ناونیشان: سۆشیالست ئینتەرناشناڵ و تووری تەڕ
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #07-12-2015#
شوفێرێکی تاکسی لە بووداپێست پێیگوتین: ئەگەر ئەم جارە عاقڵ بن، ڕەنگە بتوانن ببنە دەوڵەت. ئەو پیاوێک بوو حەزی لێبوو تەنیا قسە بکات و گوێی لێبگیرێت. ڕقی زۆری لە ئەمریکا و ڕووسیا و ئیسرائیل بوو. دەیگوت: هەموومان قوماری دەستی ئەوانەین. ئێوەش وان، بەڵام دەتوانن لەوەی ئێستا لە سووریا ڕوودەدات سوودوەرگرن. لەگەڵ هاوڕێکانم تەماشای یەکدیمان کرد و هەناسەیەکی قووڵمان هەڵکێشا. بێ ئەوەی هیچ بڵێین، بە چاو بەیەکدیمان گوت: هاووڵاتییەکی سادەی هەنگاریش دەزانێ دەبێ ئەم جارە عاقڵ بین، بەڵام بڵێی عاقڵ بین؟
ئێستا کە ئەم دێڕانە دەنووسم، لە لۆبیی هوتێلێکی بووداپێست دانیشتووم. ئێرە پایتەختی ئەو وڵاتەیە کە بەئاشکرا گوتوویەتی پشتیووانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکات. سەربەخۆییەک کە هێشتاش لە قسەی بریقەداری سەرکردەکانمان بۆ میدیای جیهانی دەرنەچووە و لە ئەرزی واقیعدا ئامادەکارییەکی وای بۆ نەکراوە. سەردانەکەی من پەیوەندیی ناڕاستەوخۆی بە سەربەخۆیی کوردستانەوە هەیە. لەگەڵ ژمارەیەک هاوکارم هاتووم و بەشدارین لە کۆنفرانسی ساڵانەی بەڕێوەبەرانی ئەدیتۆریاڵی کەناڵە میدیاییە ئەندامەکان لە یانەی (ئینێکس) دا. ئەوەی سەرکردەکانمان بۆ ئەندامێتی کوردستان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێیاننەکراوە، ئێمە لە میدیادا کردوومانە. ئێستا کوردستان بەهۆی ڕووداوەوە ئەندامی یانەیەکی جیهانییە کە ڕۆژانە بۆ 166 وڵاتی جیهان ڤیدیۆ و بەرهەمەکانی دیکەی ڕووداو لەبارەی کوردستانەوە وەردەگرێت و بڵاودەکاتەوە.
ئەدریان وێڵز، بەڕێوەبەری گشتیی ئینێکس، وتارێکی لە کۆنفرانسەکەدا پێشکەش کرد. ئەو چیرۆکی ئەندامێتیی ڕووداوی لە ئینێکسدا گێڕایەوە. کاتێک قسەی دەکرد، لەخۆمەوە بیرم بۆ هەوڵەکانی کوردستان بۆ ئەندامێتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەچوو. ئەدریان دەیگوت: سەرەتا پێیاندەگوتین بۆچی کەناڵی هەرێمێکی کوردی لە باکووری ئێراق بکەینە ئەندام، خۆ لەوێ قەت هیچ ڕوونادات. ئینجا پێکەنی و گوتی: بەڵام ڕۆژنامەنووسە قارەمانەکانی ڕووداو سەلماندیان وێنەی ڕاستەقینەی شەڕی پێشمەرگە لە دژی داعش بەبێ ئەوان نەدەگەیشتە جیهان. ئەگەر کامێرای ڕووداو لە کۆبانێ نەبووایە، نەماندەزانی چیرۆکە تەواوەکەی ئالان کوردی چییە. لەوکاتانەدا هەستی شانازی و شەرمم پێکەوە هەبوو. شانازیم بەوەوە دەکرد کە هیچ نەبێت ڕووداو توانیویەتی لە میدیادا کوردستان بکاتە مارکەیەکی سەربەخۆ و جیاواز لە ئێراق و تورکیا و ئێران و سووریا، شەرمیشم لەو هەموو پێداهەڵدان و چەپڵانە دەکرد کە لە ژووری کۆنفرانسەکەدا دەمبیستن.
بە کاک ڕێبوار کەریم وەلیی برا و هاوکارم گوت: ئەندامێتی ڕووداو لە ئینێکس بۆ کورد گرنگترە یان ئەندامێتیی حیزبە کوردییەکان لە سۆسیالیست ئینتەرناسیۆناڵ؟. بێ دوودڵی گوتی: ئەوەی ڕووداو گرنگترە. لەبەرئەوەی ئێمە بەلایەنی کەمەوە ڕۆژانە پێنج پاکێجی هەواڵ لەسەر کوردستان لە ڕێگەی ئینێکسەوە دەدەینە جیهان، ئەوەندەش وەردەگرینەوە. بەڵام حیزبە کوردییەکان لە ڕێگەی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆناڵەوە، چەند دەیەیەکە توورێکی تەڕیشیان بۆ کورد دەستکەوتووە؟
پرسیارێکی جوانە و وەڵامەکەشی دیارە. [1]