ناونیشان: #داعش# پێکای
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #08-01-2015#
داعش باش دەزانێ چۆن وابکات بەخۆمان نەزانین و بووبینە داعش. مەرج نییە چەکی بۆ هەڵگرین، پێویست ناکات سەری کەسی بۆ ببڕین، ناشیەوێ خۆمان بە کەسدا بتەقێنینەوە. گرنگ ئەوەیە ئەو پەیامەی ئەو گرووپە دەیەوێ بیگەیەنێ، بەبێئەوەی بەخۆمان بزانین، بۆی دەگەیەنین.
دوایین ژمارەی گۆڤارەکەی داعش بابەتی سەرنجڕاکێشی تێدابوو. دەزانم ئەو ڕستەیەی نووسیمە پڕوپاگەندەیە بۆ گۆڤارەکە، بەڵام هەر ئەوەندەم لەدەستدێت ناوی نەهێنم و پڕوپاگەندەکە بەئاشکرایی نەکەم. لە زەینی ئێمەدا داعش ئەو جلڕەشە ڕیش تۆزاوییە چڵکنانەن کە تەرمەکانیان دەکەونە دەست پێشمەرگە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەوانە خەڵکە ڕەشۆکییەکەن و لەودیوی ئەوانەوە جلڕەشی ڕیش تەکێندراو هەن کە دەزانن لەکوێ چی بە کێ بڵێن و چۆنی بڵێن.
داعش ماوەماوە ستراتیژی میدیایی خۆی دەگۆڕێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە تەنیا تۆنی نووسین نا بەڵکوو ستایلی بڵاوکردنەوە و هەڵبژاردنی جۆری میدیاکەشی دەگۆڕێت. بۆ نموونە لە قۆناخێکدا ڤیدیۆی سەربڕینی جەیمس فۆڵیی ئەمریکیی بڵاودەکاتەوە کە بە بارمتە گرتبووی، کەچی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڤیدیۆیەکی جۆن کانتلی-ی بەریتانیی بڵاوکردەوە کە ئەویش بارمتە بوو، بەڵام خەریکی پڕوپاگەندەکردنە بۆ داعش. ڕەنگە ئەگەر کانتلی لە قۆناخی فۆلیدا تاکە بارمتە بووایە بەدەست داعشەوە، بەپێی ستراتیژی میدیایی ئەوکاتی داعش پێویست بووایە ملی ئەو بچێتە بەر چەقۆ.
بۆیە دەڵێم داعش چاک دەزانێ بمانکاتە داعش، چونکە وەک دەیخوێننەوە بەناچاری کەوتوومەتە باسی زیتەڵەیی میدیازانانی داعش و ئەوەش درووست ئەو شتەیە کە ئەو گرووپە دەیەوێ بیکەین. لە گۆڤارەکەیاندا بەشێکی گرنگ تەرخانکراوە بۆ ڕیسواکردنی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە، کە خۆیان لە منداڵدانی ئەو ڕێکخراوەوە هاتوونەتە دەرەوە. چەندین مانگە داعش لە ئەلقاعیدە جیابووەتەوە، قۆناخی دژواریشی تێپەڕاندن، بەڵام ئێستا لە پێگەی بەهێزەوە هێرشی میدیایی دەکاتە سەر ئەلقاعیدەیەک کە لەسایەی ڕێبەرایەتیی خراپی زەواهیرییەوە خەوی زستانە بردوویەتەوە.
هەر لەو گۆڤارەدا بە قەڵەمی بەریتانییە بە بارمتەگیراوەکە باسی سەرکەوتوویی سیستمی دراوی نوێی داعش دەکرێت. ئەو سیستمە دراوییەی دەمانگەڕێنێتەوە بۆ نزیکەی دوو هەزار ساڵ پێش ئێستا و وامانلێدەکات نرخی ئەو دراوە کانزاییانەی لە باخەڵماندایە بەپێی بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی زێڕ لە بازاڕدا هەڵبەز و دابەز بکات. سەیرکەن، داعش ئەمە دەکات و ئێمەش لێرە گۆشە تەرخاندەکەین بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کابرای بەریتانی ڕاست نافەرموێت و سیستمە دراوییە “ئیسلامی”یەکەی داعش لەرزۆکە!
پێشتر لە گۆشەیەکمدا نووسیبووم “داعش دیاردەیەکی کاتییە و دەڕوات”. سەرکردەکانیشی ئەمە باش دەزانن. بەڵام ئەوەی لەپێناویدا داعشیان دامەزراند هاتەدی. ئەوان دەیانەویست بیسەلمێنن کە دەکرێ دیسان دەوڵەتی خەلافەت دابمەزرێتەوە و ئەوەش لەسەردەستی ئەوان بکرێت. ئەوان بۆ مێژوو خەلافەتی داعشیان دامەزراند و بەیتولمالیان دانا و دادگای شەرعییان کردەوە و دراویان لێدا و پۆلیس و هەموو شتێکی دیکەی “ئیسلامی”یان دانا.
لەنێو جەرگەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا ناوچەیەکیان والێکرد کە تەنیا موسڵمان، ئەویش موسڵمانی سوننە، بژین. هەرچی “کافر”ی دنیاشە لە دژی ئەو “دەوڵەتی ئیسلامی”یە یەکیانگرت. بەڵام تازە هەرچییەک ڕووبدات ئیبراهیم عەوادی “خەلیفە” بە خەیاڵێکی ئاسوودەوە دەخەوێت (یان لە خراپترین حاڵەتدا دەمرێت) . چونکە ئەو چاوەڕوانی نەدەکرد لە ماوەی ساڵێکدا ئەو هەموو پێشڤەچوونە بۆ جووڵانەوەکەی وەدەستبهێنێت. پێشڤەچوونێک کە ڕەنگە بۆ چەندین دەیە وابکات بەدەیان گەنجی سادەبینی ئیمانداری ڕواڵەتی لە وڵاتی ئێمە و وڵاتی دیکەوە بچنە نێو ئەو گرووپە تووندئاژۆیانەی لەدوای داعش پەیدا دەبن.
[1]