ناونیشان: وردە کێشەکانی سەربەخۆیی
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #11-05-2015#
بارزانی لە ئەمریکا گوتی سەربەخۆیی کوردستان “وردە کێشە”ی ماون، بەڵام بەڕاستی درووستکردنی دەوڵەتێک کە دەبێتە مایەی لەبەریەکترازانی چوار دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەکرێ تەنیا “وردە کێشە”ی مابن؟
لەوەتەی چوومەتە ئیسرائیل تێگەیشتنم لەبارەی دەوڵەتی کوردستانەوە گۆڕدراوە. لەوێ لەگەڵ کەسانی بڕیاربەدەست و چاودێریش دانیشتم. تێگەیشتنی ئەوان بۆ دەوڵەتی کوردستان زۆر سادە بوو: “وەکچۆن ئیسرائیل خۆی بڕیاریدا ببێتە دەوڵەت، ئاواش ئێوە خۆتان دەبێ بڕیاربدەن کە دەتانەوێ دەوڵەت بن”.
پێکەنینەکانی کاک مەسعود لە ئەمریکا پێکەنینی لە خۆڕایی نەبوون. ئێمە ئەو پیاوە دەناسین، ئەو ئەوکاتە پێدەکەنێت کە سەد لەسەد دەزانێت ئەوەی پێیگوتراوە شایستەی متمانەپێکردنە. مەسعودێک کە ئەزموونی هەرەسی حەفتاکانی هەبێت و بزانێت ئەمریکا لەکوێ پشتت تێدەکات، لەخۆیەوە بە دانیشتنێک لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا وا قاقا لێنادات. ئەو شتێکی بیستووە کە پێشتر نەیبیستووە و چاوەڕوانی بیستنیشی نەکردووە.
گریمان دەوڵەتی کوردستان درووست بوو. دوای ئەوە بەتەمای چین؟ هەر بەوە دەیبڕێنینەوە کە خەونی باوک و باپیرانمان هاتەدی؟ خۆ ئەفغانستان و سۆماڵیش دەوڵەتی سەربەخۆن، بەڵام کوردستان لەچاو ئەوان لاس فێگاسە. بەڕاستی کێشەی گەورەی ئێمە تەنیا ئەوەیە کە بە هەر نرخێک بێت دەوڵەت لەسەر دەستی فڵانی کوڕی فڵان ڕابگەیەندرێت؟ ئەی دوای ئەوە کێ خەمی سەلامەتیی دەوڵەتەکە دەخوات؟
دەوڵەتی کوردستان هەر لەسەردەمی #مەسعود بارزانی#دا ڕادەگەیەنرێت. ئەو دەبێتە ئەو کەسەی ناوی وەکوو جاڕدەری کوردستانی سەربەخۆ دەچێتە نێو مێژووەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە دوای ئەوە چیمان بەسەردێت؟ ئایا دەبینە وڵاتێکی پاشکۆ لە ناوچەکەدا یان کوردستانی سەربەخۆ دەرگا بەڕووی بیرکردنەوەی گەورەتردا دەکاتەوە و خەڵک دەبنە پاشکۆی ئێمە؟
بۆ تێگەیشتن لەم پرسیارە و وەگرتنی وەڵامەکەی دەبێ چاوەڕوان بین و بزانین بارزانی چی دەکات؟ ئایا هەر بەقسە سەربەخۆ دەبین یان بەکردەوەش ئەوەی جاران نۆکەری بووین لە بەردەمماندا سەر نەوی دەکات و پێماندەڵێت: “خاوەنشکۆ”؟! با چاوەڕوان بین و ببینین چی ڕوودەدات! [1]