ناونیشان: ئێن ئاڕ تی هەڵە نییە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #16-02-2015#
ئەو هەڤپەیڤینەی ئێن ئار تی، کە یەکێک لە باشترین کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکانە لە سلێمانی، لەگەڵ مەلا کرێکار بڵاویکردەوە، هی ئەوە نییە لەسەری سزابدرێت.
دەسەڵاتی کوردی، کە هەر بۆخۆی لە ئازادیی ڕۆژنامەڤانی لە کوردستان دڕدۆنگە، پێنگاڤێکی دیکەی هەڵە دەهاوێت ئەگەر کەناڵێکی ناتوندئاژۆ لەسەر بڵاوکردنەوەی هەڤپەیڤینێک لەگەڵ کەسێکی توندئاژۆ دابخات. لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە ئەمە ببێتە خوو و حکومەت هەر کەناڵێکی بەدڵ نەبوو بەبیانووی پاراستنی ئاساییشی نیشتمانییەوە دایبخات.
کاتێک داعش ڤیدیۆی سووتاندنی فڕۆکەوانە ئوردنییەکەی بڵاوکردەوە، کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی و ماڵپەڕی هەفینگتن پۆست کە هەردووکیان دوو گەورەترین میدیای ئەمریکان، دەقاودەق ڤیدیۆکەیان بڵاوکردەوە. بەڵام ڕۆژنامەکانی نیویۆرک تایمز و واشنتن پۆست و ئاژانسی ڕۆیتەرز و ئەوانی دیکە تەنیا وێنەیەکی ڕووداوەکەیان بڵاوکردەوە. ئەمە گەنگەشەیەکی گەرمی لەنێو میدیازاناندا درووستکرد.
پرسیاری گەنگەشەکەش ئەوەیە: مادام دەزانین داعش ئەو ڤیدیۆیانە بۆ پڕوپاگەندە بڵاودەکاتەوە و وڵاتەکانمان لەگەڵ ئەو گرووپە لە شەڕدایە، بۆچی بەشداربین لە بڵاوکردنەوەی ئەو پڕوپاگەندەیەدا؟
ئەو گەنگەشەیە لەکاتێکدا دەکرێت کە هەم ئەوانەی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکاندان و هەم ئەوانەش کە لە دژین داوای داخستنی فۆکس نیوز و هەفینگتن پۆست ناکەن و حکومەتی ئەمریکاش هەنگاوی هەڵەی وا ناهاوێت.
ئەوانەی لە دژی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکانن دەڵێن داعش مەبەستی لەو ڤیدیۆیانە بەتەنیا ترساندنی دوژمنەکانی نییە، بەڵکوو پەیامی شاراوەشی بۆ ئەو کەسانە تێیدایە کە دەیانەوێ پەیوەندی بەو گرووپەوە بکەن. ئەوانەی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکانیشدان دەڵێن ئەگەر ئێمەش بڵاویاننەکەینەوە، ڤیدیۆکان لەسەر تویتەر و لە ماڵپەڕەکانی دیکەدا هەن و خۆیان هەر بڵاودەبنەوە، هەروەها خەڵک مافی ئەوەی هەیە خۆی بڕیاربدات کە دەیەوێ سەیری ئەو ڤیدیۆیانە بکات یان نا، یانیش بڕوای پێبکات یان نا.
ڕەنگە هەبن بڵێن ئەمریکا و ئەوروپا جیاوازن و وەکوو کوردستان نین. ڕەنگە بشڵێن بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی داعش یان هەڤپەیڤینێکی پڕ لە شفرەی وەکوو ئەوەی مەلا کرێکار، میدیای کوردی بەشداری دەکات لە کاریگەریدانان لەسەر گەنجانی کورد بۆ ئەوەی ببنە داعش. ڕەنگە ئەمە بەشێکی ڕاست بێت، بەڵام خۆ ئەمریکا و ئەوروپاش وەکوو ئێمە گیرۆدەی ڕادیکاڵیزەبوونی گەنجانیان و پەیوەندیکردنیان بە داعش و گرووپە جیهادییەکانن، ئەی بۆ ئەوان کەناڵێک لەسەر بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی وا داناخەن؟ بۆ من وەڵامەکە ئەوەیە کە یەکەم: حکومەتەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بە قەناعەتەوە، نەک بە ڕووکەش، ڕێز لە ئازادیی ڕۆژنامەڤانی دەگرن، دووەمیش: ئەوان خەڵکی خۆیان بە مێگەل و نەزان نازانن و ڕێزی ئەوە دەگرن کە خۆیان بڕیار لەسەر ڕاستی یان ناڕاستیی زانیارییەکان بدەن.
ڕووداو بە پارێزەوە مامەڵە لەگەڵ ڤیدیۆکانی داعشدا دەکات و تەنیا لەپێناوی زیادکردنی بینەر و خوێنەر و بیسەر و سەردانکار بڵاویانناکاتەوە. هیچ ڤیدیۆیەکیش بەبێ هەڵسەنگاندنی تیمی فاکت چیکینگی ڕووداو بڵاونابێتەوە، بەڵام ئەگەر میدیایەکی دیکە ئەمەی کرد، نابێ بە هیچ شێوەیەک سزاکەی ئەوەبێت کە دابخرێت. [1]