ناونیشان: دەستوور چۆن بێت؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #14-07-2015#
خەڵکی باشووری کوردستان دەیانەوێ چ جۆرە دەستوورێکیان هەبێت؟ ئیسلامی بێت یان عەلمانی؟ ئەگەر بە کاردانەوەی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێت دەستوورێکی ئیسلامی پەسەندترە لە یەکێکی عەلمانیی “خوانەناسانە”. بەڵام مادام ئەو هەموو خەڵکە بڕوایان بە دەستوورێکی ئیسلامی هەیە، بۆچی هێشتاش پارتە ئیسلامییەکانی کوردستان نەیانتوانیوە ببنە یەکەمین و دووەمین و تەنانەت سێیەم گەورەترین پارتی باشووری کوردستانیش؟ مەتەڵێک هەیە دەبێ هەڵبهێندرێ.
ناکۆکی لەسەر ناسنامەی ئایینی یان نائایینیی دەستوور وەکوو ناکۆکی لەسەر ماوە و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نییە. زۆریش گرنگترە. بۆیە گرنگترە چونکە باسی دوو ساڵی دیکە و چوار ساڵی دیکەی دەسەڵاتدارێتی و دەسەڵاتەکانی سەرۆکێک ناکات، بەڵکوو بناغە دادەنێت بۆ ئاییندەی دوورتر. بۆیە ئەو گەنگەشە گەرمەی لەسەر مژاری دووەم درووستبوو، دەبووایە لەسەر ئەوەی یەکەم گەرمتربێت. ئەو پشتگوێخستن و نەبردنە سەرەوەی ئاستی گەنگەشانە لەسەر پێگەی ئایین لە دەستووردا وایکرد خەڵکی کوردستان جوان لە کێشەکە تێنەگەن و ئەو کاردانەوەیەیان هەبێت کە بینیمان.
لە هەر کوردێکی موسڵمان بپرسیت: “دەتەوێ لە دەستووردا ڕێز لە ئیسلام بگیرێت؟” ناڵێ: “نا”. زۆر ئاساییشە وانەڵێت، چونکە ئەگەر هەمان پرسیار لە کوردێکی ئێزدی یان کریستیان یان کاکەییش بکەیت هەر هەمان وەڵامت دەداتەوە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: “لە دەستوورێکی عەلمانیدا بێڕێزی بە ئایینەکان دەکرێت؟” بێگومان نا. هەروەها وەکچۆن ئەو شەریعەتی ئیسلامەی بڕیاروایە لە دەستووری هەرێمی کوردستاندا بچەسپێندرێت چەندین جۆر پێناسە و لێکدانەوەی هەیە، ئاواش بۆ نموونە عەلمانییەتی فەڕەنسا لە عەلمانییەتی هۆڵەندا و بەریتانیا جیاوازە. لە مۆدێلی فەرەنسیدا لە هیچ شوێنێکی گشتی ڕێگە نادرێت ناسنامەی ئایینیی کەسەکان دەربکەوێت. بۆیەش ئەو کچە موسڵمانانەی نیقاب دەپۆشن لە قوتابخانەکانیان کێشەیان بۆ درووست دەبێت، بەڵام لە هۆڵەندا پارتە کریستیانەکان دەتوانن ڕێگە لە هەڵواسینی ڕێکلامی جلی ژێرەوەی ژنان لە شوێنە گشتییەکان بگرن.
ناسنامەی دەستووری هەرێمی کوردستان بەرەو ئەوە دەچێت وەکوو هاوشێوە ئێراقییەکەی ببێتە مۆدێلێکی سەیر و سەمەرە. چونکە لەلایەکەوە بە کوورت و کرمانجی ناڵێت دەستوورەکە ئیسلامییە و لەلایەکی دیکەشەوە بەندێکی گرنگی تێدا گونجێندراوە سەبارەت بە سێبەری شەریعەت بەسەر دەسەڵاتی یاسادانانەوە. ئەمە بۆیە هەڵە و مەترسیدارە چونکە بنەمای وەکیەکی بۆ هەموو ئایینەکان دەسڕێتەوە. ماناکەشی ئەوەیە کە هیچ یاسایەک نابێ لە کوردستان دەربچێت کە لەگەڵ شەرعی ئیسلامدا کۆک نەبێت، بەڵام ئاساییە کۆک نەبێت لەگەڵ بنەما نەگۆڕەکانی ئایینی ئیزدییان یان کاکەییان، کە ئەوەی دواییان کەڤنارترین ئایینی کورد بووە.
کەواتە چارە چییە؟ ڕەنگە چارە ئەوە بێت کە لەجیاتی ئەو بەندەی تایبەتە بە شەریعەت یەکێکی نوێ دابنرێت و تێیدا بگوترێت: “نابێ هیچ یاسایەک دەربچێت کە کۆک نەبێت لەگەڵ بنەما نەگۆڕەکانی ئایینەکانی کوردستان”. بەڵام ئەوکات بۆ دەرچوواندنی هەر یاسایەک پێویستمان بە چەندین ساڵ و مانگ دەبێت تاوەکوو دڵنیابینەوە لەگەڵ هیچ ئایینێکدا ناکۆک نییە. هەروەها لە مژارێکی وەکوو فرەژنیشدا لەنێوان چوارژنەکەی ئیسلام و فرەژنیی لەوە زیاتر لەنێو ئێزدییان و یەکژنی لەنێو کریستیانەکاندا تێدەمێنین! ئەنجام ئەوە دەبێت کەس ناتوانێ هاوسەرگیری بکات و وەکوو دایناسۆرەکان وردەوردە لەنێودەچین!
بەشبەحاڵی خۆم لەگەڵ دەستوورێکی هیومانیستانەی سیکۆلارم بۆ کوردستان. دەستوورێک کە خۆشگوزەرانی و دادپەروەریی بۆ کۆمەڵگە کردبێتە ئامانج و ڕێزی هەموو ئایینەکان و بێئایینەکانیشی وەکوو یەک گرتبێت. ئەمەی دەیڵێم هیچی تێدایە دژی ئیسلام و شەرع بێت؟ [1]