن.
لە دانیشتنە نافەرمییەکاندا، کە بەدەم خواردن و خواردنەوە، یان پیاسە و بینینی جوانییەکانی وڵاتی خانەخوێیە، ڕاشکاوتر و ئاسانتر قسە دەکرێن. ئەوانەی قسە دەکەن بڕیارسازە میدیاییەکان و کاریگەریدانەرانی وڵاتەکانی خۆیانن. بۆیە ئەوەی دەیڵێن قسەی چالاکڤانانە نییە، بەڵکوو قسەی ئەوانەیە کە دەتوانن زۆر لە قسەکانیان جێبەجێش بکەن.
ئەمساڵ کۆبوونەوەکە لە کوراساو بوو. بۆ کوراساوییەکان دەرفەتێکی گەورە بوو بۆ ئەوەی مارکێتینگ بۆ وڵاتەکەیان بکەن. کاریگەریشی هەبوو. پێتان سەیر نەبێ ئەگەر بڵێم سەرۆکوەزیرانی کوراساو نیو کاژێر وتارەکەی لە کۆبوونەوەی (ENEX) بۆ ئەوە دواخست تاوەکوو لە ژوورێکی هوتێلەکە لەگەڵ میدیاکارانی ئیمارات کۆببێتەوە.
بۆ ئێمە بەشداری لە کۆبوونەوەی گشتیی ئەمجارەی گەورەترین پڕۆژەی پێکەوەکارکردنی میدیایی لە جیهان، هەر لەبەرئەوە گرنگ نەبوو کە بەفەرمی کوردستان وەک وڵاتێک بەهۆی ڕووداوەوە بەشداریی دەکرد. بەڵکوو ئەوەش بوو کە تێگەیشتین ئەو میدیایانەی 90%ی هەواڵەکانی هەموو جیهان ڕووماڵدەکەن، ڤیژنیان بۆ ئاییندە چییە و بەتەمای چین. لە پەنای ئەوەش تێگەیشتین لەوەی کام مژار و ڕووداوی چاوەڕوانکراو لە ساڵانی داهاتوودا زۆرتر چاوی میدیاکانی دنیایان دەچێتەسەر.
ڕەنگە ئەگەر کۆرۆنا نەهاتبووایە، کۆبوونەوەکەی ئەمجارەی (ENEX) بە جۆرێکی دیکە بووایە. ئەم جارە بەوجۆرە بوو کە ئیدی دنیا وایلێهاتووە ناتوانیت بڵێیت هەرچییەک لە هەر شوێنێکی دنیادا ڕوودەدات کاریگەریی لەسەر ماڵی من نابێت. ئەوە ئەلفوبێی گرنگیپێدانی هەواڵ بوو کە چەندە ڕووداوەکە لێتەوە نزیکتر بێت، هێندە بایەخی زۆرتر دەبێ بۆت، بەڵام چیدیکە ئەمە ڕاست نەماوە. ئاگرە سوورە لە خۆت دووریش بێت، لە جیهانی نوێدا هەر پریشکێکت دەگاتێ.
د. ڕێنێ فان دەر زاندە، بە داتا و ئەنجامگیریی زانستی ئەوەی ڕوونکردەوە کە چۆن گۆڕانکارییە ژینگەییەکان تاوەکوو 10 ساڵی داهاتوو کارەساتی وا گەورە بەسەر مرۆڤایەتیدا دەهێنن کە چیدیکە کۆنترۆڵ ناکرێن. دوای سەمینارەکەی، گفتوگۆیەکی درێژم لەگەڵ ئەو زانستکارە هەبوو، کە سەرتاسەری دنیا گەڕاوە. دەمویست پێمبڵێت ئەوەی بۆی باسکردین هەر بۆ ڕاچڵەکاندنە و دۆخەکە هێندەش خراپ نییە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەوەی بەنافەرمی دەیوت خراپتر بوو لەوەی لەسەر تریبوون باسیکرد. بەداخەوە وەک چۆن کۆرۆنا بیریخستینەوە چارەنووسی هەموومان لەسەر ئەم گۆی زەوییە پێکەوەیە، ئاواش گۆڕانکارییە ژینگەییەکانی ساڵانی داهاتوو بۆ لەدەستدانی ئازیزانمان و تەنانەت ئازارکێشانی خۆشمان دەمانگریێنن.
کوراساو یەکێکە لەو شوێنانەی جیهان کە مەترسیی گۆڕانکاریی ژینگەیی لەسەرە. تاوەکوو ئێستاش وەک بەهەشتەکەی کاریبی تەماشای دەکرێت. بۆ زانیاریتان ناوچەی کاریبی خۆی هەمووی بەهەشتە. جا وەرە بەهەشتی نێو بەهەشتەکە بیت و مەترسیت لەسەربێت. کەواتە چیدیکە پاراستنی ژینگە بیدعە و پۆزی خۆبەژینگەدۆست پیشاندان نییە، بەڵکوو ئەرکە و پێویستییە.
یەکێک لەو کەسانەی لە کۆبوونەوەی (ENEX) دا ناسیم، فرانکلینە. میدیاڤانێکی کوراساوییە کە شۆیەکی سەرکەوتووی شەوانەی جیاوازی لە تەلەڤیزیۆنی کوراساو هەیە. زۆر شتی هاوبەش کۆیکردووینەتەوە. هەردووکمان هۆڵەندین، بەڵام من بە ناسنامەی کوردستانی و ئەویش بە ناسنامەی کوراساوی. هەردووکیشمان لە هۆڵەندا میدیامان خوێندووە و هاتووینەتەوە ئەوەی لەوێ فێریبووین بیخەینە خزمەتی گەلەکانمان.
کوراساو هێشتاش بەشێکە لە شانشینی هۆڵەندا و پێش ئێمە گشتپرسییان کردووە. بەحوکمی نزیکییان لە فەنزوێللا و ستراتیژیبوونی شوێنەکەیانەوە بنکە و هێزی ئەمریکیی لێیە، کە ئەرکەکەیان وا پێناسە کراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان لێرەن.
لەگەڵ فرانکلین و زۆر کەسی دیکەدا لە سپێشەڵ ڕیپۆرتێکدا بۆ ڕووداو بەراوردی جیاوازیی تێگەیشتنی هەریەکە لە کوردستان و کوراساو بۆ سەربەخۆیی دەکەین. بەتایبەتیش بەو دیوەیدا کە هەرچەندە سەربەخۆیی خواستی کوردستانی و کوراساوییەکانە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەگەر درا، ژیان و ئاییندەی هەردوو گەل خۆشتر دەکات لەوەی ئێستا هەیە؟ بۆ نموونە کوراساو، وەک کوردستان، پشتی بە داهاتی نەوت (چونکە پاڵاوگەی گەورەی نەوتی هەن) لەگەڵ گەشتیاری دەبەست. ئەو نەوتەی دەهاتە کوراساو و پاش پاڵاوتن دەفرۆشرا، لە فەنزوێللاوە دەهات. پاش گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر فەنزوێللا، ئەو سەرچاوەی داهاتەی کوراساو نەما و ئێستا تەنیا ئەوەندە نەوت دێت کە بەشی نێوخۆ بکات، مایەوە گەشتیاری.
وەک هەردوو وەزیرانی ئابووری و گەشتیاریی کوراساویش لە کۆبوونەوەکەی (ENEX) دا بۆیان باسکردین، بەهۆی پەیدابوونی کۆرۆناوە ڕێژەی گەشتیاری 62% کەمیکردووە. ئێستا جوڵەیەکی نوێ پەیدابووەتەوە، بەڵام هێشتاش هەر تەواو نییە. ئەمە وایکردووە ڕێژەی بێکاری بگاتە 25%.
ژمارەیەکی گەورەیە. لەو ماوەیەدا کە دۆخی ئابووری هێندە خراپ بووە، حکومەتی هۆڵەندا کۆمەکی دارایی بەردەوامی بۆ کوراساو، وەک بەشێکی شانشینیی هۆڵەندا، ناردووە. ئەگەر لەم ساڵانەدا کوراساو سەربەخۆ بووایە، نەیدەتوانی بەرگەی ئەو هەموو گورزە بەهێزە ئابوورییانە بگرێت. لەوەش گەڕێ کە پاراستنی سنوورەکانیشی لەدەست وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، وەک وڵاتێک کە ژمارەی دانیشتوانی ناگاتە 200 هەزار کەس، مەحاڵ دەبوو.
کوراساوییەکان باش لەوە تێگەیشتوون کە چیدیکە بۆ درێژمەودا نەوت وەک سەرچاوەی داهات پشتی پێ نابەسترێت. بۆیە خەریکی ڕیفۆرمی گەورەن لە سیستمی گەشتیارییاندا. سیستمێک کە بتوانێ لەکاتی جیهانگیربوونی پەتای نوێی هاوشێوەی کۆرۆناش کاربکات و گورز لە ئابووریی وڵاتەکە نەدات. سەرەڕای ئەوەی مێژوویەکی ڕەشی کۆیلەداریش لەم دوورگەیە هەبووە، بەڵام نەوە ئازادەکانی کۆیلەکانی جاران بە چاوی ڕقەوە تەماشای هۆڵەندییەکان ناکەن. هۆیەکەشی ڕوونە: گەشتیارە هۆڵەندییەکان بەشێکی گەورەی داهاتی گەشتیاری دەهێننە ئێرە. هەروەها لەکاتی تەنگانەشدا دێنهاخ پارە دەنێرێ و ناهێڵێ کوراساو بکەوێت.
ئەمانە وانەی گرنگن بۆئێمەش. نەوت زێڕی ڕەش نەماوە و ئێستا زیوە. ئەگەر داهێنانە نوێیەکان بۆ وەدەستخستنی وزەی سەوز سەرکەوتووبن، کە ڕوونە سەردەکەون، نەوت دەبێتە تەنەکەی ڕەش. بۆیە کاتێک دەمبینی کوراساو بە میدیاکار و وەزیر و سەرۆکوەزیریانەوە بەدوای میدیاکارانی ئیماراتەوە بوون و وەک شا پێشوازییان لێدەکردن و ڕێزیان دەگرتن، دەمزانی ئەوە دەکەن بۆ ئەوەی پارەی نەوت و وەبەرهێنانی دیکەی ئیماراتی بۆ ئەو وەرچەرخانەی دەیانەوێ لە پڕۆژە گەشتیارییەکەیاندا بیکەن، مسۆگەر بکەن. [1]