ناونیشان: نابێ لە بەغدا بکشێینەوە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #24-02-2015#
لە کوردستان ئەو دەنگانەی داوای کشانەوەی نوێنەرانی کوردستان لە بەغدا دەکەن هەروا بەرزتر دەبنەوە. بەتایبەتیش کە خەریکە دەردەکەوێت بۆ پەیمانشکێنی بەرانبەر #هەولێر#، جەنابی عەبادیش کراسێکی لە مالیکی دادڕیوە، ئەو دەنگانە ڕۆژبەڕۆژ زوڵاڵتر دەبن. بەڵام ئایا کشانەوەی ئەو نوێنەرانە زیانی زۆرتر نابێت لە قازانج؟
نوکتەی گەورە کە من لە یەکەم ڕۆژەوە بڕوام پێنەکرد ئەوەبوو کە هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی ئێراق، گوتی: “کاتێک بوومە وەزیر، بەسەر سندووقێکی بەتاڵدا کەوتم”. ئەم قسەیە وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێراق کردی. بەدوایدا وەزیری کۆچ و کۆچبەران و ژمارەیەک وەزیری دیکەی کوردیش لە کابینەی عەبادیدا هەمان قسەیان دووبارەکردەوە. کاتێکیش لە هەریەکێکیان دەپرسیت: “پارەی ئێراق چیی لێهاتووە؟” بە چاوئەبڵەقی وەڵامتدەدەنەوە: “نازانین”!
ڕاستییەکەی ئەوەیە عەبادی لە ئێراقدا سەرۆکایەتیی دوو حکومەت دەکات. یەکێکیان ئەوەیە کە شەرعیەتی نێودەوڵەتیی هەیە و ئەوەی پێیدەڵێن “پێکهاتەکانی ئێراق” تێیدا بەشدارن. ئەو حکومەتە حکومەتی کڕووزانەوە و بێپارەیی و #داعش#زەدەییە. حکومەتێکە پارەی نییە بودجەی کوردستان بنێرێت، بەڵام، وەک جێگری پارێزگاری مووسڵ پێیگوتم، “لەپێناوی تێکنەچوونی ئاساییشی کۆمەڵایەتی”، ناهێڵێت مووچەی فەرمانبەرانی بندەستی داعش لە مووسڵ و ئەنبار بۆ یەک ڕۆژیش دوابکەوێت. ئەو حکومەتە هەمان ئەو حکومەتەیە کە ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان بەزۆر کوردیان خستە ناویەوە و کڵاوێکی مەکسیکییان لەسەرینا.
حکومەتی دووەم کە لە ئێراقدا هەیە، حکومەتی سێبەری شیعە-ئێرانییە. ئەو حکومەتە پارە و نەوت و سوپای بەدەستەوەیە، بەو پارەیەشەوە کە لە سندووقی وەزارەتەکەی هۆشیار زێباری دەرهێنراوە! هەرچییەکیش ئەو حکومەتە نەیەوێت لە ئێراقدا ڕوونادات. پەتەکانی بەڕێوەبردنی ئەو حکومەتە لەدەست عەبادیدا نییە، بەڵام لە دژیشی نییە. لەو حکومەتەدا ئێستاش مالیکی و هاوفکرەکانی دەستیان دەڕوات و تاران خەت و نیشانیان بۆ دەکێشێت. بۆیەش هەمان ئەو سیاسەتەی بەرانبەر هەرێمی کوردستان هەیانبووە درێژەی پێدەدەنەوە. هەر لەبەر ئەوەشە کە هێشتا مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان نییە بدرێت. لە ناوچە تازە گەڕاوەکانیش هادی عامری و میلیشیا شیعەکەی جێگەی عەبدولئەمیر زەیدییەکەی جارانی گرتووەتەوە.
سەرکردایەتیی کوردستان ئەم ڕاستییەی سەرەوە دەزانێت، بەڵام دەشزانێت جارێ کشانەوە لە بەغدا زیانی لە قازانج زۆرترە. تا شەڕی داعش بەلایەکدا نەکەوێت، حکومەتی کوردستان پلانی پشتبەخۆبەستوویی ئابووری و وزەیی نەگەیەنێتە قۆناخی بێمنەتبوون و تا ڕەوشی سووریاش هەروا بمێنێتەوە، هەولێر قازانجێکی وا لە کشانەوە لە بەغدا ناکات. ئێمە وەک ڕۆژی ڕوون لێمان دیارە کە ئەو تڕەکەڵەکەی لەگەڵ بەغدا هەڵمانچنیوە زۆری دیکە نابات و دەڕووخێت، بەڵام با کەنگر و ماست هەڵگرین بۆ وەعدەی خۆی. [1]