ناونیشان: #داعش#ی پاش بەغدادی
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #18-05-2015#
با وای دابنێین ئەبوبەکری بەغدای لە هێرشێکی ئاسمانیی هاوپەیماناندا تێداچوو، هەروەها یاریدەدەرێکیشی لەگەڵ لەناوچوو، ئایا بەمە داعش کۆتایی دێت؟ خۆ بۆ قاعیدە کەم تا زۆر وابوو. تا بنلاندن مابوو، خۆری قاعیدە دەدرەوشایەوە، کە ئەو نەما، وردەوردە شەوەزەنگ بۆ قاعیدە دەستی پێ کرد و منداڵێکی نوێ بەناوی داعش چاوی بە خۆر و دنیا هەڵێنا. دەبێ داعشی دوای بەغدای چۆن بێت؟
لە دوو هەفتەی ڕابردووەوە هەواڵی کوشتن و بریندارکردنی سەرکردەکانی داعش لە ئێراقەوە بە دنیادا بڵاودەبێتەوە. ڕۆژێک دەڵێن خەلیفەی داعش بریندارە، ڕۆژێکی دیکە وەزیری وزەیان دەکوژرێت و ڕۆژێکی دیکەش یاریدەدەرێکی نزیکی خەلیفە بە دەمانچەیەکی بێدەنگ لەنێو بازاڕی مووسڵدا خەڵتانی خوێن دەکرێت. ئەگەر بەو هەواڵانە بێت، دەبێ بڕوا بکەین کە داعش زۆری نەماوە و ئاوا بڕوات کەسیان نامێنێت سەرپەرشتییان بکات. بەڵام ئایا ئەمە تێگەیشتنێکی ڕاستە لە پێکهاتەی داعش و ئاییندەی ئەو گرووپە توندئاژۆیە؟
ئەگەر لەسەر بنەمای ئەزموونی قاعیدە بمانەوێ حوکم لەسەر ئاییندەی داعش بدەین، هەڵەیەکی گەورە دەکەین. چونکە ڕاستییەکەی قاعیدەی جیهانیش لە قاعیدەی ئێراقی نەدەچوو. جیاوازییەکە لەوەدابوو کە بنلادن لە گەڕەکێکی شارێکی پاکستان، لەگەڵ ماڵ و منداڵی خۆی حەشاردابوو و پشتیووانیی بەکردەوە و بەهێزی گەلێریی پاکستانی و ئەفغانییەکانی لەدەست دابوو. ئەو حوکمی تۆڕێکی تیرۆریستیی دەکرد کە پاش شکستی تاڵیبان لە کابوول، خەریکی تیمارکردنەوەی زامەکانی بوو. بەڵام ڕەوشی قاعیدەی ئێراق جیاواز بوو. ئەو قاعیدەیەی دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام لە ئێراق درووست ببوو، بەهۆی هەڵەی کوشندەی شیعەی ئێراق و نەزانیی ئەمریکییەکان لە هەڵسوکەوتکردندا لەگەڵ سوننەی ئێراق، لە پشتیووانیی گەورەی جڤاکی عەرەبی سوننیی ئێراق بەرخوردار بوو. بۆیە دوای کوژرانی ئەبو موسعەب زەرقاوی نەک هەر نەپووکایەوە، بەڵکوو گەورەتر و پڕچالاکیتریش بوو. بە جۆرێک کە ئەوەی ئێستا داعش لەنێوەڕاست و باکووری ئێراق و تەنانەت لە سووریاش دەیخوات، بەرهەمی ماندووبوونی ئەوکاتی قاعیدەی ئێراقە. ئەو قاعیدەیەی لەدوای زەرقاوی دوو ڕێبەری دیکەشی بە نێوەکانی ئەبو عومەری بەغدای و ئەبو ئەیووبی میسری لەدەست داو هەر بەبەهێزیش مایەوە.
بۆیە هەرچەندە لەناوبردنی سەرکردەکانی داعش بۆ کاریگەریدانان لەسەر مەیدانی شەڕ گرنگە، بەڵام یەکلاییکەرەوە نییە. ئەگەر ئەبوبەکری بەغدایش نەما، ئەبوبەکری ڕوومادی یان ئەبو هەرامەیەکی هەرامەیی بە هەمان بیرکردنەوەی ئەوەوە شوێنی دەگرێتەوە. واتە تێگەیشتنی ڕاستتر بۆ لەنێوبردنی داعش ئەوەیە کە بزانین شەڕی گەورەتر لە دژی داعش بە شەڕکردن لە دژی ئەو فیکرەی داعشییەکان هەڵیانگرتووە دەکرێت نەک بە لەنێوبردنی داعشییەکان. چونکە ئەو فیکرە تازە هەیە و داعشیش هەر دەمێنن. بەڵام گرنگە چانسی تەشەنەسەندن و گەورەبوونیان بگەیەندرێتە سفر لەسەد. [1]