ناونیشان: نیشتمان بەرانبەر تەقینەوە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #20-04-2015#
زۆر کەس تەقینەوەکەی هەفتەی ڕابردووی عەنکاوەیان قۆستەوە بۆ ئەوەی لۆمەی هێزە ئەمنییەکانی کوردستان بکەن. هەندێک قسەخۆشیش لە #سلێمانی#یەوە دەیانوت “ئەگەر پێتانناپارێزرێت با ئێمە بێین!” ئەمە چیرۆکی ئەو کەرانەی بیرهێنامەوە کە زیانی خاوەنەکانیان پێ باشترە لە پشوودانی خۆیان. بەڵام ئەو پرسیارەشی هێنایە پێشەوە: دوای ڕووداوەکەی عەنکاوە، شوێنێک لە کوردستان ماوە مەترسیی تەقینەوەی لەسەر نەبێت؟
ئەوە دیارە کە ئەنجامدەری تەقینەوەکەی عەنکاوە کۆمەڵێک فاکتی بەباشی زانیوە. یەکەم: هیچ تەقینەوەیەک، ئەگەر زۆر بەهێزیش بێت، ناتوانێت زیان بە کونسوڵخانەی ئەمریکا بگەیەنێت، چونکە مەودای نێوان سەرشەقام و ئەو شوێنەی کونسوڵ و کارمەندانی کونسوڵخانەی لێن زۆرە و دیواری گەورەش لەنێوانیاندایە. دووەم: بارەگای پۆلیسی عەنکاوە بەردەوام پاسەوانی هەیە و هەر هێرشێک بۆ ئەو ناوچەیە بکرێت، زیانەکانی سنوورداردەبن. سێیەم: ئەو کافێیەی کرایە ئامانج وەک بە ناوەکەیەوە دیارە سیمبۆلێکی سەرکەوتووی وەبەرهێنانی بیانییە لە کوردستان.
کەواتە بۆچی ئەو شوێنە بۆ تەقینەوە هەڵبژێردرا؟ بە تێگەیشتنی من لەبەر ئەم هۆیانە: یەکەم: ئەمریکا ڕێبەرایەتیی هاوپەیمانێتییەک دەکات لە شەڕی دژی #داعش#. لەو هاوپەیمانێتییەدا پێشمەرگە لەسەر ئەرز نوێنەرایەتیی ئەو هاوپەیمانێتییە جیهانییە دەکات. #هەولێر#یش پایتەختی پلاندانان و دەرپەڕاندنی داعش لە کۆبانی و لە زۆر شوێنی کوردستان بووە. کاتێک لە بەردەم کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە ناوچەیەکی پارێزراو لەلایەن پێشمەرگەوە تەقینەوە ڕووبدات، پەیامێکی تێدایە کە پێویست بە ڕوونکردنەوەی ناکات. دووەم: ئەنجامدەری تەقینەوەکە پێیان گرنگ نەبووە ژمارەی قوربانییان چەند دەبن، بەڵکوو پێیان گرنگ بووە لۆکەیشنی تەقینەوەکە وابێت کە سەرنجی میدیای جیهانی بۆخۆی ڕابکێشێت. کە واشبوو و چەند چرکەیەک دوای تەقینەوەکە هەموو میدیای جیهان هاتنە سەر خەت. سێیەم: لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەددامەوە سیاسەتی ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ کوردستان وایکرد ئەو هەولێرەی جاران تەنیا گڵکەندی هەبوو بۆ ئەوەی ڕووی تێبکەی، ببێتە شارێک هێندە بژارەی چوونە دەرەوەت زۆر بێت کە نەزانیت ڕوو لە کامیان بکەیت. کافێ نێللی یەکێک بوو لەو شوێنانەی بەڵگەی بەرهەمداربوونی وەبەرهێنانی بیانی بوو لە کوردستان. ئەنجامدەری تەقینەوەکان ویستیان بڵێن “ئەوەی بەدەستتانهێناوە، مەرج نییە تا کۆتایی بمێنێتەوە بۆتان”.
کاتێک لە ئیسرائیل بووم، ئێوارەیەک لە شەقامێکی ئۆرشەلیم پیاسەم دەکرد. هاوڕێ ئیسرائیلییەکانم کافێیەکی قەرەباڵخیان پێشاندام و گوتیان: “مانگێک بەر لە ئێستا ئێرە تەقێندرایەوە، بەڵام خاوەنەکەی چاکیکردەوە و لە جاران قەرەباڵخترە”. پرسیارم کرد: “ئەو خەڵکە چۆن دەوێرن دیسان لە هەمان کافێ دانیشنەوە و وا قاقا لێبدەن؟” هەموویان پێکەنین و گوتیان: “لێرە خەڵک چیدیکە بیر لەوە ناکەنەوە کە کەی بەر تەقینەوە دەکەون”. لە ئیسرائیل هێندە تەقینەوە زۆر ڕوو دەدەن کە زۆر کەس لە ماڵی خۆیان ماتۆڕیان کڕیوە و جانتایەکی پڕ لە کەرەستەی پزیشکییان پێیە بۆ ئەوەی ئەگەر لە ناوچەکەیاندا تەقینەوە ڕوویدا، بەر لە ئامبوڵانسەکان بگەنە سەر قوربانییان و ڕزگاریان بکەن. ئەوێ وڵاتێکە بەردەوام خەڵک چاوەڕوانی تەقینەوە دەکات، بەڵام ژیان و خۆشیی خۆشی ڕانەگرتووە و لە هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست شادتر دەژیت.
بۆ کوردستانیش دەکرێ هەمان بیرکردنەوە ڕاست بێت. ئەوانەی لۆمەی دەزگا ئەمنییەکان دەکەن، نابێ وەک ڕەجەبی ژێر دارهەنجیرەکە دانیشن و قسەی زل بکەن. دەبێ بزانین بەو دوژمنە ترسناکەی کوردستان هەیەتی و ئێستا شەڕی لەگەڵ دەکات، بەو هەموو ئاوارەیەی هاتوونەتە کوردستان، بەو ئەجێندا پڕ پیلانانەش کە دەوڵەتانی دراوسێ بۆ وڵاتە بچکۆلەکەمان دایانڕشتووە دەبێ چاوەڕوانی ڕووداوی ناخۆشتر لەوەی عەنکاوەش بین. بەڵام ئایا باشترە کۆڵبدەین یان وەکوو ئیسرائیلییەکان سیاسەتی نیشتمان بەرانبەر تەقینەوە پەیڕەو بکەین؟
[1]