ناونیشان: خەونەکانم بۆ 2016
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #28-05-2023#
ئەمە دوایین گۆشەیە کە لە ساڵی 2015دا دەینووسم. ساڵێک کە کۆتاییەکەی وەکوو ساڵی 2014 نەبوو. قەیرانەکانی ساڵی ڕابردووی لەگەڵ خۆی هێشتەوە و قەیرانی نوێتریشی بۆ زیادکردین. هەر لە ڕووداوەکانی پاش 23ی حوزەیرانەوە بگرە تاوەکوو دابەزینی نرخی نەوت و بەردەوامیی مانەوەی #داعش#، پێماندەڵێن ساڵی داهاتوومان لەمساڵ ئاسانتر نابێت، بەڵام چۆن دەتوانین وابکەین بەرگەی بگرین؟
زۆرینەی باشووری کوردستان بە ڕەشبینی و نائومێدییەوە ماڵاوایی لە 2015 دەکات. چونکە هێشتا وێنەکانی سووکایەتیی داعشی بە ژنان و کچانی کورد لە ساڵی 2014دا لە زەینیدا نەسڕیبووەوە، دیمەنی چەلەحانێی بێئەنجامی پەڕڵەمانتارانی لەنێو هۆڵەکانی پەڕڵەماندا دیت. هێشتا ئەسپێ لە باخەڵی بێ مووچەی فەرمانبەرانیدا سەوزەڵێ خانمی دەگوت، کەچی منداڵەکانیان و منداڵی کەسوکاریان بەلێشاو سەریان هەڵدەگرت و نیشتمانی خۆیان بەجێدەهێشت.
ئەمساڵ زۆر دیمەن تەزاندیانین: دیمەنی ئالانی کوردی دوای دۆزینەوەی لە کەنار دەریا لە تورکیا، دیمەنی ئەو دایک و باوکانەی بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە دەستیان بۆ ئاسمان بەرزدەکردەوە و داوای ئازادبوونی کوڕە پێشمەرگە دیلەکانیان لە خوا دەکرد، یان دیمەنی ئەو پارێزەرەی لە #ئامەد# هەموو ژیانی بۆ داواکردنی ئاشتی تەرخان کرد، کەچی کرایە قوربانی گوللەی وێڵ و ئیرادەی شەڕەنگێزی. ئەو دیمەنانە هەر لە کوردستان نا، بەڵکوو لە جیهانیشدا دڵتەزێن بوون. کەس دیمەنی ڕەشەکوژییەکەی سەرەتای ساڵی لە شاری پاریس بۆ سەر گۆڤاری شارلی هێبدۆ بیرناچێتەوە. کەسیش ناتوانێ ویژدانی هەبێت و دیمەنی هێرشەکانی پاریسی لەبیربچێت کە کۆتایی ساڵ، داعش ئەنجامیدان و خەڵکێکی زۆر بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.
پێناچێت بتوانین بۆ ساڵی داهاتوو چاوەڕوانی دووبارەنەبوونەوەی ئەو دیمەنانە بکەین. هەر هیچ نەبێت ئالانی دیکە هەن کە خۆیان بە دەریا دەسپێرن، پێشمەرگەی دیکەمان هەن کە ڕەنگە ببنە دیل و دەستی دایکان و باوکانیان بۆ ئاسمان بەرزببنەوە، ڕەنگە لە باکووریش پارێزەری دیکەی ئاشتی هەبن کە ببنەوە قوربانی ئیرادەی شەڕەنگێزی. بەڵام ئەمە نابێ وابکات خۆزگەی جوان نەخوازین و خەونی شیرین نەبینین.
خەونی من بۆ ساڵی 2016 ئەوەیە کە دیمەنی دانیشتنێکی دۆستانەی کاک مەسعود و کاک نەوشیروان ببینم، کە تێیدا ئەو یەکدەستییەی بەر لە 23ی حوزەیران هەبوو دیسان بەرجەستەی بکەنەوە. خۆزگە دەخوازم لە ساڵی نوێدا تەنیا حکومەت نا، بەڵکوو خەڵکیش پلانێکی ڕوونی ئابووری بۆخۆیان دابنێن و ئامادەکاری بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو سەختییانەی هاوشێوەی ئەوانە دەبن کە ئەمساڵ بینیمانن. خۆزگەیەکی دیکەشم ئەوەیە بەڕێز ئۆجەلان ببینم لە زیندان ئازاد بێت و یەکێک بێت لەو میوانانەی بەشداری لە مەراسیمی جاڕدانی سەربەخۆیی کوردستاندا دەکەن.
ساڵی داهاتوو ئەمکاتانە بیرتاندەهێنمەوە چەند خەون و چەند خۆزگەم وەدیهاتن و چەندیشیان وەکوو ساڵانی پێشوو ئاوەوئاو چوون! [1]