ناونیشان: شەڕی شلەتێن
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #31-03-2015#
گۆڕانکارییە خێراکان لە یەمەن سەردەمی شەڕی ساردی نێوان هەردوو بلۆکی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتمان بیردەهێننەوە. بەڵام واپێدەچێت دەرهاویشتەکانی پاش ڕووداوەکانی یەمەن زۆرتر بە ئاڕاستەی دەستپێکردنی شەڕێکی شلەتێندا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بچن. شەڕێک کە نە هێندە سارد دەبێت لوولەی تفەنگەکان ژەنگ بگرن و نە هێندەش گەرم دەبێت ئەو لوولانە بەردەوام داغ بمێننەوە.
بەیانییەک لەخەو هەستاین و لە تەلەڤزیۆنەکانەوە فڕۆکەی سعودیمان بەسەر ئاسمانی یەمەنەوە دیت. ڕۆژێک پێشتر لە هاوکارانی دێسکی نێودەوڵەتیی ڕووداوم دەپرسی: چۆن سعودیە قبووڵ دەکات هەتەری تفەنگی حوسییەکان هێندە باش بگاتە سنوورەکانی؟ هەموان سەرمان لە بێدەنگیی خزمەتکاری نوێی حەرەمەینی شەریفەین سوڕمابوو. ڕۆژێک دواتر سعودیە وەک ڕێبەری بەرەیەکی بەهێزی نوێی سوننە لە ئاسمانی یەمەن یەکەمین نمایشی بازووی خۆی کرد. دوای ئەو ڕووداوە پرسیاری ئێمەش گۆڕا: لەو ڕەوشە نوێیەدا کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تێیدەکەوێت، کورد قازانجی چی دەبێت و چیش لەدەستدەدات؟
لەدوای شەڕی ئەفغانستانەوە، هەژموونی ئێران بەسەر ناوچەکەوە ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێت و هیلالی شیعەش هەروا سێبەرەکەی بەسەر نەخشەی ناوچەکەوە گەورەتر دەنوێنێ.
سعودیە، کە لەوەتەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دامەزراوە، جگە لە کێبڕکێ لەسەر نرخی نەوت، لە شەڕێکی ساردی مەزهەبیشدا بووە لەگەڵ ئەو دەوڵەتە، لە دوو مەیداندا دۆڕاندی.
یەکەمیان ئێران وەبەرهێنانی کرد لە حیزبوڵڵا و حوسییەکان و شیعەکانی ئێراقدا و لەڕووی سەربازییەوە بردییەوە، بەڵام سعودیە لە هەشتاکاندا لە عەرەبە ئەفغانەکان و دواتر قاعیدە و لە ئێراقیش لەسەر هەندێک هێزی سوننە وەبەرهێنانی کرد، ئەنجامەکەشی هەڵگەڕانەوەی قاعیدە و بەدوایدا لەدایکبوونی #داعش# بوو. دووەمیش لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەدامەوە، سعودیە پشتی لە ئێراق کرد و هانی سوننەی ئێراقی نەدا لە بەغدا ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت، کردنەوەی باڵیۆزخانەشی دواخست، لەبەرانبەردا ئێران لە هەموو بوارەکاندا لە ئێراق وەبەرهێنانی کرد و بەغدای خستە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.
ئەوەی لە یەمەن ڕوویدا درێژکراوەی هەمان ململانێی زۆرکردنی هەژموونە کە لەنێوان سعودیە و ئێراندا لە سەرەتای هەشتاکانەوە بە شەڕی سارد دەستی پێ کردووە و ئێستا بووەتە شەڕی شلەتێن. چونکە هەردوولا ڕاستەوخۆ شەڕی یەکدی ناکەن و بریکارەکانیان لە لوبنان و سووریا و تاوەکوو دەگاتە ئێراق و یەمەن خەریکی تەفروتوناکردنی یەکدین.
ڕۆڵی کورد لەو شەڕەدا بەندە بەوەی چەندە ئاڕاستە جیاوازەکانی ئامادە دەبن خۆیان بەسەر بەرەی ئەمبەر و بەرەی ئەوبەردا دابەشبکەن. چەندە ئامادە دەبن گرووپێکیان لەسەر سعودیە و تورکیا و وڵاتانی دیکەی نێو بەرەی سوننە حیساب بن و گرووپێکی دیکەشیان لەسەر ئێران و بەرەی شیعە حیساب بن. هەرچەندە ئێستا لەنێوان ئەو دوو ئاڕاستەیەدا لە کوردستان لوورەی شەڕێکی سارد دێت، بەڵام کارەسات ئەوە دەبێت کە ڕۆژێک بێت ببینە کەرەستەی خۆشکردنی ئاگری شەڕی شلەتێن. درووست وەک ئەوکاتەی شەڕی چاڵدێران ڕوویدا و 500 ساڵی ویست تاوەکوو جارێکی دیکە ئومێدێک بۆ هەستانەوەمان پەیدابووەوە. [1]