ناونیشان: نەورۆزتان بیرنەچێ
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #12-03-2015#
کاتێک ئەم دێڕانە دەنووسم خۆم ئامادە دەکەم بۆ سەفەرێکی کار و دڵنیانیم بۆ نەورۆز دەگەڕێمەوە یان نا. بەڵام ئەگەر لێرەبووم گەرمتر لە ساڵان دەیکەمە جەژن. ناشتوانم لەوانە تێبگەم کە پێیان خراپە ئەمساڵ جەژن بکرێت. دەڵێی لەبیریان چووەتەوە بۆچی نەورۆز جەژنە.
گۆرانیبێژێکی زەوقانیی کورد بانگەشەیەکی بۆ کۆنسێرتێکی کرد کە بۆ نەورۆز بەڕێوەدەچێت، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردیانە ماری ژنان کوشتوو. هەبوو و هەیە دەڵێت کاتێک هوجام سەری بڕدرابێت و ئەو هەموو شەهیدەمان هەبێت چۆن دەتوانن نەورۆز بکەنە جەژن و بچنە کۆنسێرت؟ ئەوانە دەڵێن دەبێ ئەمساڵ بە بێدەنگی لێگەڕێین نەورۆز تێپەڕێت، نابێ پێبکەنین و ناکرێ دڵمان خۆشکەین. دوای ئەو بەزمەی بەو گۆرانیبێژە کرا، ئەوانەی دیکەش کە بەتەمای کۆنسێرتی نەورۆزانە بوون دەنگیان لەخۆیان بڕی.
ڕاستییەکەی ئەو تێگەیشتنە لە نەورۆز زۆر هەڵەیە. لەوە گەڕێن کە چەندی ڕاستە و چەندی درۆیە، بەڵام خۆ ساڵەهایە بڕوامان هێناوە کە زوحاکێکی خوێنمژی #داعش#ئاسا هەبووە و سەری هوجامەکانی بڕیوە و مێشکەکەی داونەتە مارەکانی سەرشانی. بڕوامان بەوەشهێناوە کە کاوەیەکی ئاسنگەری پێشمەرگە هەبووە و توانیویەتی زوحاکی داعش لەناوببات و لەسەر تەپۆڵکەکانی نیشتمانەکەی ئاگری سەرکەوتن بکاتەوە. ئەگەر بڕیاربێت لەبەر نیشتمانپەروەری نەورۆز نەکەینە جەژن، ئەوە دەبێ بزانین بەو کارەمان دەبینە نیشتماننەپەروەر. چونکە ڕێزی خوێنی ئەو گەنجانەمان ناگرین کە زوحاک سەری بڕین. ڕێزی سەرکەوتنەکەی کاوەش ناگرین کە بۆ نەهێشتنی زۆرداری ڕیسکی بە ژیانی خۆی کرد.
داعش لە ئێمە باشتر لە واتای جەژنی نەورۆز تێگەیشتووە. بۆیە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڕەشەنامەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت لە هەرکوێ جەژنی نەورۆز بکرێت، تەقینەوەی تێدا دەکەین. هەروەها دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانیش باش لەو جەژنە تێگەیشتوون، بۆیە لە شوێنێکی وەکوو #ئامەد# چەندین جەستەی ئاگرتێبەربوو پێویست بوون تاوەکوو گەیشتنە ئەو ڕۆژەی جەژنەکە ڕێگەی پێبدرێت.
لە وڵاتێکدا کە کێشەی بودجە و مووچەی هەبێت، داعش یەخەی پێگرتبێت، هێشتا تەواو ئاوەداننەکرابێتەوە و جارێ دەوڵەتیشی نەبێت، ئاسانترین ڕێگە بۆ خۆدزینەوە لە خەمۆکی هەوڵدانە بۆ شادبوون. هاوڕێیەکی کوردی ئێزدیم دەیوت کە لە چیای #شنگال# داعش گەمارۆی دابووین، برسی و ترساو بووین، بەڵام لەبیرمان نەدەچوو گاڵتە و گەپ بکەین و نەهامەتییەکانمان بکەینە نوکتە بۆ یەکدی. چیرۆکی نەورۆزیش چیرۆکی سەرکەوتنە، بەڵام باکگراوندێکی پڕ لە نەهامەتیی هەیە. بۆیە سەیرە کورد هەبن دژی جەژنی کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکان بن.
[1]