ناونیشان: حکومەتی پاش بنکەفراوان
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #31-08-2015#
پێنج حیزبە گەورەکەی کوردستان هێشتا قەیرانێکیان بە دانووستاندنە پێنج قۆڵییەکانیان چارەسەر نەکردووە، خەریکە قەیرانێکی نوێ درووستدەکەن. هێشتا نازانین سەرۆک لەنێو خەڵک هەڵدەبژێردرێت یان لەنێو پەڕڵەمان، ناشزانین دوو ساڵی داهاتوو سەرۆکێکمان دەبێت سازانی لەسەر کراوە یان نا، کەچی دەبێ سەرقاڵی ئەوەش بین کە چۆن لەدوای هەڵبژاردن حکومەت پێکدەهێندرێت. ڕاستە هەردوو مژار پێکەوە بەستراونەتەوە، بەڵام هەستی شەشەممان دەربارەی ئەو حیزبانە پێماندەڵێت: ئەو هەویرە ڕۆژبەڕۆژ ئاوی زۆرتر دەکێشێت.
خاڵێکی نوێ کە لە دوایین کۆبوونەوەی پێنج قۆڵیدا زیاد بووە و ڕەنگە قەیران درووست بکات، شێوازی ڕاسپاردنی لایەنێکە بۆ پێکهێنانی حکومەت لەدوای هەڵبژاردنەوە. گۆڕان و یەکێتی پێداگیری دەکەن لەسەر ئەوەی دەبێ لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکدا ئەوە دیاری بکرێت کە سەرۆکی ئەو فراکسیۆنەی لەدوای هەڵبژاردن زۆرینەی کورسییەکانی پەڕڵەمانی هەیە، لەلایەن سەرۆکی کوردستانەوە ڕابسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت. پارتی بەمە ڕازی نییە و دەیەوێ ئەو لیستەی ڕاستەوخۆ لە هەڵبژاردندا دەنگی زۆرینەی هێناوە ڕابسپێردرێت.
ئەمە دەریدەخات ڕوئیای هەردوولا بۆ حوکمڕانی، دوای دانووستاندنەکانیش، هیچ نەگۆڕاوە. چونکە وەکچۆن پارتی داوا دەکات سەرۆک لەنێو خەڵکەوە هەڵبژێردرێت، ئاواش داوا دەکات سەرۆکی ئەو لیستەی زۆرینەی دەنگی خەڵکی بەدەستهێناوە ڕابسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت. بەهەمانشێوەش بەرەی بەرانبەر پارتی دەیانەوێ سەرۆک لەنێو پەڕڵەمانەوە هەڵبژێردرێت و ئەو فراکسیۆنەش کە لەدوای هەڵبژاردن لەنێو پەڕڵەمان پێکدێت و زۆرینەی دەنگەکانی وەدەستهێناوە، حکومەت پێکبهێنێت.
ئەوەی هەردوولا داوای دەکەن گونجاو نییە بۆ ئێستای کوردستان. چونکە ئەگەر لیستی زۆرینە حکومەتی پێکهێنا، کە بەئەگەری زۆر پارتی دەبێت، ئەوکات حکومەتەکە لە زۆنی زەرد واوەتر دەستی ناڕوات. ئەگەر فراکسیۆنی زۆرینەش پێکیبهێنێت، کە بەئەگەری زۆر گۆڕان و یەکێتی دەبنە یەک و گەورەترین فراکسیۆنی پەڕڵەمان پێکدەهێنن، دیسان لە زۆنی زەرد دەستیان ناڕوات، کە #هەولێر#یشی تێدایە. بە هەردوو باریشدا دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی. هەروەها نابێ لەبیرمان بچێت کە مەرج نییە لە هەڵبژاردنی داهاتووشدا هەر ئەو پێنج حیزبە کورسیی زۆریان لە پەڕڵەماندا هەبێت. مەرجیش نییە هەریەکە لە یەکگرتوو و کۆمەڵ بەر لە هەڵبژاردن خۆیان یەکلایی کردبێتەوە کە هێلکەکانیان دەخەنە سەبەتەی یەکێتی و گۆڕانەوە یان دەیخەنە سەبەتەکەی پارتی.
بۆیە ڕاست وایە پێکهێنانی حکومەت لە کوردستان بەشێوەیەک بێت کە لەگەڵ واقیعی ئێرە بگونجێت. بۆ نموونە لە بەلجیکا شای وڵات کەسێکی سیاسیی ئەزمووندار ڕادەسپێرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی کام حیزبانە لەدوای هەڵبژاردن ئامادەییان تێدایە پێکەوە حکومەتی زۆرینە پێکبهێنن و چەندە چانسی سەرکەوتنی حکومەتەکەیان بەهێزە. ئەو کەسەی ئەو کارە دەکات ژمارەیەک بژارە دەخاتە بەردەم شا و ئەویش لەسەر بنەمای ئەو بژارانە بڕیار دەدات کە بەرژەوەندیی وڵات لە پێکهێنانی کام جۆر حکومەتەدایە. لە هۆڵەندا ئەو دەسەڵاتی ڕاسپاردنە لە ساڵی 2012ەوە لە شای وڵات سەندراوەتەوە و پەڕڵەمانی هۆڵەندا بڕیار دەدات کام یەک لەو بژارانەی دەخرێنە بەردەمی چانسی کارکردنیان پێکەوە زۆرترە.
دەکرێ لەو دوو ئەزموونە سوودوەرگرین. بەڵام بە هەموو بارێکدا ئەزموونی حکومەتی بنکەفراوان ئەزموونێکی ناسەرکەوتوو بوو لە کوردستان. چونکە سەلما چیدیکە ناکرێت هەموان لەنێو حکومەتدا بن و ئۆپۆزیسیۆنیش بن. هەروەها ناکرێ دوو وەزیر ناکۆکییە سیاسییەکانیان لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی خەڵک، بەکاربهێنن بۆ لاوازکردنی وەزارەتەکانی یەکدی. بۆیە چاکترە پارتی نێو حکومەت هەبێت و پارتی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینەش هەبێت. هەڵبەت بە هیچ بارێکیشدا بۆ ڕێگەگرتن لە دوو ئیدارەیی ناکرێ حکومەتێکی پاش بنکەفراوان لە کوردستان پێکبێت کە یەکێک لەو دوو هاوپەیمانێتییەی تێدا نەبێت: یان پارتی و گۆڕان یانیش یەکێتی و پارتی. [1]