ناونیشان: شەڕ پاساو نییە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #11-02-2015#
لەوەتەی شەڕی #داعش# دەستی پێ کردووە، هەموو ژیانمان بووەتە باسی شەڕ. وەک بڵێی کوردستان وڵاتێک بێت چەندین سەدە لە ئاشتیدا ژیابێت و ئەوە یەکەمجاری بێت شەڕی تووشبێت. هەرچییەک دەڵێین و دەکەین، دەرهاویشتەکانی دەبەستینەوە بە قۆناخی دوای شەڕەوە. بێئاگا لەوەی کە جارێ بەو ئاسانییانە شەڕ یەخەمان بەرنادات.
ژماردنی پێچەوانە بۆ دەستپێکردنی شەڕی گرتنەوەی مووسڵ دەستی پێ کردووە. بەقسەی ئەمریکا بێت تاوەکوو کۆتایی هاوین شەڕەکە تەواو دەبێت و مووسڵ دەگیرێتەوە. بەڵام لە دوو دەیەی ڕابردوودا چەند جار ئەمریکا دێدلاینی بۆ جەنگەکان داناوە و چەندین ساڵ دواتر بە تەواونەکراوی لێی هاتووەتە دەرەوە؟ لە ئەفغانستان قەول بوو گەلانی ئەفغانستان لە “زوڵم و تاریکپەرستی”ی تاڵیبان و قاعیدە ڕزگار بکرێن، کەچی زۆرتر لە دەیەیەک تێپەڕیوە و هێشتا ئەمریکا تا بن ملان لە زەلکاوی ئەفغانستاندا ڕۆچووە. لە ئێراق دیسان قەول بوو ئەمریکا هێزێک بنێرێت، دیکتاتۆرێک لابدات و دیموکراسی بهێنێت و هاوپەیمانێکی بەهێزی نوێ بۆخۆی لە ناوچەکەدا درووست بکات. کەچی نەک هەر ڕیشەکەی دەستنەکەوت، بەڵکوو سمێڵەکەشی نایە بانی. بۆیە لە شەڕی مووسڵیشدا گەرەنتی نییە کە خەلافەتەکەی داعش بەزوویی بگێڕدرێتەوە بۆ قۆناخی بەر لە “کۆتاییهێنان بە سنوورەکانی سایکس-بیکۆ”.
بارزانی لە کۆنگرەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە میونخ لەگەڵ عەبادی باسی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵی کردووە. بەشداریی پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنەدا خەریکە گومانی تێدانامێنێت. ئەوەش بەو مانایەیە کە تەنانەت ئەگەر داعشیش لە مووسڵ ڕاونرا، کە بەدڵنیاییەوە بەزەحمەت دەبێ و زۆری پێدەچێت، هەرواش پێشمەرگە ناحەسێتەوە و لە باشترین حاڵەتدا دەچێتەوە قۆناخی دوای ڕووخاندنی ڕژێمی سەددام. واتە لەگەڵ هێزە عەشایەرە عەرەبییە سووننەکان، سوپای ئێراق و ڕەنگە ئێرانیش قۆناخێکی پڕ لە گرژی و هەستیاری تێدەپەڕێنێت. ئەمە جگە لەوەی کە کردەوەی خۆکۆژی و پەلامارەکانی داعش و پاشماوەکانیشی بەردەوام دەبن.
کەواتە بەمزووانە نابێ بەتەمابین بگەڕێینەوە قۆناخی بەر لە هێرشی داعش بۆ سەر کوردستان. بەڵام ئەمە نابێ بەو مانایە بێت کە پڕۆسەی دیموکراسی لە کوردستان پەکی بکەوێت. دەبووایە ئەمساڵ ژمارەیەک هەڵبژاردن و گشتپرسییەکیش بکرێن، بەڵام پێناچێ هیچیان لەکاتی خۆیاندا بەڕێوەبچن. هۆیەکەشی ئەوەیە کە کوردستان لە حاڵەتی جەنگدایە و ئامادەکاری بۆ ئەو هەڵبژاردنانە و جێبەجێکردنیان زۆری دەوێت. ئەمەش دەستپێکی نوکتەکەیە. چونکە دەوڵەتێکی وەکوو ئیسرائیل لەوەتەی هەیە لە حاڵەتی جەنگدایە، بەڵام بەوە گەرەنتیی مانەوەی خۆی کردووە کە قەت جەنگی نەکردووەتە پاساو بۆ پەکخستنی دیموکراسییەکەی. سەرکردایەتیی کوردستانیش، ئەگەر مەبەستییەتی کوردستان بە ڕێگەی ڕاستدا بڕوات، دەبێ ئەمە بکات و نابێ بیانووی تڕ بکاتە نانی جۆ! [1]