ناونیشان: تورکیا پێویستی بە کوردستانە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #05-01-2016#
دەزگای ستراتفۆری ئەمریکی پێشبینی دەکات ساڵی 2016 ببێتە ساڵی هەستانەوەی تورکیا. تورکیایەک کە بە دەستێک لەگەڵ #هەولێر# تەوقە دەکات و بە دەستەکەی دیکە بڕیاری شەڕ لە #ئامەد# دەدات. لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەکان پیشانی دەدەن کە ئەمساڵ زۆرتر لە هەر ساڵێک ئەنقەرە پێویستی بە هەولێرە. ئەمەش، ئەگەر زانیمان بەکاریبهێنین، بە قازانج بۆ کوردستان دەشکێتەوە.
ئەگەر ئەو پێشبینییانە ڕاست دەربچن، تورکیا هەم لە باشووری کوردستان و هەم لە ڕۆژاواش دێتە نێوەوە و بە بیانووی شەڕی دژی #داعش# سنوورێک بۆ فراوانبوونی دەسەڵاتی پەکەکە لەو دوو بەشەی کوردستان دادەنێت. کاتی هاتنەکەشی سیمبۆلێکە. چونکە سەت ساڵ بەسەر ڕێککەوتننامەی سایکس-بیکۆدا تێدەپەڕێت.
ئەو ئەزموونەی ئێستا لە باشووری کوردستان هەمانە و ئومێدمان بە سەربەخۆبوونی هەیە، داری هیواکانی لەسەر سەربەخۆیی ئابووری لە ڕێگەی نەوتەوە ئاودراوە. وا تێگەیشتووین ئەو نەوتەی لە سایکس-بیکۆدا ئێمەی سووتاند، ئێستا ئەوانە دەسووتێنێت کە نایانەوێ سەربەخۆ بین. بۆیەش دەنگمان بەرانبەر بەغدا زوڵاڵ بوو و داماننا بودجە بڕینەکەی مالیکی و درێژەپێدانی لەلایەن عەبادییەوە زۆر بڕنەکات. بەڵام هاتنی داعش و ئەو گوشارە گەورەیەی لەسەر کوردستان درووستبوو، پێشانی دا لە حیساباتەکانماندا کوورتبینیی تێدا بووە.
جاران کێشەی گەورە ئەوە بوو کە مالیکی بودجەی بڕیوە و دەبێ حکومەتی خۆمان مووچە و بودجەی خۆی دابین بکات. دڵمان بە پڕۆژە تەواونەکراوەکانمان لە بواری وزەدا خۆش بوو، دەمانزانی بەزوویی ئەو خۆشگوزەرانییەی لە کابینەکانی #نێچیرڤان بارزانی#دا نەخشەیان بۆ دانرا و وردەوردە جێبەجێ دەکران، پاش تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە درێژەی دەبێت. داعش هات، لێشاوێکی گەورەی پەنابەران هات، بودجەیەکی زەبەلاحی باربووکردنی جەنگمان کەوتە سەرشان و لەجیاتی ئەوەی تەنیا خەمی مووچەمان بێت، کێشەی پێشتر چارەسەرکراوی کارەباش دیسان سەریهەڵدایەوە. لەوەش خراپتر قەیرانێکی سیاسی و یاساییش لە کوردستان درووستبوو. لەوەش ناخۆشتر نرخی نەوت هێندە دابەزی کە کەڵکی ئەوەی نەما لە کوورتخایەندا ئومێدت هەبێ بە پارەکەی بتوانیت قەیرانە دووقاتبووەکانی کوردستان چارەسەر بکەیت.
ئەو هەواڵانەی لەدەرەوەی کوردستانەوە سەبارەت بە نەوت دەگەن دڵخۆشکەر نین. ئێران لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا دیسان چالاکانە دەگەڕێتەوە بازاڕی فرۆشتنی نەوت. لە فەنزوێللا گۆڕانکاریی سیاسی ڕوویداوە و ڕەنگە کاریگەریی هەبێت لەسەر زۆرتربوونی ئاستی ناردنی نەوت بۆ بازاڕ. ئەمریکاش دەستی بە هەناردەکردن کردووە. لەو نێوانەدا سعودیە کوورتهێنانی بودجەی خۆی بە هەناردەکردنی زۆرتری نەوت بۆ بازاڕ قەرەبوو دەکاتەوە. ئەنجامەکەی بۆ ئێران و زۆر وڵاتی دیکە کارەساتبارە. بۆ ئێمەش ئەو نەوتەی داماننابوو هێندە گران بیفرۆشین کە داهاتەکەی بۆ نەوەکانی دواڕۆژیش بخەینە سندووقەوە، بەشی ژیانێکی سادەی نەوەی ئێستاش ناکات.
هەڵبەت نابێ نائومێد بین. ئەمساڵ تورکیا و ڕووسیا لەسەر دۆسیەی سووریا کێبڕکێی زۆرتریان دەکەوێتە نێوان. ئەوەش وادەکات پڕۆژە وزەییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دوابکەون و لەجیاتی ئەوە، ئەنقەرە زۆرتر پێویستی بە باشووری کوردستان و ئازەربایجان بێت. بەوهۆیەشەوە ناچار بێت بۆ دابینکردنی ئاساییشی وزەی خۆی وەبەرهێنانی زۆرتر لە نەوتی باشووری کوردستاندا بکات. ئەمە پێگەی هەولێر بەهێز دەکات. چونکە لەلایەکەوە وادەکات ژێرخانێکی بەهێزتری بەرهەمهێنانی نەوت درووستبکات و ئاستی وەبەرهێنانی، وەکوو نموونەی سعودیە بەرزتر بکاتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە دەتوانێت بۆ ئەمساڵ پارەی زۆرتر لە تورکیا و وڵاتانی دیکەی کڕیاری نەوت وەربگرێت و کێشەی بێپارەیی پێ چارەسەر بکات. بەڵام ئەمە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە تەنانەت ئەگەر باری ئابووریی کوردستان بشگەڕێتەوە بۆ قۆناغی بەر لە هاتنی داعش، هێشتاش پڕۆژە چاکسازییەکەی حکومەت و چاوخشاندنەوە بە پاشاگەردانی لە سیاسەتی دارایی ئەو حکومەتەدا، پێویستە و نابێ لێی پەشیمان بێتەوە. [1]