ناونیشان: لەدایکبوونەوەی ڕێککەوتنی ستراتیژی
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #28-01-2016#
سەرئەنجام سەرکردە ناکۆکەکانی یەکێتی دەست لەنێو دەست و لە یەک وێنەدا دەرکەوتنەوە. وەک بڵێی کاژێری مێژوو لە باشووری کوردستان لەجیاتی ئەوەی بۆ پێشەوە بڕوات، بەرەو دواوە بگەڕێتەوە. وێنەکان و پێکەوە دەرکەوتنەکان بیرخەرەوەی گەڕانەوەن بۆ بەر لە ساڵی 2006. ئەوکاتەی هێشتا مام لە ئەوجی بەهێزیدا و چەپکە گوڵەکەی لەبەر یەک نەترازابوو. ئەگەر یەکێتییەکان بەڕاستیدان بێت و ناکۆکییەکانیان وەلابنێن، ڕەنگە بتوانن لەگەڵ پارتی، باشووری کوردستان لە باشترین حاڵەتدا ببەنەوە قۆناخی ڕێککەوتنی ستراتیژی. ئەو ڕێککەوتنەی سەقامگیریی بۆ کوردستان هێنا، بەڵام دیموکراسی نا. پرسیاریش ئەوەیە: خەڵک ئێستا سەقامگیرییان پێ گرنگترە یان دیموکراسی؟
ساڵی 2009، #بزووتنەوەی گۆڕان# وەکوو کاردانەوە بەرانبەر دەرهاویشتە خراپەکانی ڕێککەوتننامەی ستراتیژی ڕاگەیەنرا و دەنگی زۆریشی هێنا. لە ساڵانی پێشتردا پارتی و یەکێتی کوردستانیان بەسەر دوو زۆنی بە ڕەنگ جیاواز و لەنێوەڕۆکدا هاوشێوە دابەشکردبوو. وڵات چەقبەستوو بوو و ئەوەی لە کەشتیی ئەو دوو حیزبەدا نەبووایە لە دەریاکەدا دەخنکا. دوای 2009 ئەمە گۆڕا. کاتێک بەهاری عەرەبی دەستی پێ کرد، گۆڕانویستەکانی کوردستان وا بە هەواکەی مەست ببوون کە دەیانویست نموونەی سەرکەوتووی بەهاری عەرەبی لێرە دووبارە بکەنەوە. پێنج ساڵ دواتر، جیهان بەگشتی و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەتی، بە دڵی پڕ لە ئازارەوە دەرهاویشتەکانی ڕابوونی وڵاتانی عەرەبی بیر خۆیان دەهێننەوە.
لە کوردستان پەیدابوونی ئۆپۆزیسیۆن وایکرد لەجیاتی ئەوەی سووریا و میسر و لیبیا و شوێنەکانی دیکە دووبارە ببنەوە و وڵات بەرەو هەڵدێر بڕوات، ئەزموونێکی نوێی حکومەتداری و یەکدی قبووڵکردن تۆمار بکرێت. بەڵام دوای 23ی حوزەیرانی 2015، خەونە شیرینەکە کۆتایهات و وڵات دیسان گەڕایەوە دواوە. بۆیە ئێستا هێندەی باسی بژارەی پێکهاتنی ژێربەژێری پارتی و یەکێتی و دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ستراتیژی دەکرێت، هێندە باسی ئاشتکردنەوەی پارتی و گۆڕان و ئاساییکردنەوەی دۆخەکە بۆ قۆناخی بەر لە 23ی حوزەیران ناکرێت. هۆیەکەشی ڕوونە: پارتی و یەکێتی توانا سەربازی و دارایی و ئیدارییەکانی کوردستانیان لەژێردەستدایە و پێکەوە دەتوانن تەنانەت دەوڵەتیش ڕابگەیەنن، بەڵام هیچییەکێکیان بەتەنیا ئەمەیان لەگەڵ گۆڕان پێناکرێت.
لە 40 ساڵی ڕابردوودا، جگە لە بەرهەمداربوونی ڕاپەڕینی ساڵی 1991ی باشووری کوردستان، هیچ چیرۆکێکی دیکەی سەرکەوتنی ڕابوونە جەماوەرییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا تۆمار نەکراوە. دوور نەڕۆین لە 10 ساڵی ڕابردوودا لە جووڵانەوەی سەوز لە ئێرانەوە بیگرە تاوەکوو دەگاتە بەهاری عەرەبی و تەنانەت 17ی شوباتی لای خۆشمان، بەداخەوە هیچ ڕابوونێک نەیتوانیوە دۆخی وڵاتێک لە خراپەوە بەرەو باش ببات. ئەوەی ئێستا لە سووریا ڕوودەدات یان ئەوەی لە میسر بەرانبەر ئیخوانەکان کرا، بەڵگەی ئەوەن کە لەم ناوچەیەی ئێمەدا دەسەڵاتدارە خراپەکان بە ڕاپەڕین بشگۆڕێن، ناکرێ بەهۆیانەوە وڵات ئاوەدانتر و ئارامتر بکرێت.
جا ئەگەر ئەمە بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە جارێک ڕاست بێت، بۆ وڵاتی ئێمە زیاتر لە جارێک ڕاستە. چونکە لەکاتێکدا وڵات گیرۆدەی شەڕی #داعش# و قەیرانی دارایی بێت، هەروەها سیستمێکی حوکمڕانیی بەدامەزراوەییکراویش نەبێت تاوەکوو ژمارەیەک سەرکردە بێن و ئەوانی پێش خۆیان بگۆڕن و جڵەوی سیستمەکە بەدەستەوە بگرن، ناکرێت لەو حاڵەتەدا چاوەڕوان بکەیت گۆڕانکاری بە توندوتیژی و گۆڕینی بەزۆرەکی ڕووبدات. ڕەنگە ئەم تێگەیشتنەش بێت وای لە سەرکردەکانی یەکێتی کردبێت کەڵک لە کات وەربگرن و خۆیان بۆ مانەوەی درێژتر لە حوکمڕانیدا لە کوردستان ئامادە بکەن. [1]