ناونیشان: کانتۆرەکەی پارتی
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #27-01-2015#
ئەم هەفتەیەش گۆشەکەم دەربارەی کانتۆنە. بەڵام ئەم جارە باسی ئەزموونێکی نوێ و دەرهاویشتەی سیاسەتی هەڵەی پارتی لە #شنگال# و دەوروبەری دەکەم. هەرچەندە پەکەکە مەیلی دامەزراندنی کانتۆنی شنگالی هەیە، بەڵام ئەوە ناکرێت و ڕوونادات. پارتیش لەجیاتی ئەوەی هەڵەکانی ڕاست بکاتەوە، شەڕی ڕاگەیاندن لە دژی کانتۆنێکی ڕانەگەیەنراو دەکات.
لە ماوەی کەمتر لە چل ڕۆژدا دوو جار چوومەتە سەر چیای شنگال. جاری یەکەم کە چووم هەمووی چەند ڕۆژێک بوو ڕێگەی نێوان دهۆک-رەبیعە-چیای شنگال لەلایەن پێشمەرگەوە کۆنترۆڵ کرابوو. ئەوکات هێشتا دۆشکە و هاوەنی #داعش# دەیانتوانی ئەو ڕێگەیە بپێکن کە پێیدا دەچووینە سەر چیای شنگال. خەڵکی ئەو ناوچەیەش تازە لە قۆناغی وەرگرتنی کۆمەکە فریاگوزارییە سەرەتاییەکاندا بوون. ئەوکات ئێزدییەکانی دەڤەری شنگال بیریان لەلای دوو شت بوو: یەکەم، کەی شنگال ئازاد دەکرێت؟ دووەمیش، ئەو ماڵە عەرەبانەی لە ناوچەکانیان ماونەتەوە بۆچی لەلایەن پێشمەرگەوە دەپارێزرێن؟ زۆر لە ئێزدییەکان لەوە دڵنیان کە جارێکی دیکە ناهێڵن ئەو عەرەبانەی کاتی خۆی بۆ بەعەرەبکردنکردنی کوردستان هێنراونەتە ناوچەکانیان، لەوێ بژین. چونکە، وەک ئەوان دەڵێن، ئەو عەرەبانە دوو گوناهی گەورەیان کردووە. یەکێکیان ئەوەیە کە کوردستانیان بەعەرەبکردن کردووە، دووەمیش ئەوەیە کە خیانەتیان لە ئێزدییان کرد و دەستیان لەگەڵ داعش تێکەڵ کرد. بۆیە من بە چاوی خۆم بینیم کە گوندی چۆڵکراوی عەرەبان، دوور لە چاوی پێشمەرگە، ئاگری تێبەردەدرا. هەندێک لەو گوندانەش کە خەڵکیان تێدا مابوو، پێشمەرگە دەیپاراستن و نەیدەهێشت کەس دەستدرێژییان بکاتە سەر.
سەفەری دووەمم بۆ دەڤەری شنگال هەفتەی ڕابردوو بوو. ئەم جارە هەموو شتێک گۆڕابوو. چل ڕۆژ بەسەر شکاندنی گەمارۆی سەر چیای شنگالدا تێپەڕیبوو، ئێزدی بیریان لە قۆناغی پاش گەمارۆ دەکردەوە. هەفتەیەکیش بوو ئەوەی پەکەکە پێیدەڵێت ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و پارتی پێیدەڵێ کانتۆن ڕاگەیەنرابوو. گەنگەشەی گەرمی شەقامی ئێزدییان لەسەر ئەوە بوو کە بەڕاستی ئەو ناوچانەی ئەوان چیی پێویستە؟ بکرێتە کانتۆن، پارێزگا، هەرێمی سەربەخۆ لە چوارچێوەی کۆماری ئێراقدا یان ڕەوشێکی دیفاکتۆی هەبێت لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا؟ لەو ناوچەیەدا خەڵک لەنێوان ئەو هەموو بژارانەدا دابەش بوون. هەندێکیان بە کانتۆن دەڵێن فیلم کارتۆن، هەندێکی دیکەشیان دەڵێن پارتی لە ساڵی 2003وە دەرفەتی ئەوەی هەبوو پیشانی بدات چیی بۆ ئێزدییان پێدەکرێت و هیچی پێنەکرا. بۆیە لە کانتۆن کەمترمان ناوێت. هەندێکی دیکەش هەن پێیان گرنگ نییە ئەو ناوچەیە دەبێتە کانتۆن، کارتۆن یان کانتۆر یان هەر شتێکی دیکە، گرنگ ئەوەیە گەرەنتییەک درووست بێت کە جارێکی دیکە ئێزدی فەرمانیان لەدژ نەکرێتەوە و قڕ نەکرێن.
بە بڕوای من بۆچوونی سێیەم ڕاستترینە. بۆ گرووپێک کە بەهۆی نەتەوەکەیەوە نا، بەڵکوو بەهۆی ئایینەکەیەوە زیاتر لە حەفتا شاڵاوی قڕکردنی لەدژ کراوە، هیچ گرنگ نییە ناوی ئەو قەوارەیە چی دەبێت کە لە ئاییندەدا بۆی درووستدەکرێت. گرنگ ئەوەیە هەرگیز ئەو قڕانە دووبارە نەبێتەوە.
ئەو ڕەخنەیەی ئێزدییەکان لە پارتیی دەگرن ئەوەیە کە لە ساڵی 2003وە لە ناوچەکانیاندا فەرمانڕەوایە، کەچی قەت هێندە متمانەی بە ئێزدییان نەبووە تا وابکات خۆیان کاربەدەستی خۆیان بن. هەر لە بەرپرسانی باڵای لقی پارتییەوە بگرە تاوەکوو نوێنەری سەرۆکی حکومەت، کە پارتییە، کەسی نائێزدین. بۆیە، هەرچەندە ئەوە ڕوونە کە دامەزراندنی کانتۆنی شنگال بیرۆکەیەکی ناواقیعییە، بەڵام پارتی ڕێگەیەکی سەختی لەپێشە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ متمانەی ئێزدییان بۆ لای خۆی ڕابکێشێتەوە. هەنگاوی یەکەم لەو ڕێگەیەشدا ئەوەیە کە وابکات ئێزدی هەست بکەن بڕیاردەرن نەک بڕیاروەرگر. [1]