ناونیشان: #حەشدی شەعبی# بکەنە پێشمەرگە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #16-11-2015#
ئەو بەرمیلە بارووتەی #داعش# لەگەڵ خۆی هێنایە گەرمەسێر و #خورماتوو#، هێشتا نەتەقیوەتەوە، بەڵام هەر دەتەقێ. حەشدی شەعبی، کە ساڵ و نیوێکە هاتووەتە ئەو ناوچەیە، دەیزانی هاتنی بەدەست خۆیەتی و گەڕانەوە نا، بەڵام ئێمە بڕوامان کردبوو کە لەشکرێکی ڕزگارکەرمان هێناوەتە کوردستان و هەر کاریان تەواو بوو، بە گوڵباران و ماچومووچ بەڕێیان دەکەینەوە. ئێستا لە خورماتوو حەشد کەڵەگایی دەکات. ئێمەش لەوەدا تێماوین کە چۆن نەهێڵین ئەو گرێی حەشدە لێمان ببێتە شەڕی داعشێکی نوێ.
ئایەتوڵڵا سیستانی لەو ڕێنماییە بیست خاڵییەیدا کە بۆ هەڵسوکەوتی چەکدارانی حەشد دەریکردووە، زۆر شتی لێ قەدەغە کردوون. بۆ نموونە دەڵێت نابێ هاوسەر و کەسوکاری ئەندامانی داعش و هەوادارانیان لە ناوچە جەنگییەکاندا بەدەستی حەشدی شەعبی زیانیان پێ بگات. لە خاڵێکی دیکەدا سیستانی دەڵێت: دەبێ ڕێزی ئایین و نەتەوەکانی دیکە بگرن و هەوڵ بدەن دۆستیان بن نەک دوژمن. لە شوێنێکدا دیکەشدا دەڵێت: تەنانەت ئەگەر ویستتان لە شوێنێک دارێک ببڕنەوە، لەوە بکۆڵنەوە کە چەندە پێویستە ئەو دارە ببڕدرێتەوە. ئەگەر ناچار نەبن، نەکەن بیبڕنەوە!
لە ماوەی ڕابردوودا، لە گەرمەی شەڕی دژی داعش لە خورماتوو و دواتر لە گەرمەسێریش، چوومەتە ناوچەکانی بندەستی حەشدی شەعبی. لە هیچییەک لەو ناوچانە نەمدیتووە چارەکی ئەو ڕێنماییانەش جێبەجێ کرابن کە سیستانی دەریکردوون. بۆ نموونە لە خورماتوو بە چاوی خۆم بینیم چۆن گرووپە جیاوازەکانی نێو حەشد، واتە خوراسانی و حیزبوڵڵا و گرووپەکانی دیکە، توندوتیژی بەرانبەر خەڵکی بێدەرەتان و ناشیعە دەکەن. خۆم و ئەو تیمە ڕۆژنامەڤانییەی لەگەڵم بوون، سەرلەئێوارەیەک لە سەنتەری شاری خورماتوو خەریک بوو ببینە نێچیری چەوری یەکێک لەو گرووپانە.
ئەوەی لە خورماتووەوە چووبێتە ئامرلی، ناتوانێ خۆی لە شارۆچکەی سوننەنشینی سلێمان بەگ نەبان بکات. حەشدی شەعبی ماڵ بە ماڵی سلێمان بەگیان سووتاندبوو، هێشتاش دووکەڵ لەنێو هەندێک لەو ماڵانەوە بەرز دەبووەوە. لە گوڵاڵە حەشد نێوەڕاستی شارەکەیان گرتبوو. لەبەرچی؟ چونکە دووکان و بازاڕ و بانک و دامودەزگاکانی دیکە هەموویان لەوێ بوون. هەفتەیەک پاش کۆنترۆڵکردنەوەی گوڵاڵە، هیچ دوکانێکم نەبینی نەشکێندرابێت و تاڵان نەکرابێت. چەکدارانی حەشد وەک شانازی بۆ ئەو کارەیان بە دەستوخەتی درشت ڕستەی یادگارییان لەسەر دار و دیواری دوکانەکان نووسیبوو. لە سەعدییەش ئەوەی ڕوویدەدا و دەمانبینی زۆر لە گوڵاڵە و خورماتوو خراپتر بوو. بۆیە بەردەوام بیرم لە ڕێنمایی دارنەبڕینەکەی سیستانی دەکردەوە. ئاخر حەشد ڕیزە دووکانی لرفدەدا، کەچی سیستانی داربڕینی لێ قەدەغە دەکردن!
بەڵام ئەمە دیوێکی دیمەنی ئەو حەشدەیە کە زۆرتر لە ساڵێکە پۆستاڵی خستووەتە سەر خاکی باشووری کوردستان. دیوەکەی دیکەی ئەوەیە لە ئامرلی ڕۆڵەی دڵسۆزی ئەو شارۆچکە تورکمانییە شیعەنشینەم بینی کە لەپێناوی پاراستنی ماڵ و حاڵی خۆیان ببوونە حەشد و شەڕێکی قارەمانانەشیان لە دژی داعش کردبوو. لەنێو تازە خورماتووش خەڵکی شیعەی شارۆچکەکە دیوارێکی بەرگرییان بە دەوری خۆیان و ماڵ و منداڵیاندا کێشابوو، وەک حەشدی شەعبی ناوچەکانی خۆیانیان دەپاراست.
کاتێک شەڕی داعش دەستی پێ کرد، پێشمەرگە لە گەرمەسێر و ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری کەرکووک پێویستی بە هاوکاریی حەشدی شەعبی و هەر هێز و گرووپێکی دیکە هەبوو. بۆ ئەوەی نەهێڵن داعش بەرەو کەرکووک و ناوچەکانی دیکە پێشڕەوی بکات. بەڵام ئێستا لەجیاتی ئەوەی حەشدی شەعبی هاوکاریی پێشمەرگە بکات، سەرئێشەی نوێی بۆ درووست دەکات. چارەسەریش ئەوەیە دوو جۆر حەشد لەو ناوچەیە لەیەکدی جیابکەینەوە: یەکێکیان گرووپەکانی حیزبوڵڵا و خوراسانی و ئەوانی دیکەن کە لە شارەکانی ئێراقەوە هاتوون و لەو ناوچەیە جێگیرکراون. ئەو حەشدانە بەخۆشی بێت یان بە ناخۆشی دەبێ بڕۆنەوە و کوردستان بەجێبهێڵن. چونکە بەقەولی ئێرانییان کارشان تمام شد و چیدیکە مانەوەیان پێویست نەماوە.
گرووپێکی دیکە ئەو حەشدانەن کە خەڵکی ئامرلی و تازە خورماتوو و ناوچەکانی دیکەن و دەیانەوێ ناوچەکانیان لە تۆڵەسەندنەوەی مەزهەبی و نەتەوەیی بپارێزن. ئەمانە ڕۆڵەکانی ئەو ناوچەیەن و بمانەوێ و نەمانەوێ هەر دەمێننەوە. بۆ ئەوانە گرنگە وەک چۆن حکومەتی کوردستان هێزی بۆ کاکەیی و ئێزدی و شەبەک و کریستیانەکان درووستکرد، ئاواش پێشمەرگە تورکمان و شیعەکانی ناوچەکە بکاتە مایەی سەقامگیری نەک سەرئێشە. [1]