ناونیشانی بابەت: ئەو حەوت ھۆکارە چییە کە واتلێدەکات سەرئێشەت ھەبێت؟
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
کاتێک کە تووشی سەرئێشەیەکی تووند دەبیت، ئەوەی گرنگەلات کەچۆن کۆتایی پێ بھێنیت، ئەو ئازارەی و توندییەی لەسەرەتا ھەیە سیستمی ژیانت تێکدەدات و دوات دەخات لە ئیش و کار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانت.
ئەگەر تۆ ھەر جۆرە سەرئێشەیەکت ھەبێت، ئایا شەقیقە بێت، یاخود سەرئێشەی سترێس و دڵەڕاوکێ یاخود سەرئێشەی ھێشووی ..ھتد، دەتوانیت ڕێگری بکەیت لە دووبارەبوونەوەی، بەزانینی ھۆکارەکانی:
1- سترێس و دڵەڕاوکێ:
سترێس دەبێتە ھۆی گرژبوون و ڕەقبوونی ماسوولکەکانی شان ومل، کەدەبێتە ھۆی جۆرێک لەسەرئێشە کە پێدەوترێت (سەرئێشەی گرژبوون) ، بەمانای ئەوەی کێشەکە لە ماسوولکەکانەوە دەست پێدەکات و بەسەر ئێشە کۆتایی دێت، ھەروەھا سترێس بەھەمان شێوە سەرئێشەی شەقیقەش زیاد دەکات .
2- خواردن:
برسێتی، سەرئێشەی گرژبوون و شەقیقە زیاد دەکات، بەڵام ھەندێک خواردنیش دووبارەبوونەوەی سەرئێشەی شەقیقە زیاد دەکات بۆ نموونە؛ ھەندێک کەس بە پاقلەمەنی و چەرەزاتەکان سەرئێشەکەیان زیاد دەکات، ھەندێک بەھەندێک خواردنی تری وەک؛ ئەڤۆکادۆ، مۆز، پەنیر، ترشی، شیرەمەنییەکان، شوکوڵاتە، پیاز، زۆربەی خواردنە ئامادەکراو و موعەلەب و فاست فودەکان ئەوانەی ڕێژەیەکی زۆر نیتراتیان تیادایە، ئازاری سەر زیاد دەکەن .
3- خواردنەوەی ئەلکھول:
یەکێکە لەھۆکارەکانی تووشبوون بە شەقیقەو سەرئێشەی ھێشووی، زۆربەی کەس دوای خواردنەوەی شەرابی سوور تووشی سەر ئێشە دەبن ، ھەتا ئێستا نەزانراوە کە ئایا ئەلکھول خۆیی ھۆکاری سەرئێشەیە، یاخود پێکھاتەیەکی تری ناو خواردنەوە کھولییەکانە .
4- ژینگە و سرووشت:
سەرئێشەی ھێشووی زیاتر لەھەندێک وەرزدا ڕوودەدات، وەزیاتر لەبەھار و پایزدا ڕێژەی زیاد دەکات . ئەوەی ڕوونە و زاناکان کۆکن لەسەری ئەوەیە؛ پێکھاتەیەک لە ژینگەی ئەو وەرزانەدا دەبێتە ھۆکار، بەڵام بە تەواوەتی چییە نازانن!
ھۆکارە ژینگەییەکانی وەک؛ تیشکی ڕووناکی ڕاستەوخۆ، دوکەڵ، شێداری، بۆنی تیژ، کەشوھەوای سارد، پەیوەندیان ھەیە بە سەرئێشەی شەقیقەوە .
5- ھۆرمۆنەکان:
گۆڕان لە ڕێژەی ھۆرمۆنی ئیسترۆجین ، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی ھەیە بەسەرئێشەی شەقیقەوە لە ئافرەتاندا . سووڕی مانگانە لە ئافرەتە کگەنجەکاندا سەرئێشەی شەقیقە زیاد دەکات، ھەروەھا ھەندێک جار گۆڕان لەڕێژەی ئەم ھۆرمۆنە سەرئێشە زیاد دەکات ، بەتایبەت لەوانەی وەکوو چارەسەر بەکاریدەھێنن . لە زۆربەی ئافرەتاندا بەوەستانی سووڕی مانگانە ئازاری شەقیقەش کۆتایی دێت .
6- لێچوونەوە لە کافایین:
ئەگەر تۆ لەو کەسانە بیت کە کافایین بەڕێژەیەکی زۆر بەکاردەھێنن، ئەویش بەخواردنەوەی چا، قاوە، خواردنەوە گازییەکان بەڕێژەیەکی زۆر . ئەگەر لەناکاو بیبڕیت و بوەستیت لەبەکارھێنانی، سەرئێشەی شەقیقەکەت زیاد دەکات ، کافایین بۆری خوێنەکان گرژدەکات، بەبێ کافایین بۆری خوێنەکان دەکشێن و دەئاوسێن، کەئەمیش یەکێکە لەھۆکارەکانی درووستبوونی سەرئێشەی شەقیقە .
7- کەمخەویی:
کەمخەویی ھۆکارێکە بۆ درووستبوونی ئازاری سەر ئێشەی گرژبوون و ھەروەھا سەرئێشەی شەقیقە . ھەر بۆیە پشوودان و سەرخەوشکاندن زۆربەی جار دەبێتە ھۆی نەمانی سەرئێشەکە.
=KTML_Bold=چارەسەر چییە؟=KTML_End=
تێگەشتن لەھۆکاری درووستبوونی سەرئێشەکەت باشترین چارەسەرە بۆ ڕێگریگرتن لە دووبارە بوونەوەی سەرئێشەکەت . ھەر بۆیە باشترە کە دەفتەرێکی یادەوەری دابنێت بۆ کاتی درووستبوونی ئازارەکەت و چیت خواردووە لەو ڕۆژەدا، چەندی خایاندووەو بەچی باش بوویت، بینووسیت . ئەگەر بەم ڕێگایە چارەسەر نەبوو ، دەتوانیت ڕای پزیشکەکەت وەربگریت و ڕێگا گونجاوەکانت بۆ ھەڵبژێرێت، ئایە لە ڕێگای دەرمان بێت، یاخود دەرزی ئاژنین ، میدیتەیشن ، باێۆفیدباک تیکنیک، بۆتۆکس بەکاربھێنێت بۆت. [1]