ناونیشان: گۆڕان قەدەغە دەکرێت؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #09-11-2015#
هەفتەی ڕابردوو لە دیداری مێری لە #هەولێر# #نێچیرڤان بارزانی# دەرگایەکی بەڕووی گریمانەیەکی گرنگدا داخست. ئەویش گریمانەی قەدەغەکردنی چالاکیی #بزووتنەوەی گۆڕان# بوو لە هەرێمی کوردستان. سەرۆکوەزیران ئەوەی بیری ئامادەبووانی دیداری مێری هێنایەوە کە گۆڕان هەیە، لە کۆتاییشدا لەگەڵ پارتی دەبێ بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆ و دۆزینەوەی چارەسەر. بە گەشبینیشەوە گوتی چارەسەر هەیە. بەڵام ئەوەی میدیای پارتی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شۆپاندبێت و کاردانەوەی لایەنگرانی ئەو حیزبەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دیتبێت، هەست دەکات مەیلێکی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی قەدەغەکردنی گۆڕان لە کارتێکی گوشاری میدیاییەوە بگۆڕێت بۆ کردەوە. لەڕاستیشدا ئەو پارتییانەی وا بیردەکەنەوە، وەکوو ئەو داربڕەن کە بە مشار خەریکی بڕینەوەی لقی دارەکەی ژێر خۆیانن.
بزووتنەوەی گۆڕان حیزبێکی مۆڵەتپێدراوە لە هەرێمی کوردستان. لە دوایین هەڵبژاردنیشدا بە دەنگی خەڵک بووە یەکێک لە مەزنترین حیزبەکانی کوردستان. نیو ملیۆن دەنگدەر بە ڕەزای خۆیان و بەبێ گوشار و چاوسوورکردنەوە گۆڕانیان کردووەتە نوێنەری دنیابینییان بۆ حوکمڕانی. من جاری دیکەش ڕەخنەم لە ئەدای گۆڕان و بەرنامەی ئەو حیزبە گرتووە. ئەوەشم گوتووە کە یەکێک لە هۆکارەکانی کۆچکردنی ئەمدواییەی گەنجان بۆ هەندەران ئەوەبوو لە گۆڕانیش نائومێد بوون، بەڵام ئەمە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ئەگەر ئەدای گۆڕان خراپ بووبێت، پێویستە دەنگدەران سزای بدەن نەک لایەنگر و سەرکردەکانی حیزبێکی دیکە.
بڵاوکردنەوەی تۆماری دەنگیی کاک نەوشیروان لەلایەن میدیای پارتییەوە کارێکی هەڵە بوو. چونکە، یەکەم: سووکە شارەزاییەک لەتەکنیکی مۆنتاژکردنی دەنگ فێرمان دەکات کە دەکرێ قسەکانی هەر کەسێک وەک گۆڕینی ڕستەیەکی نووسین بگۆڕدرێن و پێش و پاش بکرێن. دووەمیش: بڵاوکردنەوەی ئەو تۆمارە دەنگییانە هیچ سوودێکی بە سەقامگیرترکردنی کوردستان نەگەیاند. بەپێچەوانەوە، وەک پەندە ئینگلیزییەکە دەڵێت: سەگە خەوتووەکانی بێدارکردەوە. مانای ئەو پەندە ئەوەیە کە دەکرێ هەندێکجار ئەوەی دەیڵێین وابکات ئەوانەی خۆشیانناوێین بیرۆکەی زیانپێگەیاندنمانیان بۆ پەیدابێت. گەرەنتی چییە سبەی ناحەزانی کوردستان بۆ ئاڵۆزترکردنی نێوانی حیزبەکان و بۆ ناسەقامگیرکردنی کوردستان پەنا بۆ تەقە لە کۆنسوڵخانەکان و ڕفاندنی ئەندازیارانی کۆمپانیا بیانییەکان نابەن؟ ئەوکات گوێت لێبێ و ببینە چۆن گۆڕانخواز و پارتییەکان شیر و تیر لەیەکدی دەسوون! کێش پێدەکەنێ؟ ئەوەی دەیەویست بە خەڵکی کوردستان پێبکەنێت.
دەکرێ لایەنگران و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان لە پشێوییەکانی ئەمدواییەی ناوچەی #سلێمانی# و #گەرمیان# و #هەڵەبجە#دا هەبووبێت، بەڵام ئەمە دەبێ کەیس بە کەیس و دۆز بە دۆز لە دادگا یەکلایی بکرێنەوە و نابێ تۆڵەی سیاسی لە حیزبەکەیان بکرێتەوە. چونکە ئەگەر بڕیار بێت لەسەر ناسەقامگیرکردنی کوردستان حیزبەکان سزابدرێن، دەبێ یەکێتی و پارتیش سزا بدرێن کە ساڵەها شەڕی براکوژییان کرد و کوردستانیان ناسەقامگیر و وێران کرد. بۆیە لە دەستپێکدا گوتم ئەو پارتییانەی بڕوایان بە قەدەغەکردنی گۆڕان هەیە وەکوو داربڕەکەن، چونکە ئەگەر بڕیار بێت گۆڕان قەدەغە بکرێت، دەبێ چاوەڕوانی کاردانەوەی نیو ملیۆن دەنگدەری ئەو بزووتنەوەیەش بین. ئەگەر پێنج لەسەدی ئەو نیو ملیۆن کەسە بیانەوێ، دەتوانن کوردستان ناسەقامگیر بکەن. بەهەمانشێوە دەنگدەرانی پارتی و یەکێتیش دەتوانن هەمان کار بکەن. کەواتە هەموویان لەسەر هەمان لقی دار دانیشتوون و لەجیاتی هاندانی سەرکردەکانیان بۆ لێکدی گرژبوونی زیاتر، دەبێ هانیان بدەن پێکەوە دانیشنەوە. چونکە وەک نێچیرڤان بارزانی گوتی ئەو حیزبانە هەن و لە کۆتاییدا هەر دەبێ بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆ. [1]