ناونیشان: لەجیاتی گۆڕان دەچنە یۆنان
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #12-10-2015#
پارتی بڕیاری دا کۆتایی بە هاوپەیمانێتییەکەی لە حوکمڕانیدا لەگەڵ گۆڕان بهێنێ. هەرچەندە بڕیارەکە هەڵچوونی پێوەدیارە، بەڵام کۆتایی دنیا نییە. بە هەندێک دیویشدا زۆر باشە کە ئەمە ڕوویدا، چونکە وەک چۆن ئەزموونی شکستخواردووی فیفتی بە فیفتی نائومێدیی قووڵ و شەڕی براکوژی و کۆچی بەکۆمەڵی بەدوای خۆیدا هێنا، ئاواش ئەزموونی حکومەتی بنکەفراوان و نەمانی ئۆپۆزیسیۆن نائومێدی و کۆچی بەکۆمەڵ و خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی لێکەوتەوە.
ئەوەی کە خەڵک لە کوردستان خۆپیشاندان بکات موفاجەئە نەبوو، هەموو کەس دەیزانی هەر ڕوودەدات. بەڵام چاوەڕوان نەدەکرا خۆپیشاندان بۆ مافە ڕەواکان بەلاڕێدا ببرێن و بگەنە ئاستی گێرەشێوێنی. ئەوەی خەڵکی کوردستانی بێ مووچە و بودجە کردووە حکومەتی ئێراقە. ڕاستتر بوو یەکێک لە هۆکارەکانی هاتنە سەرشەقام و گوشار درووستکردن لەلایەن خەڵکەوە مانەوەی نوێنەرانی کورد لە بەغدا و دواخستنی خۆجیاکردنەوە لە ئێراق بووایە. مخابن خۆپیشاندانەکان بەلاڕێدا بردران، ئەگینا خەڵک چەندە لە پارتی تووڕەیە، هێندەش لە یەکێتی و گۆڕان تووڕەیە. گۆڕان ئومێدی خەیاڵیی گەورەی دایە خەڵکی تووڕەی کوردستان، بەڵام نەیتوانی لەو ساڵەی بەشداریی لە حوکمڕانیدا کرد وەدییان بهێنێ. جاران کە گەنج تووڕە دەبوو، دەبووە گۆڕان و بەئومێدی گۆڕین ئاڵای نیلیی بەرزدەکردەوە، کەچی لەدوای 23ی حوزەیران ئەوەی تووڕە بووبێت و بۆی لوابێت لەجیاتی گۆڕان ڕووی کردووەتە یۆنان!
ئەوانەی لە دوو سێ ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر شەقامەکان مانەوە و بارەگاکانی پارتییان سووتاند مێردمنداڵ بوون. خاوەن مافە ڕاستەقینەکان، کە مووچەخۆران و کەسانی دیکە بوون وردەوردە لە خۆپیشاندان کشانەوە. ئەو مێردمنداڵانە نەوەی پاش ئازادین. ئەوانەن کە لەوەتەی فامیان کردووەتەوە دایک و باوک و کەسوکاریان بەدەست خراپ ئیدارەکردنی فەرمانڕەوایی خۆماڵییەوە ئاخ هەڵدەکێشن. ئەوانەن کە نە دڵیان بە خوێندن خۆشە، نە ئۆتۆمبێلی جوان و خواردنی خۆش سووکناییان دەداتێ، نە بڕواشیان بەوە ماوە پیرە ڕکابەرەکانی شاخ واز لە قینەبەرایەتییەکانیان بهێنن و بەجدی بیر لە باشترکردنی وڵات بکەنەوە. ئەو گەنجانە نێچیرێکی ئاسانی میدیای چەواشەکار و هاندەر و پۆپۆلیستی حیزبەکانن. ئەوەی هانیان دەدات بێنە سەرشەقام و بەرد بهاوێن بەدڵنیاییەوە کەسوکاریان نین، بەڵکوو ئەو بێژەر و میوانی تەلەڤزیۆن و پەیجڤانانەن کە دنیایان لەپێشچاو تاریکتر دەکەن لەو تاریکیییەی خۆیان هەر تێیدان. ئەنجامەکەشی ئەوەیە کە کاتێک هاتنە سەرشەقام، لەجیاتی ئەوەی قسە بکەن، بەرد دەهاوێژن و ئاگردەکەنەوە. بەداخەوەش بەو کارەی بەرانبەر بارەگاکانی پارتی کردیان، ئەو پەیامەی دەیانەویست بیگەیەنن زۆر بە خراپی گەیاندیان.
دەرچوونی گۆڕان لە حکومەتی بنکەفراوان وادەکات دیسان لە کوردستان ئۆپۆزیسیۆن درووستبێتەوە. ئەوکات گەنجێک کە تووڕەبوو، لەجیاتی ئەوەی نائومێدانە بەرد بهاوێت یان بە سەد دۆلارەوە ملی ڕێگەی هەندەران بگرێتەبەر، ئومێدێکی بۆ درووستدەبێتەوە و دیسان خەون بە گۆڕینی وڵاتەوە دەبینێت. ڕەنگە ڕۆژێک بێت حیزبی ئەو گەنجە، ئیدارەی وڵاتی بکەوێتە دەست و ئەم جارە گەنجی پارتی یان یەکێتی ببنە ئۆپۆزیسیۆن و ئەوانیش خەون بە گۆڕینەوە ببینن. ئەوکات وڵاتێک کە هێشتا گەنج خەونی تێدادەبینن هی ئەوە دەبێت دڵت پێی خۆش بێت و لێی نائومێد نەبیت. [1]