ناونیشان: فەتحکردنەوەی #ئامەد#
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #05-05-2015#
پاش مانگێکی دیکە باکووری کوردستان بەشداری لە هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازدا دەکات. لەوەدا چارەنووسساز کە دەبێ ڕوونی بکاتەوە پشتیووانی لە بەردەوامیی سیاسەتەکانی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار دەکات یان بەپێچەوانەوە دەبێت. لێرە لە ئامەد پێشبینییەکان لە بەرژەوەندیی بژارەی دووەمدان.
چەند ڕۆژێکە هاتوومەتە ئامەد. هێشتا ئاگردانی پڕوپاگەندەی ئەو لایەنانەی بەشداری لە هەڵبژاردنە پەڕڵەمانییەکانی سەرەتای مانگی داهاتوودا دەکەن گەرم نەبووە. هەریەکە لە پارتی دیموکراسیی گەلان (هادەپ) و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) شەڕی بەرزکردنەوەی ئاڵای سەرکەوتن لەسەر قەڵای ئامەد دەکەن. سەیرەکە لەوەدایە کە ئەو هەڵبژاردنانە لە سەروبەندی یادکردنەوەی فەتحکردنی ئامەد لەلایەن موسڵمانانەوە لە مێژوویەکی کۆندا بەڕێوەدەچن. شار پڕە لە پۆستەری گەورە کە دیمەنی شمشێر بەدەست و ئەسپسوارانی سەردەمی زوویان لەسەرە و قورئانێکیان بەدەستەوەیە، لەسەریشیان نووسراوە فەتحا ئامەدێ. ئەمە بۆیە سەیرە چونکە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەردۆغانیش هاتە ئێرە و قسەی بۆ خەڵک کرد. لەکاتی قسەکردنیدا قورئانێکی بەدەستەوەبوو و باسی ئەوەی کرد کە لەسەردەمی فەرمانڕەوایی ئەواندا قورئان کراوەتە کوردی.
لە ئامەد کوردبوون تامی خۆی هەیە. جاران لێرە بەتورکی قسەکردن ئاساییترین شت بوو، ئێستا کە یەکێک بە تورکی قسە دەکات، مافی ئەوەت هەیە لێی تووڕە بیت و بڵێیت: تۆ کرمانجی نازانی وا بەتورکی قسە دەکەی؟ کەسی بەرانبەریشت سووردەبێتەوە و یەکسەر دێتەوە سەر ڕاستەڕێی بە کوردی قسەکردن. لە باشووری کوردستان کاتێک گۆرانییەک یان سروودێکی شۆڕشگێڕی لێدەدرێت، هەندێک گەنج بێزار دەبن. لێرە بەپێچەوانەیە، بۆ سروودێکی وەکوو سەرهلدان ژیانە چاوەڕێ بکە دووسەد گەنج لەسەر شەقام ڕەشبەڵەک بکەن و هەلهەلە لێبدەن.
لەنێو بازاڕی ئامەد لایەنگرانی هادەپ و ئاکەپە بڵندگۆیان لەسەر ئۆتۆمبێلەکانیان داناوە و هەریەکەیان لە ئاوازێک دەخوێنن. ئاکەپەلییەکان سروودی پێداهەڵگوتن بە ئەردۆغان دەڵێن، هادەپلییەکانیش بە دەنگی بڵندتر ڕێبەر ئاپۆ، سەرۆک ئاپۆ.. ئاپۆ.. ئاپۆ.. ئاپێ مە دەڵێنەوە. ئەو دوو پیاوەی ئێستا سیمبۆلی بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ئاشتین لە باکووری کوردستان، بەبێ شیر و تیر لەیەکسوون ناویان لەسەر شەقامەکانی ئامەد دەهێندرێت.
لەو چەند ڕۆژەدا لەگەڵ زۆر کەس لە هەردوولا قسەم کردووە. لایەنگرانی هادەپ بەوە دڵخۆشن کە کاندیدەکانی ئاکەپە لە ئامەد لاوازن. ئەوان بەگاڵتەوە دەڵێن: خۆشمان بۆمان دانابان هەر ئەو کاندیدانەمان دادەنان کە دایانناون! لایەنگرانی ئاکەپەش دەڵێن: چیدیکە ناهێڵین پڕۆژەکانی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە لەلایەن بەرپرسانی سەر بە هادەپ لە ئامەد گەندەڵییان تێدا بکرێت. ئەوان دەڵێن ئەگەر هادەپ ڕاستدەکات و نوێنەری شۆڕشێکە لە شارە کوردییەکانی تورکیا، بۆچی بەرپرسانیان لە گرانبەهاترین و خۆشترین ناوچەکانی ئامەد دەژین؟.
وەک گوتم هێشتا ئاگردانەکە داغ نەبووە، بەڵام خەڵکی ئامەد بەگشتی گلەییان لە بێبەڵێنییەکانی ئاکەپە هەیە. دەشزانن ئەو ڕەخنانەی لەبارەی گەندەڵییەوە لە بەرپرسانی هادەپ دەگیرێن ڕاستن، بەڵام وەکوو باشووری کوردستانی ساڵانی سەرەتای دوای ڕاپەڕین دەڵێن: ئەزموونێکی ساوا هەیە و دەبێ جارێ ئەوە بپارێزین. بۆیە دەبێ تا مانگی داهاتوو چاوەڕێ بین و بزانین برایانی ئەردۆغان لەسەر قەڵای ئامەد بانگی فەتحکردن دەدەن یان هەڤاڵانی ئۆجەلان لەسەر هەمان قەڵا سروودی سەرهلدان ژیانە دەڵێنەوە و هەلهەلە لێدەدەن. [1]