ناونیشان: کانتۆنچی
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #22-01-2015#
ناوی کانتۆن و دەنگی دەهۆڵ وەکوو یەکن، هەردووکیان لە دوورەوە خۆشە بیانبیستی. ئەگەر خەڵکی #شنگال# سەردانی کانتۆنێک بکەن و ژیانی نێو ئەو کانتۆنە ببینن، ڕەنگە نەهێڵن هەرکەسێک باسی کانتۆنیان لەگەڵ دەکات لە ناوچەکەشیان بمێنێ.
هەفتەی ڕابردوو چوومە کانتۆنی جزیرێ. سێ ڕۆژ لەوێ مامەوە و خۆبەڕێوەبردنی کوردیم بە مۆدێلی پەکەکە دیت. زۆر شت دڵخۆشیکردم، زۆر شتیش دڵگران. بۆ نموونە ئەوەی کە گەنجان بەو جۆش و خرۆشەوە چەک هەڵدەگرن و دەیانەوێ داکۆکی لە کانتۆنەکەیان بکەن جوانە، بەڵام ئەوەی کە گەنجێکی دیکە لەترسی بەزۆر سەربازگیریکردن دەیەوێ هەڵێت و وڵاتەکەی بۆ گەنجێکی عەرەبی حەڵەبی چۆڵ بکات دڵتەزێنە.
سێ ساڵە لە ڕۆژاوای کوردستان ئەزموونی خۆبەڕێوەبردن هەیە، بەڵام هەستدەکەیت سێ ڕۆژە ئەو ئەزموونە دەستی پێ کردووە. ئەوەی دەیبینی ڕۆژانی سەرەتای ڕاپەڕینی باشووری کوردستانت بیردەهێنێتەوە. کۆمەڵێک گەنجی شۆڕشگێر چەکیان لەشان کردووە و بە خوێندەواری و شارەزاییەکی زۆر کەمەوە ئیدارەی وڵاتێکی پڕ کێشە دەکەن. هەمان ئەو هەڵانەش کە لە باشووری کوردستان بیست ساڵ پێش ئێستا کران، لەوێ دووبارە دەبنەوە. گرنگترینیشیان ئەوەیە کە بڕیارە ستراتیژییەکانی کانتۆن لەلایەن کەسانێکەوە دەردەچن ئەزموون و شارەزاییان لە حوکمڕانی نییە.
لە باشووری کوردستان سەرکردەکانی شۆڕش هاتنەوە و بوونە سەرۆکی پەڕڵەمان و حکومەت. ئەوانیش ئەزموونی حوکمڕانییان نەبوو، بەڵام پێشینەی شۆڕشگێڕییان هەبوو. ئەنجامەکەشی ئەوەبوو کە کاتێک شەڕی نێوخۆ هەڵگیرسا، سەرۆکی حکومەت کە یەکێتی بوو، فەرماندەی بەرەیەکی شەڕ بوو، جێگرەکەی کە پارتی بوو، فەرماندەی بەرەیەکی بەرانبەر بوو. ئەوان گەڕابوونەوە بۆ سەر ئەو کارەی باشتر لە حکومەتداری تێیدا شارەزا بوون!
ئێستا لە ڕۆژاوای کوردستانیش هەمان ڕەوش و ڕەنگە خراپتریش درووستبووە. سیاسەتی کانتۆن لە #قەندیل#ەوە دادەڕێژرێت و دەبێ جیبەجێ بکرێت. سەرکردەکانی قەندیلیش پێشینەی شۆڕشگێڕییان هەیە، بەڵام هیچ ئەزموونێکی حوکمڕانییان نییە. ئەنجامەکەشی ئەوەیە کە شار بە عەقڵییەتی شاخ بەڕێوەدەبەن.
لە قامشلۆ ئەندامێکی پەیەدە پێیگوتم هێشتنەوەی سوپای سووریا لەنێو ئەو شارە تاکتیکی شۆڕشگێڕییە. کاتێک لێمپرسی: ئەو تاکتیکە چییە؟
وەڵامیدامەوە: ئەگەر دەریانبکەین، سووریا بە فڕۆکە لێماندەدات. بەڵام ئەو گەنجە لەخۆی نەپرسیبوو بۆچی سوپای سووریا لە دێرک و ڕومێلان و تربەسپی و ناوچەکانی دیکە نادات کە سوپای تێدا نەماوە؟ بۆچی لە ئاموودە نادات کە کراوەتە پایتەختی کانتۆنی جزیرێ؟
هەروەها بۆچی لەو بەشەی قامشلۆ نادات کە بەدەست سوپاوە نییە؟ قسەی ئەو گەنجە لێدوانێکی ئاڵدار خەلیلی بیرهێنامەوە کە بە ڕۆژنامەیەکی عەرەبیی چاپی لەندەنی گوتبوو: لە سەرێ کانی ڕێککەوتنی تاکتیکیمان لەگەڵ گرووپە توندئاژۆ ئیسلامییەکان هەبوو. مەبەست لە گرووپە توندئاژۆ ئیسلامییەکانیش گرووپی وەکوو #داعش# و نووسرە و ئەوانی دیکەیە. ئایا ڕێککەوتنی پەیەدە لەگەڵ سووریاش بە هەمانشێوە تاکتیکییە؟
ئەوەی پەکەکە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەبارەت بە ڕاگەیاندنی کانتۆنی شنگال کردی، لە زانستی پەیوەندییە جەماوەرییەکان (پی ئاڕ) دا پێیدەگوترێت باڵۆنی میدیایی. واتاکەشی ئەوەیە کە سەرەتا بیرۆکەیەک دەخرێتە سەرزاری خەڵک، ئەگەر کاردانەوەی باشی بەدواداهات، جێبەجێ دەکرێت، ئەگەریش نا، وازی لێدەهێنرێت. کاردانەوەکانی دوای هەڵدانی باڵۆنەکە پێشانیدا کە پەکەکە دەبێ بژارەی دووەم هەڵبژێرێت و واشیکرد.
ڕاستییەکەشی ئەوەیە کە باشیکرد وایکرد، چونکە کاتێک ئەو حیزبە ئەزموونێکی سەرکەوتووی کانتۆنداریی لە ڕۆژاوای کوردستان پێشکەش نەکردبێت، چ پێویست دەکات لە باشووری کوردستان دیسان ببێتەوە کانتۆنچی؟
[1]