ناونیشان: کەشتییەکەی کاک مەسعود و کاک نەوشیروان
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #10-08-2015#
بەپێچەوانەی هەموو ئەوانەوە کە بەهۆی ئەو قەیرانە سیاسییەی لە کوردستان درووستبووە ڕەشبینن، من گەشبینم. گەشبینییەکەشم لە سادەییم نییە، بەڵکوو لەبەرئەوەیە کە دەزانم کوردستان توانای تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەشی هەیە، وەک چۆن قەیرانە گەورەترەکانی دیکەی تێپەڕاند.
ئەوەی کە دوو سەرەکیترین سەرکردەکانی باشووری کوردستان متمانەیان بەیەکدی نەماوە ئاساییە. چونکە زۆرجار ئەوە ڕوویداوە و متمانە درووستبووەتەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە هەوڵی هەموان بەو ئاڕاستەیەدا بێت کە پێکەوە نەیگەیەننە مریشکەڕەشە.
کاک مەسعوود و کاک نەوشیروان دوو ڕەمزی گرنگی قۆناخی خەباتی ڕزگاریی نیشتمانین. ئەو قۆناخەی هێشتاش بەردەوامیی هەیە، ڕۆژێک مەیدانی تەختە و ڕۆژێکی دیکە پڕ هەوراز و نشێوە.
ئەو دوو پیاوە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە سەر بە دوو قوتابخانە و تێگەیشتنی جیاواز لە شێوازی گەیشتنە ڕزگاریی نیشتمانی بوون، بەڵام هەردووکیان، هەرچەندە پێناسەی جیاوازیشیان بۆی هەبووبێت، بڕوایان بەوە هەبووە کە وێستگەی کۆتاییدان یەکە.
باشترە ئاوڕ لە ڕابردووی دوور نەدەینەوە و باسی ئەوە نەکەین کە ئەو جیاوازیی بیرکردنەوە و قوتابخانەیە چ ماڵوێرانییەکی بۆ کورد لە باشووری کوردستان هێنا.
چاکترە باسی ئەو قۆناخانە بکەین کە بەهۆی یەکدەنگی و لێکتێگەیشتنی هەردوولا چۆن بەرەی کوردستانی درووست بوو و بۆ ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991 کورد یەکدەست و یەک بڕیار بوون.
هەروەها با باسی ئەو قۆناخە بکەین کە لەدوای 2003ەوە بەهۆی نزیکبوونەوەی ئەو دوو بیرکردنەوە و قوتابخانەیەوە کورد چۆن مافەکانی خۆی، ئەگەر بەشێوەی سیمبۆلیکیش بێت، لە دەستوور و سیستمی سیاسیی دەوڵەتی ئێراقدا چەسپاند. بەدواشیدا با ئەوە وەبیر هەموان بهێنینەوە کە لە شەڕی دژی #داعش#دا، یەکدەنگی و یەکهەڵوێستیی هەمان ئەو کەسانە بوو کە وایکرد بە ساڵێک نێوبانگ و توانای سیاسی و سەربازیی کوردستان بازی گەورە بدات.
شەڕی داعش و پێشتریش شەڕی بەغدا، بەسەریشیەوە گەندەڵی، تەحەمولکردنیان بۆ خەڵکی کوردستان سەخت بوون، بەڵام هەمیشە ئەوەی ورەی دەدایە هەموان ئەوەبوو کە هەموومان پێکەوە لە یەک کەشتیداین و ئەگەر گەیشتینە کەناراو پێکەوەین و ئەگەر خنکاشین پێکەوە دەخنکێین.
لەدوای 23ی حوزەیرانەوە ئەو ورەبەرزی و هەستکردن بە یەکچارەنووسییە، جێگەی بەتاڵکردووە بۆ نائومێدییەکی قووڵ.
ئەو خەڵکەی دڕندەیی داعش و گوشارەکانی بەغدا چۆکی پێدانەدا، ناکۆکیی سیاسیی نێوان سەرکردەکان ورەی ڕووخاند.
ئەو گەنجانەی لەمڕۆژانەدا بەرەو ئەوروپا هەڵدێن، هەموویان یەک شت دووبارەدەکەنەوە: بۆ ئەوروپا ناچین، بەڵکوو لە کوردستان هەڵدێین! ئەو گەنجانە بە هەق نازانم، بەڵام لێیان تێدەگەم ئەگەر بڕوایان بەوە نەمابێت کە حیزبەکانی کوردستان دەتوانن بگۆڕێن.
کەواتە بۆچی گەشبینم؟ لەبەرئەوەی خراپترین ڕەوش دەهێنمە پێشچاوی خۆم. دەزانم هەرچەندە هەڕەشەش بکەن، حیزبەکانی کوردستان بەتەمای براکوژییەکی نوێ نین.
چونکە باش دەزانن کە نە دەتوانن بیکەن و نە قازانجیشی تێدادەکەن. ئەگەر هات و تاوەکوو #20-08-2015# ئەوەی ناوی لێنراوە سازان نەکرا، ئەوکات بژارەی دیکە دێنەپێشەوە، کە هەموویان سیاسین. جا ئەگەر پێمانوابێت ئەوکات دووئیدارەیی لە کوردستان درووستدەبێتەوە، هەڵەین.
چونکە دووئیدارەیی خۆی هەیە و هەندێک هەنگاو نراون بۆ یەکخستنەوەی ئیدارەکان. بە نەسازان ئەو هەوڵانە خاوتر دەبنەوە و کاتی زۆرترمان پێویست دەبێت بۆ ئەوەی دیسان بگەڕێینەوە ئەو خاڵەی ئێستا تێیداین.
تاوەکوو دەگەینەوە ئێرەش وزە و هێزی مرۆیی زۆرمان لەدەستدەچێت و ڕەنگە ئەو هەلەی ئێستا لەپێشمانە تاوەکوو ئەوکات وەک هەلەکانی مێژووییەکانی دیکەمان بە هەڵە لەدەست بچن.
بۆیە ڕێگەی ڕاست ئەوەیە کە ئەگەر تەنانەت بەبێ گۆڕانیش قەیرانی سیاسیی هەرێمی کوردستان چارەسەرکرا، کەس هانی ئەوە نەدات ڕەمزەکانی خەباتی ڕزگاریی نیشتمانیمان پێکەوە بیگەیەننە مریشکەڕەشە. چونکە مادام هەموومان لە یەک کەشتیداین، دەبێ کاپتنی کەشتییەکەمان یاریدەدەری شارەزا و بەئەزموونی وای لەگەڵ بمێننەوە کە چانسی نقوومبوونی لە هەر کاتێک کەمتر بکاتەوە. [1]