ناونیشان: هێڵە سوورەکان کاڵ دەبنەوە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #23-02-2016#
نێوەندی ستراتفۆری ئەمریکی، کە کۆمپانیایەکی لێکدانەوەی زانیارییە هەواڵگرییەکانە، پێشبینی دەکات پەیوەندییەکانی #هەولێر# و ئەنقەرە بەهۆی دوو گشتپرسییەوە کێشەیان تێبکەوێت، بەڵام ئەوەی ئەم ڕۆژانە پەکەکە لەسەر پەیوەندییەکانی هەردوو پایتەخت دەیڵێت و دەیکات، وادەکات ئەو دوورکەوتنەوەیە ڕوونەدات.
شیکەرەوەکانی ستراتفۆر باسی هەوڵەکانی بارزانی دەکەن بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی لەسەر سەربەخۆیی کوردستان و بەراوردی دەکەن بەو هەوڵانەی ئەردۆغان دەیدات بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی لەسەر دەستووری نوێی تورکیا، کە ئەگەر بە کامی دڵی ئەردۆغان بێت، دەیەوێ بەو گشتپرسییە سیستمی سەرۆکایەتی بچەسپێنێ. نێوەندە ئەمریکییەکە پێشبینی دەکات نە باشووری کوردستان بەرگەی پاوانخوازیی ئەردۆغان و تەدەخولی سەربازیی زۆرتری تورکیا لە باشووری کوردستان بگرێت و قبووڵی بکات، نە تورکیای چاخی سەرۆک ئەردۆغانیش ئەوە قبووڵ بکات کە دەوڵەتێکی کوردی لەسەر سنوورەکانی درووستبێت و ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەوانە تێیدا ببنە دەسەڵاتدار کە پشتیووانی لە پەکەکە دەکەن.
هەرچەندە ئەو لێکدانەوانە کوورتبینی و کەمزانیاریی شیکەرەوەکانی ستراتفۆر دەردەخەن، بەڵام هەڵبژاردنی ئەو دوو کەیسە بۆ بەراوردکردن هەڵبژاردنێکی لۆژیکییە. بەتایبەتیش کە هێشتا بیرمان نەچووە لە دەستپێکی شەڕی #داعش#دا چۆن ئەنقەرە بۆ هەولێری سەلماند کە هەندێکجار دەبێتە هاوڕێی نیوەی ڕێگە و لە تەنگانەدا بەجێیدەهێڵێت. بۆیە نابێ لە لێکدانەوەی ڕیکسەکانماندا ئەگەری تێکچوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە بە موستەحیل بزانین.
ڕەنگە هەبن بڵێن گشتپرسیی تورکیا لەسەر دەستوور پرسێکی نێوخۆیی تورکیایە و پەیوەندیی بە هەولێرەوە نییە. هەر ئەوانەش ڕەنگە بڵێن گشتپرسیی باشووری کوردستانیش دۆزێکی نێوخۆییە و پەیوەندیی بە ئەنقەرە و ئەردۆغانەوە نییە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە و ئەنجامی هەریەکە لەو گشتپرسییانە هەرچییەک بێت، کاریگەریی لەسەر ئەویدیکەیان و پڕۆسەی سیاسی لە هەردوو پایتەختدا دەبێت. ئەگەر لە گشتپرسیدا خەونی ئەردۆغان بۆ گۆڕینی سیستمی وڵات وەدی بێت، کە وەدیش دێت، ڕەنگە #هەدەپە# و ئۆجەلان بکەونە هەڵوێستێکی دژوارتر لەوکاتەی ئاکەپە، ئۆجەلان و هەدەپەی کردبووە موخاتەب و پڕۆسەی چارەسەری لەنێوانیاندا هەبوو. بەحوکمی ئەوەی حیزبەکانی باشووری کوردستانیش لەلایەکەوە سیاسەتێکی هاوبەشیان لەبارەی پارچەکانی دیکەی کوردستان نییە و لەلایەکی دیکەشەوە پۆپوولیستانە دوای شەپۆلی سۆزدارانەی شەقام دەکەون لە دەربڕینی هەڵوێستدا، بۆیە پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە (بە مەرجێک حکومەتی بنکەفراوان بمێنێ یانیش یەکێتی لە حکومەتدا بمێنێتەوە، کە دەمێنێتەوە) کاریگەریی ئەو گۆڕانەیان بەسەرەوە دەبێت.
بەپێچەوانەشەوە ئەنجامدانی گشتپرسی لە باشووری کوردستان، وەک لەژێر لێوەوە گوتراوە و درکێندراوە کە پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەبێت، ئەگەر پێش گشتپرسییەکەی تورکیاش بێت، وادەکات داشی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا لە دژی ئاکەپە و ئەردۆغان سوار بێت و بەوە تۆمەتباری بکەن کە بە بەرچاوی ئەوەوە دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی درووستدەبێت. بۆیە نائاسایی نابێ ئەگەر ئاکەپە و ئەردۆغان وتارێکی هەندێکجار تووند و دژی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستانیشیان هەبێت.
لەو نێوەندەدا هەڕەشەی پەکەکە و ڕازینەبوونی بەو پەیوەندییە وزەییەی لەنێوان هەولێر و ئەنقەرەدا هەیە هی لەسەروەستانە. چونکە بەداخەوە لە دوایین پارچەی پەزڵێک دەچێت کە چەند ساڵێکە وردەوردە پارچەکانی دەخرێنە تەنیشت یەک. سەرەتا بە دوژمنایەتییەکانی جەعفەری لە بەغداوە یەکەم پارچە پەزڵ دانرا، بەدوایدا مالیکی پارچەکانی دیکەی دانا و ئاغای عەبادیش بۆی تەواوکرد. ئێستا کۆی وێنەکە بەمشێوەیەیە: تا هەولێر لە ئەنقەرە نزیکتربێت، کەمتر بە گوشارەکانی بەغدا کاریگەر دەبێت.
ڕ لە سەربەخۆیی نزیکدەبێتەوە. بۆیە کاتێک پەکەکە پاساوی دژایەتیکردنی ڕێککەوتنە وزەییەکانی هەولێر و ئەنقەرە بەوە دەهێنێتەوە کە پارتی لێیان سوودمەندە، ناڕاستەوخۆ خزمەتێکی گەورە بە پارتی دەکات، چونکە دەیسەلمێنێت پڕۆژەی سەربەخۆیی باشووری کوردستان و دوورکەوتنەوە لە بەغدا پڕۆژەیەکی تەواو پارتییانەیە و هیچ حیزبێکی دیکە ڕۆڵی تێدا نەبووە و نییە.
هیچ لەسەر ئەوە ناڵێم کە بۆچی حیزبە بەشدارەکانی نێو حکومەتی بنکەفراوان، بە گۆڕانیشەوە کە ئەندامێتییەکەی هەڵپەسێردراوە، بە دەنگێکی دلێر بە پەکەکە ناڵێن بۆڕیی نەوتی کوردستان هێڵی سوورە و بەرژەوەندیی نیشتمانی و نەتەوەییە و نابێ تێکەڵی ململانێی حیزبایەتی بکرێت، بەڵام دەمەوێ ئەوە وەبیر پەکەکە و پارتی بهێنمەوە کە ئەگەر ئەوان ویستبایان دەیانتوانی ئەنجامی هەردوو گشتپرسییەکە وا لێبکەن هەم لە بەرژەوەندیی هەردوو پارچەی کوردستان بێت، هەمیش هەموو کورد لەسەری یەکدەنگ بن. ئێستا کە ئەمە ناکەن و پێشیانناکرێت، هیچ نەبێ دەتوانن ئەو هێڵە سوورانە نەبەزێنن کە بەرژەوەندیی نەتەوەیین و چەند ساڵێک بوو هەست دەکرا وردەوردە پڕڕەنگ دەبن. [1]