ناونیشان: چێشتی سەربەخۆیی
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #03-02-2016#
یەکێک لەو بژارانەی بۆ کەمتربوونەوەی گوشاری دارایی سەر هەرێمی کوردستان لە بەردەم حکومەتی کوردستانە، ئەوەیە کە بگەڕێتەوە بەغدا. هەرچەندە ئەمە بژارەیەکی ئایدیاڵ نییە و ڕەنگە واقیعبینانەش نەبێت کە پێی ئومێدەوار بیت، بەڵام وا دەردەکەوێت تاقیکردنەوەی چانسێکی یەک لەسەتی باشتر بێت لە تاقینەکردنەوەی.
لەوەتەی ئێراق بودجە و مووچەی کوردستانی بڕیوە، شاندی کوردستان لە ساڵێکدا بەلایەنی کەمەوە جارێک بە سەرۆکایەتیی #نێچیرڤان بارزانی# چووەتە بەغدا. ئەنجامی هەر سەردانێکیش ڕێککەوتن بووە لەسەر لیژنە یان شاندی باڵا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. بەڵام هیچ شاندێک و هیچ لیژنەیەک نەیتوانیوە ئەو دەستەگوڵەی مالیکی ئاوی دا و عەبادی درێژەی پێدا بەرانبەر بە کوردستان، وەکوو خۆی لێبکاتەوە. بۆیە ڕەنگە خەڵکی کوردستان ناهەقیان نەبێت ئەگەر حەماسێکی وایان بۆ شۆپاندنی ئەو سەردان و هاتن و چوونانە نەمابێت.
باشووری کوردستان بە قەیرانێکی دارایی سەختدا تێدەپەڕێت. یەکێک لە چەندین هۆکانی درووستبوونی ئەو قەیرانە سیاسەتی توندی بەغدایە بەرانبەر #هەولێر#، بەڵام بەغدا بەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێت هاوکاریی ئەوەش دەکات کە ئابووریی کوردستان لەوە زیاتر زیانی پێنەگات. بۆ نموونە ئەگەر ئەو مووچەخۆرانە نەبن کە لەنێوەڕاستی ئێراقەوە ئاوارە بوون و ئێستا لە شارەکانی باشووری کوردستان بە ڕێکوپێکی مووچەکانیان بۆ دەنێردرێت، ڕەنگە هیچ مۆڵێک و ڕێستورانتێک نەتوانێت بەو کڕیارە کەمپارانەی کوردستان بژیت کە چەند مانگێکە مووچەیان وەرنەگرتووە. بەڵام وەک لە قسەکانی عەبادی لە کۆبوونەوەی ئەمجارەیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەردەکەوێت و ئەگەر قسەکە ڕاست بێت، لە مانگی چوارەوە ئەو چاڵەی بەغدا بۆ هەولێری هەڵکەندبوو، بۆخۆیشی تێیدەکەوێت.
بۆیە دیسان پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆچی سەرەڕای ئەوەی دەزانین ڕێککەوتنیش لەگەڵ بەغدا سوودی نابێت بۆ ئەوەی ئێراق سیاسەتی خۆی بەرانبەر کوردستان بگۆڕێت، کەچی شاندی کوردستان هەر دەچێت؟ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دووپاتی دەکاتەوە کە کوردستان لەجیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆر دەکات، بەڵام کاتێک کوردستان داوای پارە دەکات، چاوەکان دەچنەوە سەر بەغدا. ئەوەی لە ئەمریکاش بە شاندی کوردستان گوترابوو، هەر ئەمە بوو: ڕاستەوخۆ چەکتان نادەینێ، بەڵام لەوە دەکۆڵینەوە کە بەغدا پشکی ئێوەی داوە لەو چەکانەی وەریگرتووە یان نا. ڕەنگە لەئاییندەدا بۆ مەسەلەی قەیرانە داراییەکەش هەر هەمان شت بگوترێ: ڕاستەوخۆ یارمەتیتان نادەین، بەڵام لەوە دەکۆڵینەوە کە بەغدا پشکی ئێوەی داوە لە کۆمەکە داراییەکان بۆ شەڕی دژی تیرۆر یان نا. بۆیە چوونی شاندی کوردستان بۆ بەغدا و هەماهەنگی بۆ شەڕی مووسڵ، چەندە هەماهەنگیی ستراتیژی بێت بۆ شەڕی دژی #داعش#، ڕەنگە دوو هێندە هەماهەنگیی دارایی بێت بۆ دابەشکردنی کۆمەکەکان.
لە یەکەمین بەرنامەی (بەهێمنی) دا لە ڕووداو، زۆربەی میوانەکانم بەبێ دوودڵی دەیانوت دەبێ دەوڵەتی کوردستان هەر ئێستا ڕابگەیەندرێت، بەڵام هەموو ئاماژەکان، بە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانیشەوە بۆ بەغدا، دەریدەخەن جارێ چێشتی سەربەخۆیی ئاگری زۆرتری دەوێ بۆ ئەوەی بکوڵێت. [1]