ناونیشان: پەکەکە چەک دادەنێت؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #02-03-2015#
ئەوەی #پەکەکە# لەدوورەوە بناسێت یان لێی نەکۆڵیبێتەوە دەڵێت: “مادام ئۆجەلان دەیەوێ وابێت، کەواتە پەکەکە چەکەکانی دادەنێت”، بەڵام ئەمە بەو ئاسانییە نییە. ڕاستە ئۆجەلان پەتەکانی کۆنترۆڵکردنی حیزبەکەی لەدەست دەرنەهاتووە، بەڵام بڕیاری چەکدانان تەنیا بەدەست ئەو نییە. بۆیەش داوای بەستنی کۆنگرەی کردووە بۆ گەنگەشەکردن لەسەری.
=KTML_Bold=بڕیاری چەکدانان تەنیا بەدەست ئۆجەلان نییە=KTML_End=
لەوەتەی ئەوەی ناوی لێندراوە “پڕۆسەی چارەسەری” دەستی پێ کردووە، ئۆجەلان سەروکاری لەگەڵ سێ جەمسەری نێو حیزبەکەیدایە. جەمسەری یەکەم سەرکردە سەربازییەکانن لە #قەندیل#. جەمسەری دووەم سەرکردە سیاسییەکانن لە پارتی بەدەپەی جاران و #هەدەپە#ی ئێستا. جەمسەری سێیەمیش سەرکردەکانی ئەوروپان کە سەرچاوەی سەرەکیی دارایی پەکەکەن. ئۆجەلان لە ساڵانی ڕابردوودا کەمترین کێشەی لەگەڵ هەردوو جەمسەری سیاسی و داراییی نێو حیزبەکەی هەبووە، بەڵام جەمسەری سەربازی هەمیشە لەگەڵی کۆک نەبوون. بۆیەش لە یەکێک لەو دانیشتنانەدا کە چەند ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ نوێنەرانی بەدەپەی ئەوکات هەیبوو، گلەیی لە قەندیل دەکات و دەڵێت: “ئەوان لێم تێناگەن، کەچی من لە نیگەرانییەکانی ئەوان تێدەگەم”، لەو دانیشتنەدا ئۆجەلان نایشارێتەوە کە لە قەندیل نیگەرانە.
لە سێ مانگی ڕابردووشدا چەند جارێک نامەی ئۆجەلان گەیشتوونەتە قەندیل و وەڵامەکەشیان بۆ ئیمرالی بردراوەتەوە. پەیامەکەی ئۆجەلان لەدوای ئاڵوگۆڕی ئەو نامانە بووە، کەچی هەرواش زۆرتر لەوەی فەرمانی بەستنی کۆنگرە بێت بۆ چەکدانان پێشنیازی بەستنی کۆنگرەیە.
=KTML_Bold=چەکدانانی پەکەکە واتایەکی سیمبۆلیکی هەیە=KTML_End=
لە وتارێکی پێشووترمدا باسی ئەوەمکردبوو کە مەسەلەی چەکدانانی پەکەکە واتایەکی سیمبۆلیکی هەیە. چونکە تەنانەت ئەگەر هەموو ئەوانەی لە قەندیلیشن چەک دابنێن، مادام لە ڕۆژاوای کوردستان یەکینەکانی پاراستنی گەل هەن کەواتە پەکەکە چەکی دانەناوە. بۆیە وادیارە قسەکە زۆرتر لەسەر دیمیلیتاریزەکردنی سەرکردە باڵاکانی پەکەکەیە لە قەندیل نەک لەسەر گەریلا. ئەمەش ئیشێکی ئاسان نییە. چونکە گریمان سەرکردە سەربازییەکانی پەکەکە لە قەندیل هاتنە خوارەوە و چەکیان دانا، ئەی دوای ئەوە چییان بەسەردێت؟ چاوەڕواندەکرێت بەشێک لەوانە بچنە ئەوروپا، بەشێکی دیکەشیان دەتوانن بچنەوە تورکیا و لەوێ درێژە بە کاری سیاسی بدەن، بەڵام بەشێکی دیکەی دەستڕۆیشتووی نێو ئەو سەرکردانە بەهۆی ڕابردوویانەوە نە دەتوانن بچنە ئەوروپا و نە تورکیاش قبووڵدەکات بگەڕێنەوە.
=KTML_Bold=ئۆجەلان نیگەرانییەکانی لە قەندیل نەشاردووەتەوە=KTML_End=
ئەو کەسانە ئێستا لە قەندیل قسەیان دەڕوات و هەر ئەوانەشن کە وایانکردووە ئۆجەلان لە “نیگەرانییەکان”یان تێبگات. بۆیە ئەگەر کۆنگرەیەک بۆ چەکدانانیش بەسترا یان ئەگەر پێویستیکرد و ئۆجەلان فەرمانی دانانی چەکی دا، دەبێ چاوەڕوان بین بزانین هەموو قەندیل پێیەوە پابەنددەبێت یان نا. ڕەنگە ئەمەش بەوەوە بەسترابێتەوە کە ئایا وەک باسدەکرێت ئەمساڵ ئۆجەلان لە زیندان دێتە دەرەوە یان لەدوای چەکدانان لە زیندانەوە شاهیدی دوولەتبوون یان بە یەکگرتوویی مانەوەی حیزبەکەی دەبێت؟ [1]