ناونیشان: پەکەکە چما وا نەکات؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #25-05-2015#
لەپاش ئەو هێرشەی #پەکەکە# لە کێلەشین کردیە سەر دیموکرات، پرسیارە چارەکە سەدەیەک دووبارە بووەوە کە دووبارە دەبێتەوە: پەکەکە چما وا دەکات؟ بەتایبەتیش ئەو حیزبە، کە بەقسەی سەرکردەکانی وازی لە سەربەخۆیی کوردستان هێناوە و بڕوای بە کۆنفیدڕاڵیی گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە، پشتی بە کام شەرعیەت بەستووە بۆ ئەوەی وەک پارتێکی باکووری کوردستان لەنێو خاکی باشووری کوردستان پەلاماری پارتێکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدات؟
هەریەکە لە پەکەکە و دیموکرات لە بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا لە سیاسەتیاندا بەرانبەر ئەزموونی باشووری کوردستان دوو سیاسەتی تەواو جیاوازیان هەبووە. پەکەکە لەو ماوەیەدا هیچکات وازی لە سەرئێشە درووستکردن بۆ هەرێمی کوردستان نەهێناوە. قەتیش لە سیاسەت و کارەکانییدا ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی ئەزموونی ئەم بەشەی کوردستانی نەکردووە. دیموکرات لە هەمان ماوەدا سیاسەتێکی تەواو پێچەوانەی هەبووە. هێندە پێچەوانە کە ئەندامان و لایەنگرانی لۆمەی سەرکردایەتیی خۆیانیان کردووە و لەگەڵ ئەو هەموو خاترگرتنە “لەخۆڕاییە”ی باشوور نەبوون.
لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام، گڵۆڵەی پەکەکە لە لێژەوە کەوتبووە لێژتر. لەو سەروبەندەدا ئەمریکا و تورکیا گوشارەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش بۆ سەر بارزانی چڕکردبووەوە تاوەکوو #هەولێر# بەشداربێت لە شاڵاوی ڕاماڵینی پەکەکە لە #قەندیل#. بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئەمریکا لەو سەردەمەدا پیشانیدەدەن کە گوشارەکان دەگۆڕدرێن بۆ هەڕەشە، بەڵام بارزانی ناچێتە بن باری ئەو داواکارییانە. ئەمە چەندین مانگ درێژە دەکێشێت، بەڵام هەڵوێستی بارزانی ناگۆڕێت.
دوای نەمانی ئەو گوشارانە، خەریک بوو ڕابوونەوەی پەکەکە بە ئاڕاستەیەکی ڕاستدا بڕوات. ئەو حیزبە بەڕووی هەمواندا کرابووەوە، بەڵام دوای گۆڕانی بارودۆخی ڕۆژاوای کوردستان، جەمیل بایک و هاوبیرەکانی جڵەوی دەسەڵاتداری لەنێو پەکەکە بەدەستەوە دەگرن و ئەو حیزبە دەگەڕێتەوە سەر خووە خراپەکەی ساڵانی نەوەتی، کە بریتی بوو لە تاکڕەوی و بەخشکەیی خۆبێبەریکردن لە ئامانجە نەتەوەییەکان.
لە سەروبەندی دانیشتنەکانی هەولێر بۆ سازدانی کۆنگرەی نەتەوەیی، پارتەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەئومێدەوە خەڵکیان دڵنیا دەکردەوە کە کۆنگرەکە سەردەگرێت. بەڵام، وەک دواتر دەرکەوت، لەسەر ڕۆژاوای کوردستان و سترەکچەری سەرۆکایەتیکردنی کۆنگرەی نەتەوەیی، پەکەکە نەیهێشت کۆنگرەکە سەربگرێت.
بەو هەموو هەڵە و کێماسییانەوە ئاڕاستە دەستڕۆیشتووەکەی نێو یەکێتی پشتیووانییان لە سیاسەتەکانی پەکەکە کردووە و دەیکەن. ئەمەش وادەکات لەجیاتی ئەوەی بەسەرسوڕمانەوە بپرسین: پەکەکە چما وا دەکات؟ بە نیگەرانییەوە بپرسین: پەکەکە چما وا نەکات؟ مادام پەکەکە دڵنیابێت هەر هەڵەیەک بکات، تەنانەت ئەگەر دژی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کوردستانیش بێت، فڵان حیزب لەڕقی فیسار حیزبی باشوور پشتیووانیی لێدەکات، بۆ نەیکات؟
خەریک بوو دەبووە پانزدە ساڵ، بەبێ ئەوەی ڕابگەیەندرێت، شەڕی براکوژی لە سەرتاسەری کوردستان حەرامکرابوو. مخابن لە ڕووداوەکەی کێلەشیندا ئەو حەرامکردنە کۆتایی پێهات. ئەمەش درووست ئەو شتەیە کە دوژمنانی کوردستان دەیانەویست ڕووبدات. ئۆبالی مێژوویی ئەمەش دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانەی لە بیانوویەک دەگەڕان تاوەکوو ئەو حەرامشکێنییە بکەن. [1]