ناونیشان: ترافیکی نێوان #هەولێر# و تاران
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #19-01-2016#
یەکشەممەی ڕابردوو ئێران لەگەڵ جیهان، بەتایبەتیش وڵاتانی ڕۆژاوایی، لاپەڕەیەکی نوێی هەڵدایەوە. لاپەڕەیەک کە حەسەن ڕووحانیی سەرۆک کۆمار ناوی لێنا لاپەڕەی زێڕین. ساڵانی درێژ گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان باجی پێداگیریی کۆماری ئیسلامییان دا لەسەر درێژەدان بە بەرنامەی ئەتۆمی، بەڵام لەپڕ ڕێککەوتن لەسەر سنووردارکردنی پەرەدان بەو بەرنامەیە بووە لاپەڕەی زێڕین! ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ئەو لاپەڕە زێڕینە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، ئینجا لە باشووری کوردستانیش، چۆن دەبێ خوێندنەوەی بۆ بکرێت؟
هەرچەندە هێشتا گەمارۆ ئابوورییەکان لەسەر ئێران بەتەواوەتی لانەچوون، بەڵام ئەوەندەی کە لە یەکشەممەی ڕابردووەوە لاچوون، بەسن بۆ ئەوەی ئەو دەوڵەتە ببووژێتەوە. بەپێی مەزەندەکان بڕی ئەو پارەیەی ئێران کە لە بانکەکانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە بلۆک کرابوون و سەرلەنوێ دەکەونەوە دەست تاران، لە 30 ملیار دۆلار تێدەپەڕێت. چەند مانگێک پێش ئێستا وەزیری خەزێنەی ئەمریکا بڕەکەی بە زۆرتر لە 50 ملیار دۆلار خەمڵاند، بەڵام دەوڵەتی ئێران ئەوە ڕەتدەکاتەوە و زۆرتر لە 30 ملیارەکە پشتڕاست دەکاتەوە. حەسەن ڕووحانی لەو کۆنگرە ڕۆژنامەڤانییەدا کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەستی، باسی ئەوەی کرد کە ئەو پارەیە بۆ خزمەتی گەل و وڵاتی ئێران خەرج دەکرێت. بەڵام دیسان دیارنییە پێناسەی خزمەت چییە؟ چونکە ڕەنگە خزمەت گەیاندنی پارە و کۆمەکی سەربازیی زۆرتر بێت بە بەشار ئەسەد یان حیزبوڵڵای لوبنان یان حەشدی شیعە لە ئێراق و هاوپەیمانانی دیکەی ئێران لە ناوچەکەدا، دەشکرێ خزمەت بریتی بێت لە باشترکردنی دۆخی ئابووریی وڵات و ڕەخساندنی هەلی کاری زۆرتر بۆ گەنجان، بە گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە.
قازانجێکی دیکەی هەڵدانەوەی لاپەڕە زێڕینەکە ئەوەیە کە ئێران دەستی ئاوەڵا دەبێت بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی. هەرچەندە هێشتاش ئەمریکا بەشێکی زۆر لە گەمارۆکانی سەر ئێرانی هەڵنەگرتووە و ڕێگەش نادات تاران نەوتەکەی بە دۆلار لە بازاڕەکانی جیهاندا بفرۆشێت، بەڵام بازاڕی فراوانی ئەوروپا و چین و ناوچەکانی دیکەی ئاسیا بەسن بۆ ئەوەی ئێران زۆر منەتی بە ئەمریکا نەبێت و مامەڵە لەگەڵ ئەو سیستمە بانکییانەدا بکات کە هیچ مامەڵەیەکیان لەگەڵ سیستمی بانکیی ئەمریکیدا نییە و بەهۆی مامەڵە لەگەڵ ئێرانەوە سزا نادرێن. زۆربوونی بەرهەمی نەوتی ئێران بۆ ئەم قۆناخە کە نەوت لە بازاڕدا زۆرە، دەتوانێت قەرەبووی کوورتهێنانی بودجەی خەمڵێنراوی ئێران بکاتەوە کە تێیدا نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بە زۆرتر لە سەت دۆلار مەزەندەکراوە، ئەمەش وادەکات گوشاری دارایی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەمتر ببێتەوە، بەڵام بۆ باشووری کوردستان کە گیرۆدەی دەردێکی دارایی گران بووە، نەک هەر باش نییە بەڵکوو خراپیشە. هەڵبەت نابێ بەدبین بین و دەبێ ئەوە بزانین کە بەپێی لێکدانەوەی شارەزایانی بواری نەوت تاوەکوو نۆ مانگی دیکەش ئێران توانای ئەوەی نابێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی زۆر بەرزبکاتەوە و کاریگەریی گەورە لەسەر بازاڕی جیهان دابنێت.
بە هەموو بارێکدا هەڵدانەوەی لاپەڕە زێڕینەکە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان زۆر گرنگە و کاریگەریی ئابووری و سیاسی و ئەمنی لەسەر ئەو دوو بەشەی کوردستان دەبێت. بەو حوکمەی ئێران لەسەر پشتیووانیکردن لەسەر ئەسەدیش بەردەوام دەبێت، ڕۆژاوای کوردستانیش پشکی خۆی لە کاریگەربوون بەو بووژانەوەیەی تاران بەردەکەوێت. بۆیە نابێ پێمان سەیربێت ئەگەر لە ڕۆژان و هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا ترافیکی گەورەی سەردانی سەرکردایەتیی باشووری کوردستان وەکچۆن لە هەولێرەوە لەسەر ئەنقەرەیە، ئاواش لەسەر تاران بێت. چونکە کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای هەڵدانەوەی لاپەڕە زێڕینەکە لە تازە ئازادبوویەک لە زیندان دەچێت کە خەڵکی دەرەوە لە ترسی زۆربوونەوەی کاریگەرییەکەی دەیانەوێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ خۆشبکەنەوە. [1]