ناونیشان: گۆڕان واقیعبین نییە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #15-02-2016#
پاش چاوەڕوانییەکی زۆر، بزووتنەوەی گۆڕان پڕۆژەکەی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی و سیاسی ئاشکراکرد. پڕۆژەیەک کە ڕەنگە زۆری دیکەی وەکوو منی تووشی شۆک کردبێت. چونکە هەرچەند لێکیدەدەمەوە نازانم بەو پڕۆژە ناواقیعبینانەیە چۆن چاکسازی دەکرێت. بۆیە شکم هەیە کە مەبەستی گۆڕان لە بڵاوکردنەوەی پڕۆژەکە گەیاندنی پەیامێک بێت: لە کوردستان گۆڕانکاری دەکرێت، بە مەرجێک لە پارتی و یەکێتی ڕاپەڕین.
ڕۆژ ڕۆژی پڕۆژە بڵاوکردنەوەیە. هەر حیزبێک دەگریت پڕۆژەیەکی بۆ چاکسازی پێیە. لەنێو هەندێک حیزبیشدا سەرکردەکانی بە بڵاوکردنەوەی یەک پڕۆژە دڵیان ئاو ناخواتەوە و هەریەکەیان بۆخۆی پڕۆژەیەک بڵاودەکاتەوە. پرسیار ئەوەیە: مادام هەموان پڕۆژەیان بۆ چاکسازی هەیە بۆ چاکسازی ناکرێت؟ وەڵامی کۆمیک-تراژیدیی پرسیارەکەش لە چیرۆکێکی کۆندایە:
ڕۆژێک ڕێبوارێکی پیسکە تووشی ڕێبوارێکی دیکەی ڕیوەڵەی برسی دەبێت، کە دەگریێت. کاتێک پرسیاری لێدەکات بۆ دەگریێی، وەڵام دەداتەوە: دوو ڕۆژە نانم نەخواردووە. کاتێک ڕێبوارە پیسکەکە ئەمە دەبیستێ، دەست دەکات بە گریان. ڕێبوارە برسییەکە دەبینێ ڕێبواری پیسکە کۆڵەپشتێکی پێیە، لێی دەپرسێ: ئەو کۆڵەپشتە چیی تێدایە؟ ئەویش دەڵێت: ئەمە نانە. برسییەکە بەپێکەنینەوە دەڵێت: کەواتە گریانی ناوێت، کێشەمان چارەسەر بوو. نانەکە دەخۆین و ناگریێین! ڕێبواری پیسکە وەڵام دەداتەوە: نا کاکە، من بۆ گریان لەگەڵتم، بۆ ناندان نا.
ڕاستییەکەی حیزبەکانی کوردستان لەو ڕێبوارە پیسکەیە دەچن. بۆ باوکەڕۆ و بڵاوکردنەوەی پڕۆژەی چاکسازی لەگەڵ خەڵکن، بەڵام هیچیان ئامادە نین کۆڵەپشتەکانیان بکەنەوە و نانەکە لەگەڵ خەڵک بەش بکەن، کە هیچ نەبێت تاوەکوو لەم میحنەتەی ئێستا دەردەچین، بەشی هەموان لەتە نانێکی تێدا دەبێت.
وەک سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی هەفتەی ڕابردوو لە کۆبوونەوەیەکدا باسیان کردبوو، سەرکردەکانی بزووتنەوەی گۆڕانیش بە ئەسەری ڕەجعی بەشدارییان کردووە لە کەڵەکەبوونی نانی نێو کۆڵەپشتی پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی دیکە. بەشداریش بوون لە درووستکردنی ئەو ڕەوشەی ئێستا تێیداین. دڵنیام دەشزانن ئەو پڕۆژەیەی پێشکەشیان کردووە نەک بە مانگێک و دوو مانگ بەڵکوو بە دوو دەیەش جێبەجێ ناکرێت، مەگەر بەوە نەبێت کە بە زەبری ڕاپەڕین و چەک هەردوو حیزبەکە لە دەسەڵات دەربکرێن. ئەمەش، وەک ئەوانیش باش دەزانن، نە بۆ ئێستا گونجاوە و نە بەهاری عەرەبیش هێندە ئەزموونێکی سەرکەوتوو بوو تاوەکوو ئیلهامی لێوە وەرگرین و دووبارەی بکەینەوە.
هەفتەی ڕابردووش نووسیبووم کە ئەمینداری یەکگرتوو دانی بەوەدا نا لەدوای 23ی حوزەیرانەوە هەموو حیزبەکان هەڵەیان کردوون و هەمووشیان بەخۆیاندا چوونەتەوە، بەڵام بەو پڕۆژەیەی گۆڕان بێت، هەست ناکەم ئەو بزووتنەوەیە گۆڕابێ. چونکە ناکرێ گۆڕان ڕووداوەکانی کەمتر لە حەوت مانگی ڕابردووی بیربچێتەوە و لەخۆی نەپرسێت: لە وڵاتێکدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسایەک قەیرانی سیاسی درووست بکات، چۆن دەکرێ بە کونفەیەکونێک و لە ڕێگەی پڕۆژەیەکەوە هەرچی لە ماوەی 25 ساڵدا بەهەڵە کراوە و کەڵەکە بووە، ڕاست بکرێتەوە؟ [1]